نۆكەندی سوێس نرخی تێپەڕبوون بەرزدەكاتەوە

نۆكەندی سوێس ڕایدەگەیەنێت، دەست بە بەرزكردنەوەی نرخی تێپەڕبوونی كەشتی دەكات بەڕێژەی 6% لە سەرەتای شوباتی داهاتووەوە.

ئوسامە ڕەبیع، سەرۆكی دەستەی نۆكەندەكە ڕایگەیاند، زیادبوونەكە سەرجەم كەشتییەكان دەگرێتەوە، جگە لە دوو جۆر نەبێت.

وتیشی، “هیچ زیادەیەك ناكرێتەسەر كەشتیی گەشتیاری، بەهۆی ئەوەی كەرتەكە بەهۆی كۆرۆناوە تائێستا دەناڵێنێت”.

هەروەها تێپەڕبوونی كەشتییەكانی هەڵگری غازی سروشتی-ش ناگرێتەوە، “بەهۆی ئەوەی لەم مانگەوە نرخی ئەوان بەڕێژەی 10% زیادكراوە”.

ڕەبیع ئاماژەی بەوەشكرد ئەو زیادكردنە یەكەمی لەو جۆرەیە لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، لەكاتێكیشدایە كەرتی گواستنەوەی دەریایی برەوێكی زۆری هەیە.

بەپێی وتەی سەرۆكی دەستەكە ئەو زیادكردنە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا داهاتی دەبێت.

ئاشكراشیكرد، بڕیارەكە پاش پێداچوونەوە بووە بە ڕاپۆرتە خولی و ئەو ڕێنوێنییانەی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڵاوكراوەتەوە كە ئاماژە دەدات بەوەی گەشەكردن هەیە لەبواری ئابوریی جیهانی بەڕێژەی 6%، سەرەڕای بەردەوامی گەشەی جوڵەی بازرگانیی جیهانی و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر گواستنەوەی دەریایی بەڕێژەی 7%، جگەلە هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ بازاڕ و ئەو قەرەباڵغییەی لە نۆكەندی سوێس-دا هەیە.

بەرپرسی دەستەی نۆكەندەكە ئاماژەی بەوەشكرد، “دوای ئەوەی نرخی گواستنەوە و شمەك زیادیكرد، پێویستە ئێمەش پشكی خۆمان ببەین، بەهۆی ئەوەی دەمانەوێت خزمەتێكی نایاب پێشكەش بكەین و پەرە بە دەستەكە بدەین و یەكەی نوێی بۆ بهێنین”.

لە نۆكەندی سوێسەوە 10%ی نەوتی خاوی جیهانی دەگوازرێتەوە و نزیكەی 12%ی جوڵەی بازرگانیش لەو نۆكەندەوەیە.

نۆكەندی سوێس ڕێڕەوێكی ئاویی دەستكردی دوو ئاراستەیە لە میسر، درێژییەكەی 193 كیلۆمەترە و هەردوو دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور پێكەوە دەبەستێتەوە. بە خێراترین ڕێڕەویی دەریایی نێوان ئەوروپا و ئاسیا دادەنرێت.

بونیادنانی نۆكەندەكە 10 ساڵی خایاندووە (1859- 1869) لە هەڵكەندنیدا نزیكەی یەك ملیۆن كرێكاری میسری كاریان تیاكردووە، زیاتر لە 120 هەزاریان لەكاتی هەڵكەندنەكە لە ئاكامی برسێتی، تینوێتی، پەتا و مامەڵەی خراپ گیانیان لەدەستداوە