بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی دراوە ئەلیكترۆنیەكانەوە هۆشداری دەدات

بانکی ناوەندی عیراق ھۆشداریدا لە مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەھۆکاری نەبوونی ھیچ یاسایەک و چاودێرییەکی یاسایی و ھونەری.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تشرینی دووه‌م، بانکی ناوەندی عیراق راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، بانکی ناوەندی لە نزیکەوە و بەوردی چاودێری مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکات لە ناوخۆی وڵاتدا.

دەشڵێت، بەھۆی نەبوونی ھیچ رێکخستنێک و یاسایەک و چاودێریکردنێکی یاسایی و ھونەری لە عیراقدا، مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە مەترسییان لەسەرە.

بەگوێرەی راگەیانراوەکەی بانکی ناوەندی، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە بازاڕەکانی جیھاندا و نەبوونی یاسایەک بۆ رێکخستن و پاراستنییان لەناوخۆیی وڵاتدا، کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر ئەو ھۆکارانەی ئاماژەیان پێدراو و بەھۆکاری ئەوەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان پارێزەرێکی یاساییان نییە و تەنانەت ئەوانەشی مامەڵەیان پێوەدەکەن لە روی یاساییەوە رێگەپێدراونین و ھیچ یاسایەکیش نییە پارێزگارییان لێبکات، بانکی ناوەندی ھۆشداریدەدات لە مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕپێکردنی ئەو جۆرە دراوانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەکارھێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و لە نێویشیاندا بتکۆین لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی جیھانەوە رووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر روو لەبەکارھێنانی بکەن.