لەکوردستان چی کراوە بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی خۆراک؟

ئا: زریان محەمەد

دکتۆر بڕوا خالید، لەکۆلێژی زانستە ئەندازیاریە کشتوکاڵیەکانی زانکۆی سلێمانی‌و پسپۆری بواری خۆراک لەم گفتوگۆیەی “بازرگانی‌و پیشەسازی”دا دەڵێت “بۆ پیشەسازی خۆراک تەنها کردنەوەی کارگە سەرکەوتوو نابێت، گەر پلانی وردی بۆ دانەندرابێت‌و خوێندنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی نەکرابێت”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئاسایشی خۆراک چییە؟
د. بڕوا: ئاسایشی خۆراک بریتیە لەبونی توانای ئابوری‌و کۆمەڵایەتی‌و فیزیایی بۆ دەستکەوتنی خۆراک لەهەر کات‌و ساتێکدا بەمەرجێک خۆراکێکی تەندروست‌و سەلامەت‌و بە بەها بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی تەندروست.

بازرگانی‌و پیشەسازی: لەهەرێمی کوردستان چی کراوە بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی خۆراک؟
د. بڕوا: لەهەرێمی کوردستان بەئامارو داتای زۆر ورد هیچمان بەردەست نیە کە چەند کارگەو پڕۆژەو بەنداوو کێڵگە بنیاتنراوەو چەند زەوی کشتوکاڵی ساغ کراونەتەوە یان کێشەکانیان چارەسەر کراوە، یاخود چەند پڕۆژەش شکستی هێناوە، بەڵام ئەوەی ڕۆژانە دەیبینین‌و گوێمان لێدەبێت کە چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی‌و بەنداوو کارگە دەکرێنەوە، ئەگەر ئەمانە بەردەوام بن‌و پاڵپشتی ناوخۆیی هەبێت‌و تەنها دانانی بەردی بناغە نەبێت، ئەوا لەساڵانی داهاتودا کاریگەری بەرچاوی دەبێت‌و لایەنی پەیوەندیدار کە حکومەتە گەر گەشتبێتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە بودجەیەکی باشترو زیاتر لەوەی ئێستا بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابین بکات‌و گرێبەستی ئاست بەرز لەگەڵ وڵاتانی گەشەسەندووی کشتوکاڵی بسازێنێ‌و سوود لەتوانا مرۆییەکانی بواری کشتوکاڵ وەرگرن لەناوخۆدا، بەمەرجێک هەر پڕۆژەیەک کە دەکرێت پێویستە بنچینەی زانستی هەبێت‌و سوود لەئەزمون‌و تێزی ماستەرو دکتۆرای کۆلێژە کشتوکاڵیەکان وەربگیرێت.

بازرگانی و پیشەسازی: تا چەند پشتیوانی لەکەرتی کشتوکاڵ کراوە بۆ بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆ؟
د.بڕوا: بۆ پشتیوانی لەکەرتی کشتوکاڵی‌و بەرهەمی ناوخۆ هەندێک کار کراوە وەک ساغکردنەوەی بەرهەم بەڕێژەیەک‌و ڕاگرتنی نرخ‌و کردنەوەی فستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەڵام ئەمانە چارەسەری کاتین پێویستە چارەسەی ڕیشەیی‌و بنەڕەتی هەبێت بۆ پاڵپشتی کردنی بەرهەمی ناوخۆیی. کە ئەمەش بەدوو ڕێگا دەبێت یەکەم، ئەرکی سەرشانی خەڵکە واتا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بڕوایان بە بەرهەمی ناوخۆیی خۆمان هەبێت لەکاتی پێگەیشتن‌و خستنە بازاڕی بەرهەمەکە بەئەرکێکی سەرشانی خۆیان بزانن بیکڕن‌و بەکاریبهێنن، من زۆرجار ئەوەم وتووە کە باشترین جۆری کوردایەتی پاڵپشتیکردنی جوتیارە بەکڕین‌و ساغکردنەوەی بەرهەمەکەی. دووەم، ئەرکی سەرشانی حکومەت‌و لایەنی پەیوەندیدارە کە هەندێک بابەت هەیە باشترە بەیاسایی بکرێت‌و لەپەرلەمانەوە یاساو ڕێنمایی بۆ دەرکەن بۆ پاڵپشتیکردن، بۆ نمونە لەکاتی زۆربونی هەر بەرهەمێکی خۆراکی لەناوخۆدا پێویستە ڕێگا بەهاوردەکردنی هاوشێوەکەی نەدرێت لەژێر هیچ فشارێکدا لەوڵاتانی دراوسێوە، یان یاسایەکی تایبەت بەپێدانی قەرزی درێژخایەن‌و کورتخایەن یان دابینکردنی کەل‌و پەل‌و ئامێری کشتوکاڵی سەردەمیانە بەشێوەی قیستی درێژخایەن، تێچوەکان‌و سودەکان لەجوتیارو ئاژەڵدارو خاوەن پڕۆژە وەربگیرێت‌و بەڕێنمایی دیاری بکرێت کە پێویستە بەردەوام لەلایەن زانکۆکانی کە کۆلێژی کشتوکاڵییان هەیە خولی زانستی بۆ جوتیاران‌و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵیەکان‌و خۆراکیەکان بکرێنەوە هەروەها بەگەڕخستنی توانا مرۆییەکان لەناو بەڕێوەبەرایتیە کشتوکاڵیەکان، بۆ نمونە دانانی وێستگەی کشتوکاڵی لەگوندەکان، هەر ١٥ بۆ ٢٠ گوندو وێستگەیەکی کشتوکاڵی هەبێت بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ڕۆژانەو هەفتانەو وەرزیانەی کشتوکاڵی وەک شیرو شیرەمەنیەکان یان بکرێتە وێستگەی لەقتوونان‌و پێچانەوەو بەستەکردن، بەتایبەت ئەگەر حکومەت‌و وەزارەتی کشتوکاڵ بەشێک لەکارگەکانی خۆراک‌و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لەژێردەستی خۆیاندا بێت‌و سەرپەرشتی بکات، کە من بڕوام وایە حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی کشتوکاڵ کارێکی هەڵە دەکەن کە کەرتی کشتوکاڵی ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکەن، چونکە ئەگەر ئیرادەو ئیدارە هەبێت‌و چاودێریەکی باشی هەبێت، حکومەت خۆی ئەتوانێت بەرهەمهێنان بکات لەسەرجەم بوارە کشتوکاڵیە جیاوازەکان‌و کەرتی کشتوکاڵ بەتەواوی ببوژێنێتەوەو هەزاران هەلی کارو ئیش بدۆزنەوە بۆ گەنجەکانمان‌و دەرچوانی کۆلێژەکان.

بازرگانی‌و پیشەسازی: تا چەند گرنگی دراوە بەپیشەسازی خۆراک؟
د.بڕوا: پیشەسازی خۆراک لەسەرەتای لەدایکبونیەتی لەکوردستاندا، هەندێک کارگەی پچوك‌و مامناوەند هەیەو بڕیارە کارگەی گرنگ‌و ستراتیژی وەک ئارد‌و شەکر بکەونە بەرهەم هێنان، بەڵام تەنها کردنەوەی کارگە سەرکەوتوو نابێت گەر پلانی وردی بۆ دانەندرابێت‌و خوێندنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی نەکرابێت. ئەوەتا چەندین کارگەی شیرەمەنی کراونەتەوە، بەڵام لەجیاتی بەکارهێنانی شیری فرێش شیری پاودەر بەکاردەهێنن، چونکە خوێندنەوەی وردیان نەبووە کە پێش دروستکردنی کارگەکە چی بکەن‌و لەکوێ دابندرێت‌و چۆن کێبڕکێی بەرهەمی هاوردە بکەن‌و چەند هێڵی بەرهەم هێنانی هەبێت، لەکوێ کارگە دابنرێت‌و لە کوێ دانەنرێت، بۆیە دانانی کارگە پلانی زۆر وردو شارەزایی دەوێت بەتایبەت لەناو وەزارەتەکانی کشتوکاڵ‌و پلاندانان. ئاگادار نیم کەبەڕێوبەرایەتی گشتی پیشەسازیە خۆراکیەکان هەبێت، کە کاری زۆری هەیە هەر لەهاوردەکردن‌و ناردنە دەرەوەی شتومەکی خۆراکی تا دەگاتە کارگە خۆراکیەکان‌و پیشەسازییان بەدەستی بەکاربەر دەبێت لەژێر چاودێری ئەم بەڕێوبەرایەتیە بێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێت بە خاوەنی بەرهەمی خۆراکی خۆی؟
د. بڕوا خالید: کوردستان بەبوژاندنەوەی زەویە کشتوکاڵیەکان‌و دابینکردن‌و مشورخواردنی سەرچاوەی ئاو پاڵپشتیکردنی جوتیاران‌و دابینکردنی بودجەی پێویست‌و بەزانستیکردنی کشتوکاڵکردن‌و ئیرادەی کاربەدەستان‌و هۆشیاری خەڵک ئەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمی ناوخۆی خۆی‌و بگرە هەندێک بەرهەم بنێردرێتە دەرەوە بەبەردەوامی. بۆ هەر یەکێک لەوانەی وتومە ڕەهەندو شرۆڤەو پلانی خۆی هەیە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کێشەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک لەهەرێم چین؟
د.بڕوا: کێشەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک کەم نین، وەک:
١- نەبونی داتا‌و ئاماری ورد بۆ دانیشتوان‌و ڕێژەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان‌و ڕێژەی هاوردەکردن‌و ڕێژەی بەفیڕۆچون لەبەرهەمە کشتوکاڵیەکان.
٢- هەبون یان نەبونی کەرەستەی خاو بەدرێژایی ساڵ.
٣- سنوردارنەکردنی بەرهەمی هاوردە‌و نەتوانینی کێبڕکێ.
٤- نەبونی زانیاری پێویست‌و ورد لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنان بەڕێگای مۆدێرن‌و بەرزکردنەوەی کواڵێتی.
٥- لاوازی پاڵپشتیکردن‌و دەستگیرۆیی جوتیاران.
٦- لاوازی کوالێتی‌و پاکێجکردن‌و هەڵگرتن‌و پاراستنی زۆربەی بەرهەمه ناوخۆیەکان.
٧- کەمبونەوەی پیشەی جوتیاریی‌و کشتوکاڵ کردن.
٨- کێشەی دارایی‌و بەهرەی کارگێڕی.
٩- سوود وەرنەگرتن لەتوێژینەوەی زانکۆکان.
١٠- چارەسەر نەکردن‌و نەبونی پلان بۆ ئاگر کەوتنەوەو نەخۆشیە کشتوکاڵیەکان.
١١- لەهەمووی گرنگتر کێشەی ناجێگیری سیاسی لەناوچەکەدا‌و کەمبونی ئاو‌و وشکەساڵی.
ئەمانە‌و دەیان هۆکاری تر کێشەن لەبەردەم بوونی ئاسایشی خۆراك.

بازرگانی‌و پیشەسازی: زانکۆکان لەکەرتی کشتوکاڵ‌و پیشەسازیدا توانیویانە کەسانی پێویست بۆبازاڕ دابین بکەن؟
د.بڕوا: پێمخۆشە کە ئەم بابەتە باس دەکەیت، لەهەر پارێزگایەکی هەرێم ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری کۆلێژە کشتوکاڵیەکان خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام کەمێکیان کاریان لەپسپۆڕیەکەی خۆیاندا دەستدەکەوێت. ئەوەی لەسەر زانکۆکانە پێدانی زانست‌و زانیاری تیۆری‌و پراکتیکیە بۆ ئەم خوێندکارانە، خوێندکاریش بەشێکیان مەبەستیانە تەنها بڕوانامەی زانکۆ بەدەستبهێنن، بەڵام بەشێکی کەمیشیان حەزیان لەکارکردن هەیە لەبوارەکەی خۆیان ئەوانیش دەرفەتیان نیە، بۆ نمونە ئەیەوێت لەبواری کوالێتی کۆنترۆڵدا کار بکات، دانامەزرێن یان لەناو کارگە خۆراکیەکاندا بێت، بەڵام کارگەکان زۆر گەورە نین‌و پێویستیان بەژمارەیەکی دیاریکراو خەڵک هەیە کە ئەوانیش کەسی نزیکی خۆیان دائەنێن. ئەگەر دەرچوەکان بیانەوێت خۆیان پڕۆژەیان هەبێت ڕەنگە دەستگیرۆی‌و پاڵپشتی گرەنتییان نەبێت بۆ سەرکەوتن، بۆیە لێرەدا گرنگە بیر لەچارەسەر بکەینەوە بۆ خستنە سەرکاری ئەم خوێندکارانە بەمەرجێک لەژێرچاودێری کەسانی بەئەزموندا بن. لەسەرەتاوە بۆیە ئاماژەم پێدا هەڵەیە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت بەکەرتی تایبەت چونکە حکومەت ئەتوانێت سوود لەم توانا مرۆییە ببینێت کە خۆی بودجەی خەرجکردوە بۆ پێگەیاندنی، واتا خوێندکارێک چوارساڵ لەکۆلێژێک دەخوێنێت‌و حکومەت پێیدەگەیەنێت، بەڵام دواتر فەرامۆشی دەکات‌و سوودی لێنابینێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ‌و زانکۆکان هەماهەنگی تەواویان هەبێت بۆدانانی پڕۆژە‌و خستنە سەرکاری خوێندکاران بەگرێبەست یان پشک یان هەرجۆرێکیتر کە خوێندکار هەست بەبڕوابەخۆبوون بکات‌و دوور نەکەوێتەوە لەپسپۆڕیەکەی. بۆ بەشێکی تری پرسیارەکەت، زانکۆکان بە بەردەوامی لەسەر ئاستی بوارە جیاجیاکان‌و توێژینەوەو بیرۆکەو تێزی ماستەر‌و دکتۆرا بەرهەمدەهێنن کە هەر یەکێک لەوانە چارەسەری کێشەیەک دەکات، پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش هەبێت لەنێوان وەزارەتەکان‌و زانکۆکان‌و بەڕێوەبەرایەتیەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشە خۆراکی‌و کشتوکاڵیەکان‌و دانانی میکانزمی گونجاوو پلان‌و بەزانستیکردنی کشتوکاڵ، بەتایبەت ڕاوێژکارەکان پێویستە لەهەموو کەس زیاتر بەدواداچون‌و هەماهەنگیان هەبێت بۆ ئەو بابەتانە. لەئێستادا زانایان لەجیهاندا باس لەمەترسی گرانبونی خۆراک‌و کەمبونەوەی بەرهەمهێنان دەکەن، پێویستە هەرێمی کوردستان پلان‌و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێت‌و سوود لەو سەرچاوانە وەربگرێت کە ئاسایشی خۆراک بەهێز دەکەن.