لەساڵی ٢٠٢١دا ٣ ھەزارو ٥٨٨ تۆن‌ بارە خۆراک‌و کالای بەسەرچوو لەمەرزی باشماخ دەستی بەسەردا گیراوە”

ئا: رێژەن سەردار

لێپرسراوی کەرەنتینەی کشتوکاڵی باشماخ‌و سەرپەرشتیاری کەرەنتینە کستوکاڵییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەھێز عەبدول لەتیف محەمەد لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “من جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە دەبێت پشکنین بۆ سەوزەو مێوە بکرێت، سەرجەم مەرزەکان گەڕاوم ئەو پشکنیانەی دەکرێت من بەدڵم نیە”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو پشکنینانە چین کە لەکاتی ھاوردەکردنی سەوزەو میوە لەمەرزی باشماخ ئەنجام دەدرێن؟
بەھێز عەبدول لەتیف: ئێمە وەکو بەشی کەرەنتینەی کشتوکاڵی مەرزی باشماخ ماوەی ١٣ ساڵە کار بەگوێرەی ڕێنماییەکانی حکومەتی ھەرێم دەکەین‌و بەشەکەمان یەکێکە لەبەشە چالاکەکانی مەرزەکە، ئەو بابەتە کشتوکاڵیانەی لەڕێگەی مەرزەکەوە ھاوردە دەکرێت بەتایبەتی سەوزەو میوە لەژێر چاودێری ئێمەدایە، تەنھا پشکنین بۆ ئەو بەرھەمانە دەکەین کە نەچونەتە پیشەسازییەوەو بە فرێشی ھاوردە دەکرێن. بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ ژمارەیەک لەسەوزەو میوەکان باجی ئەخرێتە سەرو کۆمەڵێکی تر ڕێگە بەھاوردە کردنیان نادرێت بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی بەرھەمی ناوخۆ کە بەرھەمی ناوخۆ کەم بوەوە وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغە کردنی ھاوردەکردنیان لادەبات تاکو لەبازاڕەکانی کوردستان گرانی دروست نەبێت. ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەوزەو میوە ھاوردە بکەن کۆمەڵێک ڕێنمای ھەیە دەبێت جێبەجێی بکەن، وەکو ھەبوونی کۆمپانیایی کشتوکاڵی یان شوێنکار لەعەلوەی سلێمانی، لەکاتی ھاوردەکردنی سەوزەو میوە بەگشتی پشکنینی فیزیایی بۆ دەکرێت، سەیر دەکەین بزانین لەناو چیدا پاکێجینی بۆ کراوە؟ سندوقەکەی تەختەیە یان پلاستیک یان تەپەدۆر؟ بۆ ئەمەش ڕێنمایی تایبەتمان ھەیە، بۆ نمونە ڕێگە نادەین سێو لەناو سندوقی تەختە ھاوردە بکرێت، یان پەتاتە نابێت لەناو گوێنی داخراو بێت، ئەبێت شەبەکە بێت، نابێت پەتاتە خۆڵی پێوە بێت، ئەبێت جوان شۆرابێتەوەو پاکرابێتەوە لەبەرئەوەی خۆڵی پێوە بێت زوو چەکەرە دەکات‌و خراپ دەبێت.

پشکنینی فیزیایی ڕەنگ‌و بۆن‌و تام‌و کێش‌و قەبارەی بەرھەمەکان دەکرێتەوە. پشکنینی مێروشمان هەیە، کاتێک مێرو لەوڵاتێکدا بڵاودەبێتەوە ئێمە ڕێگە نادەین بەرھەمی ئەو وڵاتە هاوردەی کوردستان بکرێت، ئەگەر پەتاتەیەک یەک مێروی پێوە ببینین لەکاتی پشکنینی رەتی دەکەینەوەو ڕێگە نادەین ھاوردە بکرێت، ئێمە کێشەکانمان لەگەڵ ئێران سێوو شوتییە، ھەمیشە ڕێنمایی ھاوڵاتیان دەکەین میوەکان لەوەرزی خۆیاندا بخۆن نەک لەوەرزەکانی تردا، چونکە ئەو شوتیەی لەوەرزی زستاندا لەبازاڕەکاندایە بەنیترات‌و سەمادو دەرمان بەرھەمھێنراوە ئەمەش کێشەیە بۆ ئێمە، لەبەر قەبارەو ڕەنگی شوتییەکان ئاسایی نیە، ڕەنگ‌و تامی گۆڕاوە ناچارین ڕەفزی بکەین بۆیە زۆربەی ئەو بارانەی رەفز دەکرێن شوتی‌و سێون، بەڵام خۆشبەختانە لەساڵی ٢٠٢١ کەمتر بوو، ھۆکارەکەشی نادیارە. کێشەیەکی ترمان پیازو سیرە کە بەھۆی خراپ کۆگاکردنەوە کەڕوو دەکەن، ئەمانەش ڕەفز کراون. بابەتێکی دیکە وشکەیە کە بریتییە لەچەرەسات‌و بەھارات‌و باقلەمەنیەکان‌و ھەنگوین ئەگەر چوبێتە کارگەکان پەیوەندی بەئێمەوە نیە، ئەگەر بەفرێشی بێت ئێمە پشکنینی فیزیایی بۆ دەکەین لەگەڵ پشکنینی مێروو. بابەتێکی دیکە عەلەفە کە دەبێت شەھادەی مەنشەو شەھادەی تەندروستی‌و لەیبڵی تەواو بێت‌و پێنج مانگی مابێت بۆ بەسەرچوون، ئەم بەشە زیاتر کێشەی ڵەیبڵی ھەیە، ئەگەر کێشەی نەبوو دەینێرین بۆ کۆمپانیای ڕەزگە پشکنینی بۆ دەکەن کە دەبێت لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراق گونجاو بێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: باست لەپشکنینی فیزیایی کرد ئەی پشکنینی نیترات‌و مایکرۆ بایلۆجی لای ئێوە ناکرێت؟
بەھێز عەبدول لەتیف: لەڕێگەی کۆمپانیای ڕەزگەوە پشکنینی بەکترۆلۆجی‌و کیمیایی‌و لەیبڵ بۆ بەرھەمەکان دەکرێت، ئەوان بڕیار دەدەن بەرھەمەکە شیاوە بۆ خواردن یان نا.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بنەتۆو ھاوردە دەکرێت؟
بەھێز عەبدول لەتیف: نەخێر بەگوێرەی یاساکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق‌و کوردستان ھاوردەکردنی بنەتۆو قەدەغەیە، تەنھا لەدەروازەی سنوری ئیبراھیم خەلیل‌و فڕۆکەخانەکانی ھەولێرو سلێمانی‌و بەغدا ھاوردە دەکرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕێنمایەکانتان چییە بۆ ھاوردەکردنی سەمادو قڕکەرو بۆتاس؟
بەھێز عەبدول لەتیف: قڕکەر بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە ھاوردە بکرێت، لیژنەیەکی تایبەت بەقڕکەر ھەیە لەبەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی کە سەرپەرشتی‌و چاودێری دەکات، لای ئێمەوە قڕکەر بەھیچ شێوەیەک نایەت، بێتە مەرزەکەش دەیگرین‌و دەیگەڕێنینەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی ھاتووە، چونکە قڕکەر مەترسیدارە بۆ ژیانی مرۆڤ، حکومەتی عێراق ساڵانە لیستیک دەردەکات لەبارەی ئەو قڕکەرانەی مەترسین بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، ھەر کەسێک بیەوێت قڕکەر ھاوردە بکات دەبێت مۆڵەت لەحکومەتی عێراق وەربگرێت. ڕۆژانە دەست بەسەر باری قاچاخدا دەگرین کە دەیانەوێت قڕکەر بەنایاسایی ھاوردەی کوردستان بکەن کەھۆکاری یەکەمن بۆ توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بەپێی زانیارییەکان پەتاتەی ئێرانی ڕێژەی نیتراتی زۆرەو لیمۆی تورکیش لەولاتانی ئەوروپا ڕەفز کراوە لەبەر تەندروست نەبونی، بەڵام ئێستا ھەناردەی کوردستان‌و عێراق دەکرێن ئەمە تا چەند ڕاستە؟
بەھێز عەبدول لەتیف: زۆربەی ئەم دەنگۆیانە لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە نیە، لیمۆی تورکی بەڕێژەیەکی کەم دێت بەڵام ئێران دەیکاتە کیسەی ئێرانی‌و دەڵێن بەرھەمی ئێرانە، لای ئێمە لەپشکنین دەرچوە، ھەندێک تەنھا کێشەی بەستەبەندی ھەیە، ڕێنماییان پێدەین. ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان ئێستا ئێمە تەنھا پشکنینی فیزیایی بۆ دەکەین، لەگەڵ کۆمپانیای ڕەزگە گفتۆگۆمان کردوە داواکارین لێیان سەوزەو میوە بکەنە پشکینی تاقیگەوە، تا مادەو پێکھاتەکانی سەوزەو مێوە بەوردی بزانین، بەکوردی‌و کورتیەکەی دەبێت سەوزەو میوە پشکنینی تاقیگەی بۆ بکرێت بەستانداردە جیھانییەکان، زۆر پێویستیشە پشکنینی ورد بۆ ئەو سەمادو دەرمانە کشتوکاڵییانە بکرێت کە نوسینگە کشتوکاڵیەکان ھاوردەی دەکەن، چونکە ئەوەش وەکو سەوزە میوە وایە دەدرێتە جوتیاران‌و لەرێگەی بەرھەمی جوتیارانیشەوە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، ھەوڵ دەدەین بەزوترین کات ئەم پشکنینانە بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: چ شتێک ڕێگرە لە ئەنجامدانی ئەو پشکنینانە؟
بەھێز عەبدول لەتیف: ئەو پشکنینانە کاتی دەوێت، کاتژمێریک یان دوو کاتژمێر جاری واھەیە ڕۆژێک دەخایەنێت، شۆفێران کێشەی سەرەکین‌و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان ناکەن، ئێستا بۆ پشکنینی فیزیایی کە ٢٠ خولەکی دەوێت شۆفێر دەیکات بەھەرا، جا وەرە پشکنینی تاقیگەی بۆ بکەو بارەکەشی ڕەفز بکرێت، ئەم کارە ھاوکاری‌و ھەماھەنگی چەند وەزارەتێکی حکومەتی ھەرێمی پێوستە دەبێت میکانزمێک دابنێن. من خۆم لەوڵاتی ئوردن خولم بینیوە، لەوێ بەتوانایەکی زۆر کەم‌و پێداویستی سادە توانیویانە کوالێتییەکی باش بۆ خۆیان دابنێن. من جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە دەبێت پشکنین بۆ سەوزەو مێوە بکرێت، سەرجەم مەرزەکان گەڕاوم ئەو پشکنیانەی دەکرێت من بەدڵم نیە، لەئێستادا پشکنینی برێکست ئەکرێت کە شتێکی سادەیە، پێویستە پشکنینی جینات بۆ سەوزەو میوە بکرێت لەگەڵ پشکنینی کیمیایی‌و ڕێژەی نیترات.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو سەوزەو میوانەی لای ئێوە لەپشکنین دەرناچن چی لێدەکرێت؟
بەھێز عەبدول لەتیف: ھەر بارێک لەپشکنینی فیزیایی دەرنەچێت خاوەنەکەی بانگ دەکەین پێیدەڵێن دەیگەرێنیتەوە یاخود لەناویدەبەی، خۆشبەختانە زۆربەی دەگەڕێنرێتەوە، ئەگەر بڵێت لەناوی دەبەم ڕسوماتی لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەمە باش نیە بۆ ژینەگەو مەترسیشە بۆ سەر ژیانی ئەو کارمەندەی لەناویدەبات، لەڕووی کشتوکاڵیشەوە کێشەیە زۆرجار مێرویەک لەکاتی لەناوبردنی دەربچێت زیانی گەورە لەکەرتی کشتوکاڵ دەدات، جاری واش ھەیە خاوەن بارەکان ناچار دەکەین بارەکە لەناوبەرێت لەبەرئەوەی دەیباتەوەو بەبارھەڵگرێکی تر ئەیھێنێتەوەو دووبارە دەستی بەسەردا دەگرینەوە ئەمە کێشەیە بۆمان، یان زۆر جار گازو مادەی قڕکەر کە ھەوڵ دەدرێت بەقاچاخ لەناو باری سەوزەو میوە ھاوردە بکرێت کە دەستی بەسەردا دەگرین سەوزەو میوەکەش ناچارین لەناوبەرین، چونکە ئەگەر ئەو مادەیە بەری کەوتبێت مەترسییە بۆسەر ژیانی مرۆڤ، لەساڵی ٢٠٢١دا ٣ ھەزارو ٥٨٨ تۆن‌و ١٤٥ کیلۆ بار لەمەرزی باشماخ ڕەفز کراوە. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە داماوترین فەرمانگەی حکومەتی ھەرێمین، ١٣ ساڵە لەناو کابینە کارەکانمان ڕایی دەکەین، لەم شەوە ساردانەی زستان کارەبا دەکوژێتەوە ئێمە لەناو کابینەداین، قورسترین ئەرک‌و پر سەرئێشەترین ئەرکمان لەسەر شانە، ھەمیشە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیمان هەیە، لیژنەی وەزارەتی دارایی سەردانی کردوین پێمانوتون وەزعمان ئاوایە گوێیان نەداوینەتێ، پێمان پێکەنیون‌و نایەن بە دەمانەوە، کارمەندمان ھەیە تەمەنی ھەیە لەکاتی ئەرکدا لەسەر بارھەڵگر کەوتۆتە خوارەوە بەدەفتەرێک دۆلار کە قەرزی کردوە، قاچی چاک نەبۆتەوە.