سیستمی یەک پەنجەرە

شەن جەزا

کاتێک ئاوڕ لەڕابردو ئەدەینەوە بۆ داهاتوش ئەڕوانین هەست بەوە ئەکەین مرۆڤ بەردەوام لەهەوڵی پێشکەوتن‌و ئاسان کردنی کایەکانی ژیاندایە، دیارە لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانیدا بەڕێوەبردن‌و کارگێریش بوەتە سیستم، هەربۆیە ڕاستەوخۆش پەیوەست ئەبێتەوە بەتاکی کۆمەڵەوە، ئاشکرایە تاک بەتاکی کۆمەڵ بۆ ئەوەی بەفەرمی ببەسترێ بەسیستمی وڵاتەوە، پێویست ئەکات کە بەجۆرێک لە جۆرەکان تۆمار ببێت لەسیستمی وڵاتدا، هەر لەتۆمار کردنی شوناسنامەی هاوڵاتیبونەوە تا دەگات بەگشت کاروبارێکی فەرمی.

هاوڵاتی پێویستی بەسەردانکردنی فەرمانگەکانی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیەتی بۆ بەڕێکردنی مامەڵەو پێداویستیە فەرمیەکان وەک: شوناسنامە، پاسپۆرت، لەدایکبون‌و مردن کاروباری بانکی، تۆماری خاوەنداری‌و موڵکایەتی زۆری تریش هەروەها کاروباری بازرگانیش لەم پرۆسانە بەدەر نیە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەست ئەبێتەوە بەژووری بازرگانی‌و پیشەسازیەوە.

لەکۆی ئەم باسەدا ئەتوانین بڵێین پێشکەوتن بەردەوامە تا ئاستی ئاسان کردنی ڕێڕەوی مامەڵەکان‌و نەهێشتنی بیرۆکراتیەت‌و کورتکردنەوەی کات‌و بنەبڕکردنی گەندەڵی، هەروەها نەهێشتنی ئاستەنگی مامەڵەی هاوڵاتیان، لە سەرجەمی ئەم هەوڵانەدا سیستمی یەک پەنجەرە هاتۆتە کایەوە کە بۆ ئەمڕۆی ئێمە گونجاوو لەبارە لەبەر ئەم تایبەتمەندیانە:

١/ کورت کردنەوەی کات‌و زوو ڕایی کردنی مامەڵەی هاوڵاتیان‌و بنەبڕکردنی بیرۆکراتیەتی کارگێڕیی.

٢/ گفتوگۆکردن‌و پەیوەندی بەتەنها کارمەندێکەوە، کە پێماندەڵێت مامەڵە کردن لەگەڵ یەک کەس یان یەک کارمەنددا ئاسانترە لەچەند کارمەندێک.

٣/ هەروەها لەکاتی دروست بونی گرفتێکدا لەلایەن کەسێکەوە بڕیاردان ئاسانتر دەبێت.

4/ کەم کردنەوەی گەندەڵی بەهەموو بوارەکانیەوە.
٥/ زامنکردنی بەرپرسیاریەتی لەکاتی دروستبونی کێشە یان ڕودانی هەڵەدا.

٦/ دەربازبون لەسیستمی کلاسیکی‌و گەلێ قۆناغی تر کە لەبەڕێکردنی مامەڵەکاندا بۆ ئەمڕۆ زیادەیە پێویست ناکات.
ئەوەی ئاماژەمان پێدا لەڕوی تیۆریەوەیە، کەواتە بۆ چالاک کردنی ئەم سیستمەو خستنە بواری پراکتیکەوە پێویستمان بەسێ فاکتەری سەرەکیە.

یەکەم: ئامادەکردنی سیستمی ئەلەکترۆنی‌و بە(کۆمپیوتەرایز) کردنی، هەروەها دابین کردنی گشت پێداویستیەکانی لەکۆمپیوتەرو پرێنتەرو سکانەرو سەرجەم ئەو پێداویستی‌و ئامێرانەی کە بۆ ئەو پرۆسەیە پێویستە.

دووهەم: ئامادەکردنی کارمەندی شارەزاو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان، ئەویش بەکردنەوەی خولی تایبەت بەو بوارە، فێرکردنیان لەدوو ڕوەوە کە بەڕێکردنی مامەڵەی هاوڵاتیانە لەڕووی کلتوری‌و ئەتەکێتی قسەکردن‌و پێشوازی کردنی هاوڵاتیانەوەو پەیدا کردنی شارەزاییەکی پرۆفیشناڵ لەبەکار هێنانی ئامێرەکان‌و بەدۆکۆمێنت کردن‌و ئەرشیف کردنیان، بۆجێبەجێ کردنی مامەڵەکان.

سێهەم: ئامادەکردنی بەرنامەی پێشکەوتوو گونجاو بەکورت ترین‌و مۆدیرن ترین شێوە بۆ وەرگرتن‌و بەڕێکردن‌و تەواو کردنی مامەڵەکان.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەم بوارەشدا پێشەنگ بووە وەک هەمیشەو بەردەوام دەستپێشخەر بووە لەپێشکەوتن‌و بەمۆدێرن کردندا، دەتوانین بڵێین لەڕیزبەندی یەکەمەکانە کە سیستمی یەک پەنجەرەی کارا کرد، هەر بۆیە بەردەوامە لەپێشخستنی کایە خزمەتگوزاریەکاندا بۆ بازرگانان‌و هاوڵاتیان، لەئێستادا بەسیستمی یەک پەنجەرە خزمەتگوزاریەکانی پێشکەش دەکات، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەدا بۆ پێشکەش کردنی باشترین خزمەت، هێشتا لەگەڵ بەرزەخواستەکانماندا نیەو ئاواتەخوازین تەواوی سیستەمەکە ببێتە ئەلەکترۆنی، ببینە خاوەنی دامەزراوەیەکی ئەلەکترۆنی پێشکەوتوو، تا بازرگانان لەڕێی کۆمپیوتەر یان مۆبایلەکانیانەوەو لەشوێنی کارو ماڵی خۆیانەوە بتوانن مامەڵەکانیان رایی‌و جێبەجێ بکەن.