رێڕەوێکی بازرگانیی جێگرەوە بۆ دەریای سوور دادەنرێت و عێراق بەشێکە لێی

بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوورەوە و وەک جێگرەوە، رێڕەوێکی بازرگانیی لەنێوان چەند وڵاتێکی عەرەبی دەکرێتەوە کە عێراقیشی تێدایە. قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە.
رۆژی(شەممە، 10-2-2024) وەزارەتی گواستنەوەی میسر دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی رێڕەوی بازرگانیی عەرەبی لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن راگەیاند.
هێڵەکە هەرسێ وڵات بەیەکەوە گرێدەدات و هاوئاهەنگی دەبێت لەنێوان وەزارەتەکانی گواستنەوەی میسر، عێراق، ئوردن و لە رێگەی هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیای “پردی عەرەبی بۆ کەشتیوانی.” 
وەک وەزارەتی گواستنەوەی میسر دەڵێت، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە.
لە قۆناخی یەکەمدا رێڕەوەکە بەندەرەکانی عەقەبە لە ئوردن و نوەیبەع لە میسر لەسەر کەنداوی عەقەبە بەیەکەوە گرێدەدات، لەوێشەوە دەبێتە رێگەی وشکانی؛ کە ئێستا رێگەی سینا بۆ بەندەرەکانی عەریش، بۆرسەعیدی رۆژهەڵات، دەمیات و ئەسکەندەریە دەگرێتەوە و لێیەوە کاڵاکان دەنێردرێنە بەندەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە، دوای ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور دێت بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
وەزارەتەکە دەڵێت، هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و، لێکەوتەی هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی لە کەناڵی سوێس، رۆشنایی خستووەتە سەر گرنگیی پڕۆژەی پەیوەندی بازرگانیی نێوان عێراق و میسر و ئوردن.
وەزارەتی گواستنەوەی میسر ئاماژە بەوەش دەکات، تەنانەت گفتوگۆیان لەسەر زیادکردنی رێگەی دیکەش کردووە کە وڵاتانی دیکەی کەنداویش بێنە نێو پڕۆژەکەوە.
کامل وەزیر، وەزیری گواستنەوەی میسر جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ ئەم رێڕەوە بازرگانییە نوێیە.
وەزیرەکە دەڵێت، لە رێگەی ئاسانکردنی رێکارەکان و هاندانی کۆمپانیاکان و قەوارە جیاوازەکان بۆ بەکارهێنانی رێگەکە بە هەردوو ئاراستە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە گواستنەوەی کاڵاکان لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئوردنەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا، هاوکاری پڕۆژەکە دەبن.
محەممەد عەلی ئیبراهیم، راگری پێشووی کۆلێژی گواستنەوە و لۆجستیی نێودەوڵەتی لە ئەکادیمیای عەرەبی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و گواستنەوەی دەریایی بە بلومبێرگی راگەیاندووە، ئەو رێڕەوە دەتوانێت ببێتە دەروازەیەک بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە ئوردن و عێراقەوە.
محەممەد عەلی گوتیشی، هەروەها رێڕەوەکە دەتوانێت دەرگەکان بە رووی هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکاتەوە، بەو پێیەی کاڵاکانیان بەم رێڕەوەدا تێدەپەڕن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە چارەسەرێکە بۆ قەیرانی دەریای سوور بۆ هەندێک وڵاتی دراوسێ، بەڵام ناتوانێت جێگرەوەی نۆکەندی سوێس بێت.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەندەرەکانی عێراق بوونەتە جێگرەوەیەک بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی جیهانی بۆ گواستنەوەی کاڵا لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕینی رێگەکانی بەشێکی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوە جیهانییەکان بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب.