بۆچی عیراقییەکان لە تورکیا خانوبەرە دەکڕن؟

ماوەی چەندین ساڵە عیراقییەکان لە تورکیا خانوبەرە دەکڕن، بەپێی دوایین ئاماری حکومەتی تورکیا بێت، هاووڵاتییانی عیراقی پلەی چوارەمیان گرتووە بۆ کڕینی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا لەنێو هاووڵاتییانی بیانی و لە دوای هەریەکە لە هاووڵاتییانی روسیا، ئێران، ئۆکراینا دێن.

 بە بڕوای بازرگانێکی بواری خانوبەرەش لە سلێمانی، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتنی ئیقامە لەو وڵاتە، چونکە خەڵكی لە رەوشی سیاسی عیراق دڵنییا نین،  هەروەها  حکومەتی تورکیاش کارئاسانی زۆری بۆ ئەو کەسانە دەکات کە لەو وڵاتە خانوبەرە دەکڕن.  پسپۆرانی بواری ئابووریش پێیان وایە ئەمە زەرەر لە ئابووری عیراق دەدات.

دەستکەوتنی ئیقامە

لەمبارەیەوە ئازاد مستەفا لە نوسینگەی سلێمانی لاند بۆ کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە رایگەیاند: هۆکاری ئەم دیاردەیە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتنی ئیقامە لە تورکیا، حکومەتی تورکیاش کارئاسانی زۆری کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە تورکیا  خانوبەرە و شوێنی نیشتەجێبوون دەکڕن و ئیقامەیان دەداتێ.

ئازاد مستەفا: هۆکاری ئەم دیاردەیە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتنی ئیقامە لە تورکیا

نائارامی رەوشی سیاسی عیراق

هۆکاری تر بە بڕوای ئازاد مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خەڵکی لە عیراق بەتایبەتی لەکاتی جەنگی داعشدا، زۆر هەستیان بە نائارامی دەکرد، بۆیە خەڵکێکی زۆر هەوڵیان دەدا لە تورکیا خانوبەرە بکڕێت تاوەکو لەو وڵاتە ئیقامە وەربگرێت، بەتایبەتی هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق .

ریکلام و درامای تورکیا

هەندێک چاودێری سیاسیش پێیان وایە  پەیوەندی بە ریکلامەوە هەیە بەتایبەتی لە رێگەی دراما تورکییەکانەوە، وێنەیەکی جوانیان پیشانی هاووڵاتییانی عیراقی داوە، ئەمەش وایکردووە کە خەڵکانێکی زۆر هەوڵ بددەن بچن لەوێ بژین.

زەرەری بۆ ئابووری نیشتمانی هەیە

زۆرێک لە پسپۆرانی بواری ئابووری  پێیان وایە، کڕینی خانوبەرەو شوێنی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی عیراق، زەرەر لە ئابووری نیشتمانی دەدات، چونکە  دەرچوونی پارە بەتایبەتی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، زەرەری گەورە لە ئابووری وڵات دەدات.

وەرگیراوە لە کوردستانی نوێ