بودجە

شەن جەزا کەریم

دیارە زۆرمان ئەم وشەیەمان بەرگوێ کەوتوە بۆ ئەوەی بەهەڵەدا نەچین پێویستە شتێکی لەبارەوە بزانین، مەبەست لەبودجە ئەو پلانە داراییەیە کە هەمو دامەزراوەیەک کە مامەڵەی داهات‌و خەرجی هەبێت، مەرجە ڕێکیبخات ساڵانە وەک پلان دایبنێت، ئەگەری کورتهێنان‌و زیادەش لەبەرچاو بگرێت، کەواتە بودجە تایبەت نیە تەنها بەحکومەتەوە، بەڵکو هەمو دامەزراوەیەک یان کۆمپانیایەک کە ساڵانە پێش پاکتاو کردنی حساباتی کۆتایی ساڵ، ئەبێت پلان ئامادەبکات خەمڵاندن بکات بۆ داهاتەکانی ساڵی داهاتوو لیستی خەرجیەکان لەسەر ئەو خەمڵاندنەی کە بۆ داهاتی کردوە ڕێکبخات.

هەنگاوی یەکەم لەدانانی بودجەدا زانین‌و ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داهاتە. بەپێی ئەم خاڵبەندیە، لێرەدا مەبەست لەبودجەی گشتییە.

١ــ سامانە سروشتیەکان کە پێکدێت لە دوو بەش:

‌‌‌‌‌آ/ سامانی ژێرزەوی وەک نەوت‌و کانزاکان.

ب/ سامانی سەرزەوی وەک ئەو چاڵگانەی کە ناکانزایین‌و لەڕوپۆشی سەرەوەی زەویدان، وەک کانی بەرد، خوێ‌و کبریت، فۆسفات‌و هەندێ جۆری تر.

٢/ داهاتی ناوخۆ، وەک ئەو خزمەتگوزاریانەی دامەزراوەکانی حکومەت پێشکەشی هاوڵاتی ئەکات بەرامبەر بەبڕە پارەیەک وەک ئاو، کارەبا، گازی سوتەمەنی‌و گشت سوتەمەنیەکانی تر، کە ئەبێت قازانج بەدەستبێنێت، هەروەها باج، گومرک‌و ترانزێت، وەرگرتنەوەی قەرز ئەگەر حکومەتێک قەرزی دابێت بەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی.

کرێ بۆ ئەو حکومەتانەی خاوەن موڵکن زۆرێک لەموڵکەکانیان دراون بەکرێ، وەک موڵکی شارەوانی‌و خۆجێیەتی.

٣ـ گەشتوگوزار: خەمڵاندنی کەرتی گەشتوگوزارو داهاتەکەی کە بەپێی ئەو خەملاندنە باج وەرئەگیرێت ئەچێتە سەر داهات لەبودجەدا خانەی تایبەتی خۆی هەیە.

لەهەمانکاتدا پێویستە ڕەچاوی دابەزین‌و بەرزبونەوەی دراوی قورس‌و بۆرسەی جیهانیش بکرێت خەمڵاندنی داهاتدا.

کاتێک ئەم خەمڵاندنانە ئەبنە ژمارەو بەرچاوڕونی ئەدا بەلایەنی پەیوەندیدار، لەسەر ڕۆشنایی ئەو ژمارانە دابەش ئەکرێت بەسەر وەزارەتەکاندا، وەک ئەوەی لەبودجەی ساڵی داهاتودا پێویستمان بەچەند پارەیە بۆ ڕێگاوبان، چەندمان ئەوێت بۆ کەرتی پەروەردەو چەند بۆ کەرتی تەندروستی، بەوجۆرە بۆ گشت وەزارەت‌ دامەزراوەکان، لەم حاڵەتەدا پسپۆرانی ئابوری خشتەیەک ئامادە ئەکەن، پێویستییەکان خاڵبەند ئەکەن بەپێی پێویستییە بەپەلەکان، پاشان پێویستیەکانی تر.

هەروەها بودجەیەک دائەنرێت بۆ یەدەگ، بۆ نمونە کارەساتی نەخوزراوی وەک لافاو، ئاگرکەوتنەوە، زەمین لەرزە، یان پەتایەک وەک کۆرۆنا یاخود هەر کارەساتێکی تری نەخوازراو لەدوای ئامادەکردن کە ئەبێتە ژمارەیەک، ئەوکات پلان دائەنرێت بۆ خەرجکردنی داهات بەپێی پێداویستەکان هەر وەزارەتە یان دامەزراوەیەک بەپێی داهاتی بەردەست پشکی بۆ دیاری ئەکرێت، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەمە پلانە ئەرکی حکومەتە کە ساڵانە پێش هاتنی سەری ساڵی ئابوری (سنة المالیة) ئەبێت ئامادە بکرێت، بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە بۆ پەسەند کردن‌و ئەوکات بۆ بەردەم سەرۆکی کۆمار یاخود سەرۆکی دەوڵەت کە مافی پەسەند کردنی کۆتایی لەدەستدایە.

ئەوەی باسکرا سەربوردەیەکە بۆ بەرچاوڕونی‌و تێگەیشتن لەبودجە، هەرچەندە بەهەمان شێوە بۆ دامەزراوەکانی تری دەوڵەت‌و تەنانەت کەرتی تایبەتیش بەهەمانشێوە پێویستە پلانی بودجەی ساڵانە دابنرێت، لەزۆر کاتدا ئەگەر خێزانیش بیەوێت کە تووشی کورتهێنان نەبێت، ئەوا دروستە کە پلانی بۆ بودجە هەبێت تا ژیانی ڕۆژانەی ڕێکبخات.