ئاڵوگۆڕ

شەن جەزا کەریم

ئاڵوگۆڕ(Bartering) بەپێی فەرهەنگی هارڤارد ئاڵوگۆر بەکۆنترین پرۆسەی بازرگانی لەقەڵەم ئەدرێ، کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پ.ز. هەروەها لەسەردەمی فینیقیەکاندا (٢٥٠٠) ساڵ پ.ز  زیاتر لەبڕەودا بوە، ئاڵوگۆڕکردن بەهۆی پێداویستیە هەنوکەییەکانی مرۆڤەوە هاتۆتە چێبون، کاتێک جوتیارێک بەرهەمی دانەوێڵە بەرهەم دێنێ، بەڵام گۆشت یان ماسی پێویستە ئەوا بڕێک لەدانەوێڵکەی ئەگۆڕێتەوە بەگۆشت یان ماسی لەگەڵ ڕاوچیەکدا کە دانەوێڵەی نیە، ڕاوچیەکەش  بڕی ئەو گۆشتەی ڕاوی کردوە لەپێداویستی خۆی زیادە، لەو کاتەدا هەردولایەن ڕێک ئەکەون بەگۆڕینەوەی کاڵاکانیان لەیەک ئانوساتدا، واتە دانەوێڵە بە گۆشت.

ئەم نەریتە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش لەکوردستان باوی هەبو، بۆ نمونە جوتیارێک لەکوێستانەکان بڕێک لەبەرهەمی میوە وەک ترێی بار ئەکردو ڕوو لەگەرمیان ئەکەوتە ڕێ، دێهاتەو دێهات ئەیوت (های ترێ بەگەنم). ئەم نمونەیە بەساکارترین‌و سەرەتاییترین جۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەژمار ئەکرێت، بەو کەسانەش ئەوترا (چەرچی).

 وەک وتمان ئەم پرۆسەیە بەپێی زانستی ئابوری بەسەرەتاییترین جۆری بازرگانی دائەنرێت، هەربۆیە فراوان بوەو ئاڵوگۆڕەکە بوەتە ئەوەی کە کاڵا بگۆڕدرێتەوە بەخزمەتگوزاری یان کاڵایەکی پیشەسازی. لەم بارودۆخانەدا هەندێ جار کاتیش بوە بەخاڵێکی ڕێککەوتنەکەو ماوەو کات هاتۆتە ئاراوە، وەک ئەوەی جوتیارێک داوای لەجوتیارێکی تر کردووە زەویەکەی بۆ بکێڵیت بەرامبەر بڕێک دانەوێڵە تا کاتی دروێنە، یان داوای لەئاسنگەرێک کردوە پاچ‌و بێڵی بۆ دروست بکات لەبری بڕێک دانەوێڵە.

ئەم پرۆسەی ئاڵوگۆرە کە مرۆڤ کاری پێکردوە لەبەرئەوە بوە کە هێشتا پارە یان دراو دروست نەبوە، یاخود کەم بوە، تا ئێرە باسەکەمان لەسەر سەرەتاکانی ئاڵوگۆڕ بوو.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە ئاڵوگۆر ئاستەنگ‌و گرفتی تایبەت بەخۆشی هەیە.

١/ سەختی دیاری کردن‌و نەبونی پێوانەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ.

٢/ یەکنەگرتنەوەی حەزو ئارەزوەکانی کڕیارو فرۆشیار لەیەککاتدا.

٣/ سەختی دابین کردنی شێوازێکی گشتی بۆ دیاری کردن‌و هەڵگرتنی بەهای کاڵاکان.

٤/ نەبونی یەکەیەکی پێوانە لەکاتی گێڕانەوەی قەرزدا هەم لەکات‌و هەم لەکاڵاو لەبەهاشدا.

٥/ سەختی جیاکردنەوەی زۆرێک لەکاڵاکان لەڕوی بڕو جۆرو کواڵێتیەوە.

 لەسەرو هەمو ئەم گرفتانەشەوە ئاڵوگۆر بەردەوامی هەیەو چەندین قۆناغی بڕیوە لەپێش سەرهەڵدانی دراوی نەختینەدا، وەک ئەوەی هەندێک لەکۆمەڵگاکان بۆ ئەوەی بەسەر ئەو گرفتەدا سەرکەون کە لەخاڵی چوارەمدا ئاماژەی پێدراوە، بەهای هەندێ کاڵایان بە بەهای ئاژەڵەکانیان بەرامبەر کردۆتەوە، یان بەرامبەر هەندێ بەردی بەنرخ وەک یاقوت‌و پیرۆزەو شتی تر، کە ئەمەیان بەگۆڕانێکی ریشەیی دائەنرێ لەپرۆسەکەدا.

هەرچەندە ئاڵوگۆر بەکۆنترین جۆری بازرگانی دائەنرێ، بەڵام لەدەیەی سێهەمی سەدەی بیستدا بەپێی پێداویستی ئەو ڕۆژگارە سەریهەڵدایەوە، کاتێ جیهان ڕوبەروی داڕمانێکی ئابوری بوەوە، بازاڕی پشکەکانی ئامریکا (Wall Street) لەئۆکتۆبەری ١٩٢٩ داڕماو لەمێژووی ئابوریدا بەسێشەمەی ڕەش ناوزەد ئەکرێت، دیسانەوە ئاڵوگۆر ‌هاتەوە گۆڕێ، خەڵک ناچار بون بۆ پێداویستیەکانیان لەبەر نەبونی پارەی نەختینە پەنا بەرنە بەر ئاڵوگور.

بەهەمان شێوە لەناواڕاستی سەدەی بیستەمیشدا زۆرێک لەوڵاتە نەوتیەکانی کەنداوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێک لەجۆرەکان بەپرۆسەی ئاڵوگۆڕ بازرگانیان ئەکرد، بۆ نمونە عێراق لەوڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران چەک‌و وپێداویستیە سەربازییەکانی ئەکڕی، لەبری دراوی قورس نەوتی ئەدا، لەکاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت خۆی خاوەنی نەوتێکی زۆرە، بەڵام ئەو نەوتەی وەریئەگرت لەبۆرسەی نەوتدا ئەیفرۆشتەوە.

ئەمڕۆش لەسەدەی بیست‌و یەکدا لەسەردەمی تۆڕەکانی ئینتەرنێت‌و زیرەکی دەستکرد دا ئەم جۆرە بازرگانییە لەزۆر وڵاتی جیهاندا ڕوو لەبڕەوە، زۆر کەس لەڕێی ماڵپەڕی بازرگانی یان هەژماری تایبەت بەخۆیان یان سۆشیال میدیاوە بەکاری دەهێنن‌و پرۆسەی ئاڵوگۆڕ ئەنجام ئەدەن.