مافی مردن بەردەستە!

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەتایبەت کردنی زۆرێک لەکەرتەکانی دا، پێویست بو هەڵسەنگاندنیش بەدوایدا بێت تا سودو زیانەکانی دیاری بکرێ‌و بزانرێت سودەکانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان چیە نەک بۆ کۆمپانیاکان.
 
لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کە سودی بۆ کۆمپانیاو کەرتی تایبەت لەسەدا هەزارەو زەرەرمەندی گەورەو یەکەم هاوڵاتی سادەیە.
ئێمە لێرەدا ئەمانەوێت لەکەرتی تەندروستی بدوێین کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر خەڵکی سادە هەیە، هەر بۆیە دوای لێدوان، چەند پرسیارێکی سادە ئەخەینە بەردەم دەسەڵات‌و حکومەت، دوابەدوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا زۆر قەڵبەو کەلەبەری تر  لەکەرتی تەندروستی  کەوتنە بەر ڕوناکی‌و دەرکەوتن، لەوانە پەککەوتن یان پەکخستنی کەرتی تەندروستی گشتی (نەخۆشخانە حکومیەکان)، بڕەودان بەنەخۆشخانەی تایبەت، ئەگەر بەنمونە باسی نەخۆشخانەی شار بکەین لەسلێمانی، ئەوکاتەی ئەو نەخۆشخانەیە لەساڵی ٢٠١٣ کرایەوە ئەتوانرا کە بەیەکێک لەنەخۆشخانە مۆدێرن‌و پێشکەوتوەکانی دنیا دابنرێ، بەپێوەری ئەو ڕۆژگارە باشتیرین‌و پێشکەوتوترین ئامێرو دەزگای پزیشکی بۆ هاوردە کرابو، بەڵام ئەگەر ئێستا بەدواداچونی بۆ بکرێت ئەتوانین بڵێن وەک لەکارکەوتو وایە، دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی ڕەنگە ئاسان بێت:
١ ــ لەوانە نەبونی لێپرسینەوەو سزادانی کەم تەرخەمان.
٢ــ بواردان بەپزیشاکان‌و کارمەندانی کەرتی گشتی کە لەکەرتی تایبەتدا کار بکەن وەک دوو هەلی کار.
٣ــ  ڕێگەدان بەڕێکلام کردن بۆ دەرمان‌‌و نەخۆشخانە تایبەتایبەتەکان، هەر لەتابلۆی سەر کلینیکە تایبەتەکانەوە تا ڕێکلامی تەلەفزیۆنی‌و چاپکراو، کە ئەم بابەتە لەزۆرێک لەولاتانی جیهاندا ڕێگەپێدراو نیە.
ئەمانەو گەلێک کەموکورتی تر کە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێنەبردبێ. بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستی ئێمە کەوتون، مانەوەی شەوێک لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی تایبەت لە(٧٠٠٠٠٠) حەوت سەد هەزار دینارەوە دەستپیئەکات، ئەمە جگە لەپەرداخێ ئاو بەچەند بەرامبەرە، مەرحەبای پزیشکێ (٥٠٠٠٠) پەنجا هەزاردینارە!
سەیرەکە لەوەدایە کە هەندێجار دوو پزیشک بەیەکەوە سەردانی نەخۆشێک ئەکەن، هەردوکیشیان ئیمزا لەسەر تەبەلەکە ئەکەن واتە (١٠٠٠٠٠) سەد هەزار دینار!. 
هەر لەسەردەمی ئەم  پەتایەدا، نەخۆش هەیە فاتورەکەی دوای مردن سەرو هەشتا ملێۆن دینار بوە، ئەمە بۆ کەسێک کە توانای دارایی باش بێت ڕەنگە ئاسایی بێت، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین:  ئەو کارمەندەی بڕی (٢٤) موچەی وەرنەگرتوەو لە ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ یەک موچەی بەڕێکوپێکی وەرنەگرتوە یا ئەو خانەنشینەی کە موچەکەی لە(٥٠٠٠٠٠) پێنچ سەد هەزار دینار تێپەڕ ناکات، یاخود ئەو پێشمەرگەیەی کە موچەکەی ناگاتە ملێۆنێک دینار، ئەگەر خۆی یان یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەی پێویستی بەچارەسەر بێت روو لەکوێ بکات؟ کوا مافی هاوڵاتی بون؟ تاکە مافێک کە بۆی بەرجەستە کراوە (مافی مردنە)! هەربۆیە کاتێک کەرتی تایبەت ڕێکلام ئەکات، ئەم بڕگەیەشی بۆ زیاد بکەن: ئەگەر پارەت نیە (مافی مردن بەردەستە)! لەبەرئەوەی هاوڵاتی ئەم هەرێمەیت مافەکانت پارێزراون.