ڕۆژی جیھانی سەلامەتی خۆراک و ئاڵەنگاریەکان لە کوردستاندا

ساڵانە لە جیھاندا  ٧ ی حوزەیران  دانراوە بە ڕۆژی جیھانی سەلامەتی خۆراک وە ھەر ساڵێک دروشمێک دەبێتە ئەجندای کارو کارنامەکانی ڕیًکخراوەکانی ھەڵدەستن بەم یادە بەتایبەت ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی  WHO  وە  ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی ناسراو بە FAO . دروشمی ئەمساڵیان بریتیە لە (خۆراکی سەلامەت لەمڕۆدا زامنی داھاتویەکی تەندروستە) ھاوکات لەگەڵ ئەم دروشمەدا بە دەستەواژەیەکی تر ھەموان بە ئاگا دێننەوە کە دەوترێت ( سەلامەتی خۆراک کاری ھەموومانە). گرنگی و پەیامی ئەم ڕۆژ و یادە بریتیە لە ڕاکێشانی سەرنج و کارکردن بۆ نەھێشتن و ئاشکراکردن و چارەسەرکردنی ئەو مەترسیانەی دەکەوێتە سەر خۆراک  یان ئەگەری گواستنەوەی ھەیە لەڕێگەی خۆراکەوە کە ئەم مەترسیەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراک و ئابوری و سێکتەری کشتوکاڵ و بازاڕی کار و تەنانەت کەرتی گەشتیاریشەوە.لە وێنە گەورەکەشدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە سەلامەتی مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان و ژینگە پێکەوەبەستراون و ھەر ڕوداوێکی نەخوازراو لە ھەر یەکێکیاندا ڕوبدات کاریگەری ھەیە بۆ ھەموو جیھان. لەڕوی پراگماتیکیەوە  بۆ ئەمساڵی ڕۆژی  جیھانی سەلامەتی خۆراک پێنج بانگەوازی گرنگی لە خۆگرتوە بۆ پێنج  لایەنی جیاواز لەسەر ئاستی سەرجەم وڵاتانی جیھان تا چۆن سەلامەتی خۆراک بپارێزرێت  کە بە کورتی بریتین لەمانە:
١- بانگەواز بۆ حکومەت : پێویستە خۆراکی سەلامەت و بەھا بەرز دابین بکات بۆ ھەموان
٢- بانگەواز  بۆ بەرھەمھێنەرانی خۆراک و کشتوکاڵ : پێویستەپراکتیزە و پەیڕەوی باشترین ڕێنمایی و یاساکان بکەن.
٣- بانگەواز  بۆ بازرگانەکانی خۆراک: دڵنیا بن کە خۆراکێکی سەلامەتە
٤- بانگەواز  بۆ تیمەکانی سەلامەتی خۆراک: با ھەموو بە یەکەوە ھاوکار بین بۆ دابینکردنی خۆراکی سەلامەت و تەندروستی باش.
٥- بانگەواز  بۆ  بەکارھێنەرەکان : پێویستە بەرچاوڕون بن لە ھەڵبژاردنی خۆراکی سەلامەت و تەندروست.
ئەمە کورتەی پەیامی ئەمساڵی ئەم ڕۆژەجیھانی یە بوو کە لە دەیان ولاًتی پێشکەتوو و گەشەسەندوو وە دامەزراوەیی زۆر بە بایەخەوە سەیر دەکرێت بە تایبەت کە ھێشتا تارمایی و ترسی ڤایرۆسی کۆرونا نەڕەویوەتەوە و ھەرچەندە سەرەتای سەرھەڵدانەکەشی لە بازاڕێکی خواردنە ئاویەکانەوە سەری ھەڵدا لە وۆھانی چین بەڵام لە ڕێگای خواردنەوە نەدەگوازرایەوە پرسیارێکی لۆجیکیش کە دێتە ئاراوە ئەوەیە باشە  لە داھاتودا چۆن گرەنتی ئەوە دەکرێت  نەخۆشی کوشندە لە ڕێگەی خواردنەوە نەگوازرێتەوە ؟ بە تایبەت کە گۆڕانی کەش و ھەوا و ناھاوسەنگی ژینگەیی و زۆربونی نەخۆشی ئاژەڵ و پەلەوەر و فێڵی خۆراکی بەرۆکی جیھانی گرتووە.
بنەماکانی سەلامەتی خۆراک :
پێش ھەڵسەنگاندنی دۆخی سەلامەتی خۆراک لە کوردستاندا پێویستە لەم نوسینەدا دوو چەمک ھەیە بیناسێنین و ڕونی بکەینەوە کە بریتین لە:
١- سەلامەتی خۆراک: واتە ڕونەدانی  زیان لە تەندروستی مرۆڤ کاتێک خۆراک دەخوات  ( خۆ ئەگەر زیانی پێبگات مەرج نیە ڕاستەوخۆ لێی دیاری بات ڕەنگە دوای چەند ساڵێک کاریگەریەکەی دەرکەوێت  وەک چۆن کەسی جگەرەکێش دوای ماوەیەکی دورمەودا کاریگەریەکانی تیا دەرەکەوێت)  لێرەوە پێناسەیەکی وردتر بۆ سەلامەتی خۆراک  دێتە ئاراوە کە بریتیە لە پابەندبون بەسەرجەم ئەو پێوەر و پەیڕەو مەرجانەی کە دانراون لە لایەن دەزگا و ناوندە زانستیەکانی تایبەت بە سەلامەتی خۆراک لە کاتی (بەرھەم ھێنان و ئامادەکردن و گواستنەوە و دابەشکردن و خواردنی خۆراک) بەمەبەستی دوربون لە پیسبون و ژەھراوی بون و دەستکەوتنی خۆراکێکی تەندروست و سەلامەت  .
٢- مەترسیەکانی  سەر خۆراک : مەترسی لەسەر ھەر بابەتێک بۆ نمونە (خۆراک) واتە ئەگەری زیان پێگەیاندنمان ھەیە لە ڕێگەی ئەو خۆراکەوە کەواتە پێویستە بێین دەستنیشانی مەترسیەکانی  (Hazards) سەر ئەو خۆراکە بکەین  و سەرچاوەکانی و قەبارەی مەترسیەکە دیاری بکەین  ،
بۆ ئەمەش پێویستە قۆناغەکانی بەرھەمھێنانی خۆراک لە( کێڵگەوە بۆ سەر سفرە) جیا بکرێتەوە بە پێی جۆری بەرھەمە خۆراکیەکە وە مەترسیەکانیش دیاری بکرێت لە ھەر قۆناغێکدا کە بەم شێوەیە دەتوانین پۆلێنی بکەین :
یەکەم / قۆناغی کشتوکاڵکردن و دروێنەو چنینەوە(سەرچاوە ڕوەکیەکان) یان بەخێوکردن و پەروەردەکردن (سەرچاوە ئاژەڵیەکان)
دووەم / قۆناغی گواستن