ئۆتۆمبیلى ٢٠١٧ و شەقامى ئەسپ و عەرەبانە

دەمێکە ھاوار ئەکەین ئەڵەیین شەقامەکانمان شەقامی ئەسپ و عارەبانەیە، کاکە داوای پرد و میترۆ و نەفەقتان لێناکەین تەنھا ئەو شەقامانەی کە بە میرات لە حکومەتی بەعسەوە بۆمان ماوەتەوە ئەوەمان بۆ چاک بکەن.

دەمێکە ھاوار ئەکەین لە ھیچ وڵاتێکی ئەم دنیایە نەبووە ناکرێ و ناشێ لەم ھەرێمەدا کە سێ شارە بە سێ شێوازی جیا مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبھێنی، خۆ ئەمە ھێزی پێشمەرگە نیە ناتوانن یەکی بخەنەوە، دەمێکە ھاوار ئەکەین کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تەنھا ڕوداوەکان مەگوازنەوە بەڵکو لە ھەموو کاتەکاندا پێویسیە ھاوکاری ھاتوچۆبن، بە نیوەی ڕیکلامی برنجێک یان دایبیەکێ مناڵ یان سوراوێکی ئافرەتان ھۆشیاری ھاتوچی بڵاو بکەنەوە.

دەمێکە ھاوار ئەکەین ڕوداوەکانی ھاتوچۆ پێویستی بە توێژینەوەو بەدواداچون ھەیە، دەمێکە ھاوار دەکەی کە بەزەییەکتان بە گیانی ئەو خەڵکە داماوە بێتەوە ھەموو ساڵێک بە ئەندازە شەڕی داعش خەڵک بە ڕوداوی ھاتوچۆ گیان لەدەست ئەدەن کاتی ئەوەیە ئامارەکان توشی سەکتەمان بکەن نەک دڵمان خۆش بێت بە کەم بونەوەی دووکەس، ھەموو ڕۆژێک ھەموو چرکەیەک مەترسی لەسەر ژیانمان ھەیە، بەجۆرێک کە بەم جۆرەی ئێستا نابێ لەماڵ بێنە دەرەوە ئەبێ ھەمیشە دڵمان لە سەر دەستمان بێت تا مناڵەکانمان لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە.

لە چ وڵاتێک دنیا ھەبووە کە ساڵانە ئەگەر شاری سلێمانی و ھەولێر بە نمونە وەربگرین لە بەندینخانەی چاکسازی حوکم دراوان ٥٠ کەس بە ھۆی ڕوداوی ھاتوچۆ وە حوکم درابن لە کاتێکدا تەنھا لەو دوو شارە ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ کەس بەڕوداوی ھاتوچۆ گیانیان لە دەست دابێت.

ئەمە جگە لە برینداری کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠ ھەزار کەس بریندار دەبن. دوو ساڵە داوای كۆنفڕانسێک ئەکەم لە سەر ھاتوچۆ ھەتا ئێستا کەس نیە خۆی بکات بە خاوەنی، وە من دڵیام ھەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت ئەوەی مرد لە خۆی ڕۆی لە کەس و کارەکەی ھیچ کەس بەرپرسیاریەتی ھەڵناگرێ بۆیە خۆتان ئاگات لەخۆتان بێت با مناڵەکانتانبێ ناز نەبن .