جەنگی ئابووری

 
 
جەنگی داهاتوو بە پلەی یەكەم جەنگی ئابووری دەبێت، جەنگ لەسەر متمانەی بەكاربەر و جەنگ لەسەر دراوەكان و جەنگ لەسەر وەبەرهێنان و دامەزراندن.

جەنگە تازەكان، جەنگگەلێكی پاك و وردتر دەبن لە پێكانی ئامانجی دیاریكراودا و ئازارگەیاندنی زیاتر و وردتر و درێخایەنتر بەبێ‌ ئەوەی دەوڵەتی (دەستدرێژكار) هیچ تێچوویەكی مرۆڤ-یی بكەوێتەسەر. یەكەم نیشانەكانی ئەم جەنگە قورسەیش جەنگی دراوەكانە. ئەوەتا ململانێیەكی ناشاراوە هەیە لەنێوان دۆلاری ئەمریكی و یەن-ی چین-یدا، جەنگەكەیش بەگەرمی بەڕێوەدەبرێت. ئەمریكا دراوی خۆی چاپ دەكات و بەهەموو لایەكی جیهاندا بڵاویدەكاتەوە، چونكە لەو باوەڕەدایە كە هەموو جیهان پێویستی بە داڵدە و پەناگەیەكی ئارام هەیە و ئەو پەناگە ئارامەیش، بە قەناعەتی ئەوان، هەمیشە دۆلاری ئەمریكییە.

چین قەناعەتێكی سیاسیی تەواوی بەوە هەیە كە دۆلاری ئەمریكی هیچ نییە جگە لەوەی گوریسێكە بۆ خنكاندنی وڵاتەكان و هەڵواسینیان وەك جۆرە مردنێكی لەسەرخۆ. لەبەر ئەمەیشە وا بەپێویست دەزانێت كە خۆی لەم (مەترسی و خەمە زۆر گەورەیە) رزگار بكات. بۆیە لە ئێستادا بە شێوەیەكی ورد و بە شێنەیی ئەم كارە دەكات، چونكە یەن-ی چین-ی ئەو دراوەیە كە زۆرترین مامەڵەی لە كیشوەری ئەمریكای باشوردا پێوەدەكرێت و ئەمڕۆ دراوێكە لە هەردوو كیشوەری ئەفریقا و ئاسیا-یشدا زۆر لەگەشە و پەرەسەندندایە.

چین پشت بە دراوی نیشتمانیی خۆی دەبەستێت وەك ئامرازێك بۆ پارەدانی بەشی هەرەزۆری گرێبەستە تازەكانی و تا ئێستایش جەمسەری خۆرئاوای ئەوروپا و ئەمریكای باكوری لە دەرەوەی حساباتەكانی خۆیدا هێشتووەتەوە. ئەوەی كە دەربارەی دراوەكان و كاریگەرییەكانیان دەوترێت، دەكرێت سەبارەت بە پێشخستنی ئامرازەكانی پیشەسازییش بوترێت، چونكە ئێستا ئاراستەیەكی پەرەسەندوو هەیە بۆ پشتبەستن بە میكانیزمی پیشەسازی بە مرۆئامێر/رۆبۆت، ئەم پیشەسازیەیش دەگاتە خۆرئاوا لەبەرئەوەی پشتنابەستێت بە دەستی هەرزانی كرێكار كە یەكەم جیاوازیی(تایبەتمەندیی) ركابەریی بوو بۆ دەوڵەتانی ئاسیا، بە كۆتاییهاتنی ئەم جیاوازییە (ئەم تایبەتمەندییە)یش، زەبرێكی گەورە لە ئابوریی ئەم وڵاتانە دەدرێت و (بێكاری) و كێشەكانی بێكاریی دەبنە كێشەی تازە و ناچاردەبن رووبەڕووی ببنەوە و بە شێوەیەكی جدی و لێهاتوانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. 

پێوەرە تازەكانی جەنگی ئابوری لەوانەی پێشوو جیاوازن و ئامرازەكان زیانبەخشتر بوون. چونكە لێدانێك هەن كە ئاراستەی سەنتەر و قووڵایی هەر لایەنێك دەكرێت. ئەم لێدانانەیش لە جۆری ئابوریین. ئەو سزا گەورەیەمان بینی كە یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر مافی كۆمپانیای زەبەلاحی ئەپڵ پەسەندی كرد بە پاساوی خۆ دزینەوە لە باجدان لە ماوەكانی پێشوودا، بەهاكەی 14 ملیار یورۆ بوو. ئەمە بە ماوەیەكی زۆر دوور هاوشێوەی ئەوەبوو، كە ئەگەر یەكێك پەڕاوە كۆنەكانی هەڵبداتەوە، ئەمریكا كردی بەرامبەر قەرزەكانی لەسەر ئەوروپا و بانقی دوێچە (بانقی ئەڵمانیا) ی سزادا بە بڕی 14 ملیار یورۆ (بەنزیكەی هەمان بەها).