سلێمانی لە نێوان شارو بوون بە پایتەختی رۆشنبیری و نامۆبووندا

سلێمانی یەکێکە لە شارە نوێیەکانی کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش. بە پێی زۆرێک لە بۆچوونەکان کاتێ میرانی بابان شاری سلێمانیان بیناکرد بە مەبەستی ئەوە بوو کە بیکەن بە پایتەختی میرنشینەکەیان. شێوازی بیناسازی و نەخشەی بنەڕەتی شار بە شوێنی درووستکردنی گەڕەکەکان و مزگەوت و بازاڕو گەرماوو ئاوو ئاوەڕۆوەکانەوە جۆرە نوێکارییەکی تێدابووە. کە زیاتر جۆرێک بووە لە شێوازی بیناسازی شار ئەگەرچی ئەو شێوازە سادەش بوو بێت. 
دیارە ئەوە ئاشکرایە کە لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە شار لە ئەنجامی گواستنەوەی کۆمەڵگە لە قۆناغی ژیانی لادێ یان قۆناغی ئابووری فیودیالیەوە بۆ قۆناغی ئابووری سەرمایەداری درووست دەبێت کە لە ئەنجامی ئەو پەرەسەندنەدا شار ھێزی کار لە لادێوە بەرەو لای خۆی رادەکێشێت و لەو سەروبەندەشدا بازاڕی ناوخۆو بازاڕی ھاوبەش و چینی ناوەند درووست دەبێت کە ئەو چینەش بەرھەمھێنی کەلتووری شارو عەقڵی شارەو بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردیش کە لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە داگیرکراوو دابەشکراوبووە،درووستبوونی چینی ناوەند، ئەگەر درووست ببووایە، رۆڵی دیارو لەبەرچاوی دەبینی لە ھەڵگرتنی ئەرکە دیموکراسیەکاندا کە مەسەلەی نەتەوایەتیش دەکەوێتە ئەو رووبەرەوە. بۆیە دەشیا لەگەڵ درووستبوونی شاردا ئەگەر شار لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا درووست ببووایە، چینی ناوەند ببووایەتە خاوەن و ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کوردی و لەو سەروبەندەشدا کورد بە ئاراستەی رزگاربوون و سەربەخۆیی ھەنگاوی بنایە و لەبارێکی وەھاشدا ئەو شارەی کە بابانەکان درووستیان کرد تا بیکەنە پایتەختی میرنشینەکەیان، ئەوا ببوایەتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی. بەڵام دیارە سلێمانی سەرباری ئەوەی کە وەھا درووستکراوە کە ببێتە پایتەختی میرنشین بەڵام خاسێت و سیفاتەکانی شاری وەکو شارێکی سرووشتی ھەڵنەگرتووەو تەنانەت ئێستاش پاشی تێپەڕبوونی دوو سەدو بیست و حەوت ساڵ بەسەر درووستکردنیدا تاکو ئێستاش لە گەوھەردا زیاتر لەوەی خاسێتەکانی شاری ھەبێت خاسێتەکانی گوندی ھەیەو تاکو ئێستاش سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە پێی ناوچەو خێڵ و عەشیرەتەکانی ئەو رووبەرە جوگرافیایەی کە پێی دەگوترێت سلێمانی، دابەشکراوە. 
میرنشینی بابان دوای گواستنەوەی بۆ پایتەختی نوێی کە سلێمانی بووەو بە تایبەتیش سێ دەیەی کۆتایی تەمەنی میرنشینەکە، دەبێتە زەمینەی دوو دیاردەی دیارو لەبەرچاو کە تاکو ئێستاش کاریگەری و ئاسەواری ئەو دوو دیاردەیە نەک تەنیا بەسەر سلێمانییەوە بەڵکو بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە دیارو لەبەرچاوە. یەکەمیان بوونی سلێمانییە بە زەمینەی نوێ بوونەوەی رێبازەکانی تەسەوفی نەقشبەندی و قادری و زیاتر ئاشکرابوونی ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەو دوو رێبازە کە لە گەوھەردا بریتی بووە لە ناکۆکی و ململانێی فیکری و ئایینی کە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی بابانیش دەوری دیاری ھەبووە لە زیاتر برەو پێدانی ململانێکەداو سەرئەنجامیش پشتگیری کردنی لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین لە شێخ مارفی نۆدێ و لە رێبازی قادری بوونەتە ھۆی ئاوارە بوونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و تا ئەندازەیەک لەباربردنی بۆچوونەکانی مەولانا کە دەشێ وەکو پرۆژەیەکی بە ئاکام نەگەیشتوو لێی بڕوانرێت. کەواتە دەشێ وەھا سەیر بکرێت کە سلێمانی لە سێ دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەمدا زەمینەی ململانێی فیکری بووەو تەنانەت دەشێ وەھاش لێکبدرێتەوە ھەر لەو قۆناغەدا تووندو تیژی فیکری و تەنانەت ھەوڵیش بۆ جۆرێک لە تیرۆری فیکری لە سلێمانیدا دەرکەوتووە کاتێ کە ھەوڵی کوشتنی مەولانا دراوە. 
دووەم دیاردەی لەبەرچاو لە سێ دەیەی دوایی تەمەنی میرنشینی باباندا دەرکەوتنی بەرھەمی داھێنەرانەی شیعری کوردییە لە سنووری ئەو میرنشینەداو بە تایبەتیش لە سلێمانیدا کە ئەویش لەسەر دەستی شاعیرانی بابان، نالی و سالم و کوردیدا بووە کە بە سێ کوچکەی بابان ناسراون. ئاستی داھێنانی ئەم شاعیرانە بە جۆرێک بەرزو نایاب بووە کە لە مێژووی شیعری کلاسیکی کوردیدا دیارو لەبەرچاو بووەو تاکو ئێستاش وەکو ئەزموونء ئاستێکی بەرز لە داھێنان سەیر دەکرێت. ھەرچەندە لە راستیدا ئەزموونی شیعری سێ کوچکەی بابان سەرباری ئاستی باڵای داھێنان تیایدا لە رووی جیھانبینی شیعریء بەرھەمھێنانی شیعرێتەوە، بەڵام جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ نێو کەلتوورو ھونەری شیعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی تێدایە بە تایبەتی لەو سەردەمەدا زمانی شیعری کوردی شووناسێکی تایبەتی ھەبوو کە بە شێوەزاری گۆرانی و بە کێشی پەنجە بووە کە ئەویش کێشی گاتاکانی ئایینی زەردەشتیە کە وەک ئاشکرایە ئەو ئایینە پێشتر پەیامی رۆحی کورد بووەو کێشی گاتاکانیش ھەمان کێشی فۆلکلۆری کوردییە کە ئەوەش جۆرێک لە رەسەنایەتی شیعری