سلێمانی: شاری بێ سەركردە، شاری پەراوێزی بڕیار!!

پێشتر چەند جارێك لەسەر مێژووی سلێمانی و چۆنێتی درووستبوونی و كەلتووری سلێمانی و بنیادی كۆمەڵایەتی سلێمانی و ململانێ ناوخۆییەكانی سلێمانی هەر لەسەردەمی شێخ مارف و مەولانا خالیدەوە تائەم دواییانە دواوین. بۆ من شتێكی نامۆ نیە كە قۆناغی درووستبوونی سەركردەی باڵا لە دوای شێخ مەحمودی حەفیدەوە لە سلێمانی كۆتایی هاتبێت و چاوەڕوانی ئەوەش ناكەم بە ئاسانی كەسی سەرۆك یان كاریزمی لە سلێمانیدا درووست ببێت.

سلێمانی لە راستیدا بەو ئەندازەی بەرهەمهێنی جۆرێك لە كەلتووری شارە، بەو ئەندازەش تیایدا پەیوەندییەكان بوونەتە پەیوەندی ئاسۆیی و قۆناغی پەیوەندی شاوڵییان بەجێهێشتووە. یان لەبارێكی تردا پەیوەندییەكان لە شێوازی هەرەمیەوە لە ئاستی قوڵدا بەرەو پەیوەندی ئاسۆیی دەڕۆن.

ئەگەرچی لە ئاستی بینراودا جۆرێك لە كوێرێتی جەماوەری یان گەوجاندنی جەماوەری هەیە كە ئەویش بەهۆی لاوازیی ئاستی هوشیاری كۆمەڵایەتیەوەیەو سەرچاوەكەشی ئیستیغلال كردنی دڵسۆزی و خۆنەویستی خەڵكەكەیەتی لە پێناوی بەرژەوەندی تەسكی تاكەكەس یان دەستەو گروپ، لەبری بەرژەوەندی خودی خەڵكەكەی بە پلەی یەكەم و هەموو كورد لە ئاستی دووەمدا.

ئەگەر سەیری مێژووی سلێمانی دوای دەسەڵاتدارییەكەی شێخ مەحمود بكەین، لەسەرەتای سیەكان راپەڕینی جەماوەری سەرهەڵدەدات، لە نیوەی دووەمی سیەكاندا كە حیزب لە كوردستان درووست دەبێت، بەشێكی دامەزرێنەرانی لە نوخبەی رۆشنبیری سلێمانین، كە پارتی درووست دەبێت نوخبەی خوێندەواری سلێمانی بەشداربوون>

لە كۆتایی چلەكان و پەنجاكاندا لە سلێمانی پارتی و حیزبی شیوعی لە برەودابوون و هاوكات لە ململانێشدا بوون. كاژیك وەكو رێكخراوێكی نەتەوەیی خۆی رادەگەیەنێت زیاتر نوخبەیەك لە رۆشنبیرانی سلێمانی لەسەر كردایەتیەكەیدا بوون.

لە ململانێی سەركردایەتی بارزانی و مەكتەبی سیاسیدا دیسان نوخبەیەكی رۆشنبیری سیاسی و حیزبی لە پشتی ئەو ململانێوە بوون كە دەیانوویست وەكو رۆشنبیر كاربكەن و سەركردایەتی بە كۆمەڵ پیادەبكەن لەبری شوێنكەوتنی سەركردەیەكی كاریزمی وەكو مەلامستەفا، رەنگە هۆكارەكەشی ئەوە بووبێـت كە ئەو نوخبە رۆشنبیرە كە زیاتر پەروەردەی كەلتووری شار بوون، واتە كەلتووری سلێمانی، كە ئەو كەلتوورەش لە مێژبوو زەمینەی بۆ سەركردایەتی بە كۆمەڵ یان سەركردایەتی كەسانی ئاسایی رەخساندبوو.

لە درووستبوونی كۆمەڵەشدا كە زەمینەی درووستبوون و پەرەسەندنیشی زیاتر سلێمانی بوو ئەویش لە لایەن دەستەیەك رۆشنبیری سیاسیەوە كە ئینتیمای چینایەتیان بۆرژوای بچووك و بۆرژوای مامناوەندبوو، دامەزراو گەشەی كرد. لەوكاتەشەوە تاكو ئەمڕۆش لە سلێمانیدا نوخبەیەك لە رۆشنبیری سیاسی هەبوون و ئێستاش هەن كە لە سەركردایەتی كۆمەڵەو یەكێتی نیشتیمانی و پارتی و حیزبەكانی تریشدا بەردەوامبوون و ئامادەبوونیان هەبووە. بەڵام هیچ كام لەو  نوخبەیە نەبوونەتە سەركردەی دیارو كاریزمی ئەوتۆ لەسەر شێوەی سەركردە كلاسیكی یان شێوە كاریزمیەكانی وەكو شێخ مەحمود یان یان مەلا مستەفای بارزانی، یان مام جەلال و مەسعود بارزانی و قاسملۆ و عەبدوڵا ئوچالان.

لە كەلتووری شاردا هەرچۆن ئەگەری ئەوە هەیە زانای فیزیاو كیمیاو بایۆلۆجی و ئابووری زانی گەورەو نووسەری داهێنەرو وەرزشەوانی لێهاتوو، مۆسیقاری بەرهەمهێن و رۆشنبیری  رەخنەگرو تەنانەت رۆشنبیرو ئەدیب و هونەرمەندی دەرباریش درووست ببێت، بەهەمان شێوە ئەگەری ئەوە هەیە پیاوی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریی شارەزاو لێهاتوو درووست ببێت، بەڵام درووستبوونی سەركردەی كاریزمی لەشاردا ئەستەمە.

سلێمانی وەكو شار ئەوەی لە دەستچووە كە جارێكی تر سەركردەی كاریزمی بەرهەم بهێنێت، یان باشتر وایە بڵێین ئەو قۆناغەی بەجێهێشتووە. رەنگە لە دوای شێخ مەحمود لە سلێمانیدا دواكەسێك كە توانیبێتی لە رێگای كەسێتی بەهێزیەوە رووبەرێك لە خەڵك كۆبكاتەوە نەوشیروان مستەفا بووبێت، كە ئەو كۆكردنەوەش راستە بەشێكی پەیوەندی بە كەسێتی خۆیەوە هەیە، بەڵام بەشێكی تری پەیوەندی بەو كەلتووری دابەشبوونەوە هەیە كە لە نێوان نوخبەی رۆشنبیری مەكتەبی سیاسی پارتی و سەركردایەتی بارزانیدا روویدا. بۆ ماوەیەك ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال رابەرایەتی ئەو نوخبە رۆشنبیرەیان كرد بە دژی دەسەڵاتی كەسێتی كاریزمی مەلا مستەفا. ئەنجامی ئەوەش بەوە شكاوەتەوە كە ئیبرایم ئەحمەد لە قۆناغیكدا وەستاوەو رووناكی مام جەلال كە زیاتر بنەمای كەسێتی كاریزمی هەبووە، ئەوی شاردووەتەوە.

لە قۆناغی گەشەسەندنی یەكێتی نیشتیمانیشدا كە كاریزمای مام جەلال باڵی بەسەردا كێشاوە، مام جەلالیش رۆڵی هەبووە لە زیاتر دەرخستنی كەسێتی نەوشیروان مستەفادا، تا لەم قۆناغانەی دوایدا بە تایبەتی دوای ئەوەی م