كوردستان و مەترسییەكانی داڕمانی ئابووری

لە كاتێكدا سەركردە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە دانوستاندندان، لە ساڵی 2014 وە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی داراییدا تێدەپەڕێت و ئێستاش قەیرانی سیاسی هاتووەتە سەر. دابینكردنی بژێویی خەڵكی كوردستان لە هەموو كات ئەستەمتر بووە، گەواهیی ئەوەش راگەیاندنە توندەكانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی دارایین كە لە ماوەی رابردوودا لە دژی یەكتر بڵاویان دەكردنەوە. لەو بەیاننامانەدا زۆر بەڕوونی دیار بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا چەند لە لێواری داڕمانی ئابووری نزیكبووەتەوە و بۆ دابینكردنی مانگێك مووچەی فەرمانبەران چەندە رێگەی  پێج و پەنا دەگرێتەبەر، خۆ ئەگەر گرێكوێرەیەك لەو پرۆسەیەدا دروستبێت، ئەوا دەستبەتاڵ دەمێنێتەوە. 

كاتێك لە سەرەتای ساڵی 2014، دەسەڵاتدارانی كوردستان بیریان لە سەربەخۆیی ئابووری دەكردەوە و دەستیان بە هەناردەكردن و فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت كرد، نرخی بەرمیلێك نەوت زیاتر لە 100 دۆلار بوو. ئەوان دایاننابوو ئەگەر تەنیا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكەن و بیفرۆشن بە نرخی 100 دۆلار، ئەوا مانگانە 750 ملیۆن دۆلاریان دەستەبەر دەكرد كە دەیكردە مووچەی هەموو فەرمانبەران. بەڵام لە بێبەختیی كورد، هەر كە ئەو بوو بە خاوەنی نەوت و توانی رێژەیەكی بەرچاو نەوت بەرهەمبهێنێ و هەناردەی بكات، نرخی ئەو كاڵایە كە خەریكە ستراتیژیبوونی خۆی لەدەست دەدات، داڕما. ئێستا بەرمیلێك نەوتی ئەمریكی بە ئەستەم 40 دۆلار دەكات و نەوتی برێنتی دەریای باكووریش 45 دۆلار زیاتر ناكات، چ بگات بە نەوتی كوردستان.

 لەبەر ئەوەیە تەنانەت بە هەناردەكردنی رۆژانە 550 هەزار بەرمیلی ئێستا بە نەوتی كەركووكیشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەستەم دەتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابین بكات، جگە لەوەی لێرەو لەوێ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لە كوردستان هاواریان لێ بەرز بووەتەوە و داوای دەستحەقەكانیان دەكەن كە ماوەیەكی درێژە دواكەوتووە و ئەگەر پێیان نەدرێت، ئەوا كار لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دەكات و دایدەبەزێنێت، ئەوەش خۆی دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی داهاتی نەوتی كوردستان.

دابینكردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەڕێی هەناردەكردنی راستەوخۆی نەوتەوە چەندین جۆرە مەترسی لەسەرە كە جگە لە مەترسییە سیاسی و جیۆپۆلیتیكییەكانی وەك رەوشی ئاڵۆزی ئێستای توركیا و دەستپێكردنی دووبارەی شەڕ و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی عێراق و ئەگری تەگەرە دروستكردن بۆ هەناردەكردنی راستەوخۆی نەوتی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، ئێستا مەترسی نرخەكان و مەترسی خواست و دابینكاریشی كەوتووەتە سەر. كاریگەریی مەترسییە جیۆپۆلیتیكییەكان زۆر ئاشكرایە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند كە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بەهۆی تەقاندنەوە و پەكخستنی بۆڕی نەوتی كوردستان- جەیهان زیانی كردووە كە بەرابەرە لەگەڵ نیوەی بودجەی مانگێكی هەرێمی كوردستان. مەترسیی نرخەكانی نەوتیش تا لە كۆتایی ئەمساڵ نزیك دەبینەوەو بەرەو 2016 دەڕۆین، زیاتر دەبێت. مانگی رابردوو نرخی نەوتی برێنت لە نزیكەی 65 دۆلارەوە لە ماوەی 30 رۆژدا گەیشتە 45 دۆلار و 20%ی بەهای خۆی لەدەستدا. ئەوە بەو مانایە دێت كە داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەمان شێواز بە رێژەی 20% كەمی كردووە. پێشبینی دەكرێت لە كۆتاییەكانی ئەمساڵ و بەگەڕاندنەوەی ئێران بۆ بازاڕی نەوت، هێشتا نرخی نەوت زیاتر دابەزێت. ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستا نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە لە بازاڕدایە و ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی جیهانیی نەوت هەیە و پێشبینیكراوە تا نیوەی ساڵی داهاتوو بەو ئاراستەیە بڕوات.

لە ژێر رۆشنایی ئەو هەموو مەترسییە كە لە بەردەم دابینكردنی بژێویی ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، زۆر پێویستە لایەنەكانی بەشدار لە حكومەتی بنكە فراوانی هەرێمی كوردستان، كە بەداخەوە ئێستا ستوونەكانی لەرزیون، پێكەوە هاوكاربن و خەمێكی جددی لەو رەوشە بخۆن. هیچ نەبێت لەگەڵ یەكتر بگەنە رێككەوتنێك و پرسە سیاسییەكان یەكلایی بكەنەوە، چونكە خراپتربوونی رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان هەمووان بەیەكەوە نوقم دەكات، تا راددەیەك كە بە قەرزی دەرەكیش، ئەگەر بتوانێت وەریبگرێت، چارەسەری ئەو رەوشە ناكرێت، نەخاسمە لە ئێستادا كە تووشی شەڕێكی نەخوازراو هاتووە لە دژی تیرۆریستان.