ئامار یان گۆترە؟

پێشكەوتن و تەكنۆلۆژیا بەجۆرێ پێشڕەویان كردوە داتا و ژمارە بونەتە سەرچاوەی زانست و پلاندانان، لەهەمو بوارێكدا ئەگەر داتاو ژمارە نەبێت ئەوا نەك پلان دانانرێ بەڵكو پاشاگەردانی و سەرگەردانی ئەبنە دوانەیەكی ڕەزاقورس .

لەماوەی ڕابوردودا زیاتر لەنیودەرزەن كابینەی حكومەتمان بەڕێكرد، بەڵام ئەوەی بوە بەدیاردەیەك كە لەهەمو بۆنەیەكداو لەهەمو بوارێكداو لەهەمو دیدارێكدا، هەركەس بدوێنی، لەئاستی وەزیرو بەرەوخوار، باسی كێشەیەك یاقەیرانێكی لێبپرسی، لەمیانەی قسەكانیدا بۆ خۆپەڕاندنەوەو دەربازبون لەپرسیارو بەرپرسیارێتی یەكێ لەفەرمایشتەكانی كەئەیدا بەگوێماندا، ئەوەیە كەداتایەك یا ئامارێك لەبەردەستانیە.
سەیرەكە لەوەدایە كە هەمو وەزارەتێك بەجیا بەڕێوەبەرایەتی ئاماریان هەیە، وە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانێش بەگشتی یەكی بەڕیوەبەرایەتیەكیان قوتكردوەتەوە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی ئامار، كەواتە بۆ ئامار لەبەردەستانیە؟ ئایا مەئمورەكانی ئەمبەشانە بندیوارن؟ یا هەروا پۆستەكانیان پڕ بەبەریانبڕراوەو دورراوە؟ ئەمە جگەلەوەی، لەهەموشارێك بەڕیوەبەرایەتیەك هەیە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی ئامار، ئەو ئامارانەی لەبەردەستانیە، ئەو ملیۆنانە كەنازانرێ بۆ ون ئەبن، ئەوكاروانە تەنكەرانەیە كەئۆغر ئەكەن بەرەوژورو بەرەوڕۆژهەڵات؟.
بەڵێ ئامار لەبەردەستا نیە بۆشیرینی گرێبەستی نەوت، ئامارنیە بۆ پرۆژەی سەقەت، ئامارنیە بۆ موچەی پلە تایبەت، ئامارنیە بۆ بندیوار، ئامارنیە بۆ حیمایە، ئامارمان نیە بۆ قۆرغكاری كۆمپانیای حیزبی، ئامار بڤەیە بۆ لێپرسینەوەی تەلبەندكردنی وڵاتێك، ئامارمان پێوێست نیە بۆ خەرجی و مەسروفاتی گیرفانی كوڕە بەرپرسەكان، ئامار لەبەردەستا نیە چەند بازرگان لەگەڵ داعش شەریكن، ئامارمان نیە بۆ ئەوانەی لەشەوڕۆژێكدا دەبنە ملیۆنێر، تەنانەت ئاماری وەعدی درۆشمان نیە!

ئەی ئامارێ بۆ ئەو هەمو گەنجە بێكارە ، لە مەملەكەتی خواپێداوا بۆ ڕیژەی بێكاری ساڵی یەك دوو جار بە پۆینت حسابی ئەكەن ، ئامارێ لەبەر دەستا نیە لەچك و حیجاب چەند لە هەڵكشاندایە ، ئەوەی جێی واقوڕمانە، وەزارەتێكمان هەیە بەناوی وەزارەتی پلاندانان، ئەوا وەك هەمو داماوی و نەهامەتیەكیتر شایەتمانمان بەشانی وەزارەتی ناوبراودا هێنا !  ئەی ئەم وەزارەتە پلانەكانی مەملەكەت لەسەرچی بنیات ئەنێت؟ ئایاخۆی ئامار جێبەجێ ئەكات؟ یا هەواڵگری بەسەر دیوەخانەكانەوە ئەكات و بەئامار لەقەڵەمیان ئەدا.

 ئەی ئەو كات هاوڵاتی مافی ئەوەی دەبێت بپرسێت كوا پلان؟ كوا ئامار؟ كوا داتا؟ ئایا ئیمە لەكوێی ئەم دنیایە داین؟ لەدنیای ژمارەو داتادا چیمان دیارە؟ ئەی بەڕاست خۆ لەسەرزمانی حكومەتەوە لەسەر زارو وتەی بەرپرسانەوە هەموان كۆك و ڕێكین لەسەر ئەوەی كە گەندەڵی جەستەی حكومەت و وڵاتی داڕزاندوە، ئەی ئاماری گەندەڵیشمان هەر نیە؟.

 ئەرێ بۆ خاتری خاتران ئەی ئێمە داتای چێمان هەیە؟ ئازیزان كار وابڕوا لەمەولا باشتروایە واز لەژمارەو داتا بهێنین، چونكە گاوركردە، ناوی خوای لێبهێنین دەست لەدەستو قەوەت لەحكومەت بەگۆترە لێخوڕین .