رزگاركردنی كوردستان لە بێ پارەیی

نزیكی ساڵێكە ئەم وڵاتە دەناڵێنێ بەدەست قەیرانێكەوە و هەتا ئێستا چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەم ئاسۆیەك بخەمەڕوو بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە.

 سەرەتا پێویستە كێشەكە دەستنیشان بكەین. ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ قەیرانی داراییە نەك ئابووری. ئابووریمان هەر نییە هەتا قەیرانی هەبێت. دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی بۆ دابەشكردنی مووچە پێیناگوترێ ئابووری. دەبێ سەرەتا ئابووری دابمەزرێنین، دواتر قەیرانی دارایی چارەسەر بكەین. لەم خاڵانەی خوارەوەدا شەش هەنگاو دەخەمەڕوو بۆ بنیاتنانی سیستەمی ئابووری و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی.

1- كۆمپانیا هەناردەكارە بیانییەكان كە دەیان ساڵە لە وڵاتی خۆیان شمەك بەرهەمدێنن و بە پارەی كاش دەیفرۆشن بە كوردستان، ناچار بكەن بە كردنەوەی كارگە و یەكەی بەرهەمهێنان لەم وڵاتە. هەموو ئەو شمەكانەی ئێوە لە ماركێتەكان دەیانبینن و دەیانكڕن، بەرهەمی بیانین. یەكێك لە توركیا، یەكێك لە ئێران، ئەوانی دیكە لە ئوردن و سعودیە، تەنانەت لە بەرازیل بەرهەمهێنراون، كرێی گواستنەوە و قازانجی هاوردەكارە كوردەكەشیان چووەتە سەر، ئەوسا گەیشتوونەتە سەر رەفی ماركێتەكان. ئەم كۆمپانیایانە دەستكەوتێكی زۆریان لە كوردستانەوە دەستدەكەوێت و ئامادەنین دەست لەم بازاڕە هەڵگرن. كەوابوو لەگەڵیان رێكبكەون، زەوییان بدەنێ و با بێن لە كوردستان یەكەی بەرهەمهێنان دابمەزرێنن. بەم هەنگاوە هەم بەرهەمی ناوخۆیی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات، هەم نرخی شمەكیش لە بازاڕەكان دادەبەزێ.

2- سیستەمی باج كارا بكەن. لەهەموو وڵاتان سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت باجە، نەك فرۆشتنی نەوت. دەبێت كوردستان فێری ئەمە ببێت. باجی داهات، باجی كڕین، باجی فرۆشتن، باجی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و هەموو ئەو باجانەی لە جیهاندا بیستوومانن، دەبێت لەم وڵاتەدا كارا بكرێن. دەبێت هەم هاووڵاتی فێرببێت كە باجدان ئەركی سەرشانێتی و هاووڵاتیبوونی بەستراوە بەوەوە، هەم حكومەتیش فێرببێت خەرجییەكانی بەپێی ئەو داهاتە رێكبخات كە لە رێگەی باجەوە دەستیدەكەوێ.

3- سیستەمی خانەنشینی بۆ مووچەخۆرانی كەرتی تایبەتی دابمەزرێنن. حكومەت هێندەی پێویستی بەڕێوەبردنی كارەكانی، كارمەند بەكاربخات. لەبەرامبەردا هاووڵاتیان هانبدات بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت لەڕێگەی دامەزراندنی سیستەمی خانەنشینی بۆ كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەت لەگەڵ پێدانی ئەو دڵنیاییانەی دەدرێن بە كارمەدانی كەرتی گشتی.

4- بانكێكی ناوەندی كارا دابمەزرێنن، چاوبخشێننەوە بە مۆڵەتی ئەو بانكە ئەهلیانەی كە لە كوردستان كاردەكەن. هەر بانكێك خوازیارە كاربكات، ناچاری بكەن بە خەواندنی بڕێك پارە لە بانكی ناوەندی. چەند بانكێكی جیهانی باوەڕپێكراویش بانگهێشتی كوردستان بكەن. بە یاسایەك گەرەنتی بدەن بە سەرجەم هاووڵاتیان كە ئەو پارەیەی دەیخەنە بانكەكانەوە لەژێر پاراستن (حیمایە)ی بانكی ناوەندیدایە و بەوشێوەیە متمانە لای خەڵكی دروست بكەن.

5- كەمپەینێكی نیشتیمانی رابگەیەنن بۆ گەیاندنی پارەی هاووڵاتیان بە بانكەكان. تەنها ئاڵتوونی ژنانی كورد ئەگەر لە ژوورەكانی نووستن رزگار بكرێن و بگەنە نێو بانكەكان، بەسن بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەیەكی دارایی ملیاران دۆلاری بۆ گەشاندنەوەی ئابووریی كوردستان. بەمەرجێك حكومەتێكی كارامە ئیدارەی سیاسەتی ئابووریی وڵات بكات و چاودێریی بانكەكان بكات بۆ دڵنیابوون لە بەكاربردنی ئەو پارەیە بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری دەكات.

6- ئەوسا كوردستان بكەنەوە بەڕووی سەرمایەگوزارانی جیهاندا. لەبری خەرجكردنی پارەی دەوڵەت، سوود لە مۆدێلی بنیاتی بنێ – كاری پێ بكە – بیگەڕێنەوە (Build Operate Transfer – BOT) وەربگرن. ژێرخانی ئەم وڵاتە بە كۆمپانیا بیانییەكان دابمەزرێنن، با 20 ساڵ ئەوان كاری پێ بكەن و سوودی لێوەربگرن، دوای ئەوە بیگەڕێننەوە بۆ حكومەت. دەیان پرد، ئۆتۆبان، نەخۆشخانە، خوێندنگە، كارگە و پاڵاوگە بەم شێوەیە دابمەزرێنن.
رێگەی سەربەخۆیی بە ئابووریدا دەڕوات، ئابووریش بەم شێوەیە بنیات دەنرێت. هەتا ئابووری دانەمەزرێنین نابینە هیچ.