مەعمەلی جگەرەکە ‌

بیرم دێ چیمەنەکەی  پێشەوەی حەوزو فوارەیەکی لێبوو شەوانی هاوین ئاوی رەنگاو رەنگی بەئاسمانا هەڵئەیا ئەوکات ئێمەی مناڵ و خەڵکە سادەکە ئەچووین بۆ سەیری وامان ئەزانی ئاوەکان هەر یەکەو رەنگێکە نەمان ئەزانی بەهۆی ئەو گڵۆپانەوە بوو کە لەبن هەر یەکێک لەو فوارانەوە چەسپ کرابوو ئەگەر گڵۆپەکە شین بوایە ئاوەکە شین ئەبوو ئەگەر سوور بوایە سوور ئەبوو هەروەها.
 ئەو خەڵکەی ئیشیان تیا ئەکرد سیفەت و رەنگ رووی کرێکاری نیزامیان پێوە ئەبینرا بەدلەیەکیان لەبەر ئەکرد کە رەنگەکەی شین بوو ئیشەکە بە شەفت بوو واتا مەعمەل بەردەوام ئیشی ئەکرد وەجبەیەک لەبەیانیەوە تاوەکو عەسر ئیشیان ئەکرد وەجبەیەکی تر لەدوای ئەوانەوە  دەستی پێئەکرد  کاتی دەستپێکردن و تەواو بوون شوتی لێئەیا بۆ یەکەم جار بوو لەمێژووی سلێمانیا ژن و پیاو پێکەوە لەیەک شوێنا ئیش بکەن ئەو شوێنە کارگەی جگەرەی سلێمانی بوو لەو سەردەمەیا شتێکی تەواو شارستانی بوو، چونکە هاتنە دەرەوەی ژن لەماڵەوەو بۆ ئیشکردن راستە هەنگاوێکی بچوک بوو، بەڵام پتەوبوو بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
لەدوای راپەڕینەوە بەهۆی کەمیی هاتنی کەرەستە بۆ دروست کردنی جگەرە کارگەکە ئیشی کز بوو ئێستا لەکار کەوتووە بیرۆکەیەک هەیە ئەڵێن نوێژەن بکرێتەوە تاوەکو وەکو جاری جاران لانیکەم لەم بێ ئیشیەیا نزیکەی هەزار کرێکارێکی تیا بکەوێتەوە ئیش دوو بیرۆکەی تر هەیە هی هەندێک لە ئەهلی کتێبە یەکەم ئەڵێ: لەبەرئەوەی شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە پێشنیازمان وایە بکرێتە کتێبخانەی نیشتیمانی ئەوی تریش ئەڵێ خۆزگە بکرایەتە شارێکی رۆشنبیری ئەگەر ئەم دوو فیکرەیەی دواییان لەوڵاتێکی غەیری کوردستان کە رادەی بێ ئیشی بەهۆی زۆری هەلی کارو دەست رەنگینی خەڵکەکەوە ئەوەنە کەم بۆتەوە کە هیچ مەترسیەک لەسەر لایەنی ئابووری وڵات دروست ناکا تەرح بکرێن بەدڵنیاییەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام لای ئێمە کە بەڕادەی بێ ئیشی زۆرو کەمی دەرفەت لەبەردەمی گەنجانا بۆ دۆزینەوەی کارو دەست سپێتی بەناوبانگە ئەو جۆرە پیشنیازانە زیاتر یارمەتی بێش بوون ئەیەن بەتایبەتیش ئەم وڵاتەی ئێمە خوا قوڕێکی وای کردووە بەسەریا شاعیرو نووسەرو ئەهلی کۆڕو سیمیناری لەئیشکەری زۆرترە خەرجیە رۆشنبیریەکانی لەگەڵ ئاستە رۆشنبیریەکەیا قەت نایەتەوە تۆ تەماشاکان رۆشنبیرییەکی هەژاری هونەریی ئەدەبی فکری، بەڵام سەخاوەتێکی عەجایب لەپارە خەرج کردن لەو بوارانەیا!.
پێم باشترە ئەو مەعمەلە بکرێتە نیوەندێکی گەورەی راهێنانی پیشەیی بۆ ئەوانەی کانسی تەواو کردنی زانکۆو پەیمانگەکانیان نەبووە بۆ ئەوەی لەوێ فێری خەیاتی، ئاسنگەری، بەنایی، سەرتاشیی، کاری بۆری چێتی، کارەبایی، میکانیکی سەیارە بن لەوڵاتانی پێشکەوتوو ئەو نێوەندانە لەهەموو شارەگەورەکان هەیە گەنجان دەست رەنگین ئەکەن باوەڕ بکەن ئەگەر خەڵک لەخۆ رۆشنبیر کردن بێ لەماڵەوە زیاتر ئەتوانێ خۆی پێبگەێنی، بەڵام سەنعەت فێر بوون راستە کەمێکی تیۆریە، بەڵام زۆربەی عەمەلیە لەشوێنی تایبەت لەبەردەستی شارەزا نەبێ فێری نابی.