بەقسەی ئێمە ناکەن بە قسەی ئەبو ناجی بکەن

ئەگەر بۆنو تامی نەوت نەبوایە ئەم مەملەکەتەی ئێمە ببوایە بە تەنورو نێڵە نێڵی ئاگر هەمومانی بکردایە بە قاورمەی سەرساج نە موسوڵمانێ نە گاورێ نە جویە لەسەرمان نەئەهاتە جواب، بەڵام کاتێ هاوپەیمانانی دۆلارو نەوت بۆیان تەخت بو ئیتر لە گەڵمان کەوتنە چاوباشقاڵی سیاسیو دەستیان دا بەشانمانا و هەندێ جارێش لای سەرو دامان ئەنێن، دەفتەری کۆن هەڵ ئەدەنەوە لە باپیرانەوە شی ئەکەنەوە کە گوایە ئامۆزای هەق باوک براین، جگە لەوەی مافی مرۆڤو مافی ژنو مافی چۆلەکەش زیندو ئەکەنەوە ، بۆ ئەوەی لە سەر مان هەڵ بەنێ. خۆلاسە وەک ئەوەی سەردەمی کۆنە یاریان کە دڕندەکەی تکریت بوو ئەمان گوێیان مسی تێکرابێ هیچیان نە ئەبیست ، تا شەماڵی پڕ لە ساماڵی پترۆل بە ئاگای هێنان . 
بەهەر سورەت قبوڵمانەو بەو فەلسەفەیەی کە تازە هات کۆنە خەڵاتە ،ئێمەی کورد ئێستا یاری تازەین ڕۆژگار پشتمان تێنەکاو بازاڕی نەوت هەر گەرم بێ ، بۆ ئەوەی ئێمە ئاشمان بگەڕێ . 
بەڵام ئەوەی کرۆکی ئەم باسەیە، ئەوەیە زۆر ناشیانەو نابەڵەیین ، نازانین لە کوێوە شەنی خەرمانەکەمان بکەین ، ئەوەتا لەم ماوە درێژەدا نەمان توانی چوار عانە پاشە کەوت بکەین و ڕۆژی ڕەشمان لە بەر چاوبێت بە جۆرێ کەوتینە شەنو کەوی پارە تا تەپڵی بانق بەتاڵمان لێداو تەنانەت قوتی مەردمەکەش دابین نابێت ، کە بە دەفتەری کۆنو حساباتیشا ئەچینەوە بڕە پارەی وا دراوە بە قەرز بە هەندێک دۆستو ئەحباب  و کەڵێنو کەلەبەری وای بۆ دۆزراوەتەوە ، کە وەستایی تیاکراوە لە گەندەڵیدا  بەناوی قەرزو وەبەر‌‌هێنانەوە کە وەک تەنافی جاڵجاڵۆکە نە حکومەتو نە وەبەر هێن خۆشیان سەری لێدەرناکەن ، هەروەک باسمان کرد ، دۆستانی نەوت دوانەکەوتون لە پێشکەش کردنی خزمەت گوزاریەکانیان هەربۆیەش زۆرێکیان  کونسوڵخانەیان داناوە لەهەولێری پایتەخت ، کە ئەمە دڵخۆشکەرە هەندێک لەو کونسوڵخانانە لە سەفارەتەکانی بەغدا چالاکترن ، ئومێد ئەکەین کە ئێمەش بچینە ڕیزی خواپێداوانەوە بەر ڕەحمەتی زەمانە بکەوێن ،ئەم عەشق عەشقێنەیەی ڕۆژئاواو ئەمەریکای گەورەو بەریتانیای عوزما تا سەربێت ، ئەوەتا ئەبوناجی لەزاری کونسولەکەیەوە کە ناوی کاک (ئەنکس مەکی) یە  ، لە چاوپێکەوتنێکا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنەدا لە ژمارە (٤٥٦) ی ڕۆژی (٩/١٢/٢٠١٤ )دا عەرزمان ئەکا کە لەندەن  ئامادەیە ڕێنمایمان بکات بۆ هەموار کردنو داڕشتنەوەی یاسای وەبەرهێنان ، کە لەم سەروبەندەدا بوە بەباسێکی گەرمی کەرتی تایبەتو پەرلەمانومیدیاو گەلێ ناوەندو لایەنی پەیوەندی دار ، کەڕاستیەکەشی هەر وایە ، جا حوکمەت گیان ، پەرلەمانی ئازیز ئێمە زۆرمان وتو نەتان بیست  هەندێ جار ڕەزای خۆشمانمان قورسکردوە یا زۆربڵێیمان کردوە ، وابەقسەی ئێمە ناکەن دە بەقسەی ئەبو ناجی بکەن  
                                                   دلاوەر سۆفی کەریم