سیستمی بانكی لە پارێزگای سلێمانی دوای راپەرین

سیستمی بانكی لە پارێزگای سلێمانی بەچەشنی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان درێژكراوی سیستمی بانكی عێراقە،بەشێوەیەك سەردەمانی پێش ڕاپەرینی ساڵی (1991) سیستمی بانكی لەپارێزگای سلێمانی پابەندی هەمان ئەو یاسا‌وڕیسانە بووە كە لەعێراقدا پەیڕەوكراوە،ئەمە وایكردبوو سروشتی كاری بانكە بەزرگانیەكان لە پارێزگای سلێمانی وەك لقیك لە بانكەكانی (الرافدین)‌و (الرشید) بەدەركەوێت، كەواتە ئەو بانكە بازرگانیانەی لە سنوری سلێمانی كاریان دەكرد سەرمایەی تایبەت بەخۆیان نەبووە،هەروەك ئەو دەسەڵاتانەی هەیان بووە زۆر سنوردار بوون،چونكە دەسەڵاتی گەورە كۆ بووبوەوە لای بنكەی سەرەكی ئەو دوو بانكە كە بنكی سەرەكیانی هەردوو بانكەكە كەوتبووە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.
سەبارەت بە بانكە تایبەتەكان (البنوك المتخصصە) كە پێكدین لە بانكەكانی پیشەسازی‌وكشتوكال‌وخانووبەرە،ئەوا ئەم بانكانیش بەچەشنی بانكە بازرگانیەكان تەنها لقی بنكە سەرەكیەكان بوون كە دەكەوتە شاری بەغدا،تەنانەت كار‌و چالاكیەكانی بانكە تایبەتكراوەكان لەپارێزگای سلێمانی بەهەمان ئەو پێوەرانەی كاركردن كە لەسەرانسەری عێراقدا پەیڕەو دەكران بەرێوە دەچوو.
بانكە تایبەتەكان لەپارێزگای سلێمانی زۆرتر كار‌وچالاكیان كۆ دەبوەوە لەبەخشینی قەرز لەبوارەكانی كشتوكاڵ‌وپیشەسازی‌وپێدانی پێشینەی خانووبەرە،دیارە مەبەست لە دروستكردنی ئەم بانكانە كاركردن بوو بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی‌و پیشەسازی‌ونیشتەجێبوون لەرێگەی دابینكردنی پارەی پێویست بەپێی ئەو یاسا‌و ڕینماییانەی كە كاریان لەسەر كراوە.
دوای ڕاپەرینی خەڵكی كوردستان‌وشڵوقبوونی پێگەی حوكمڕانی حكومەتی عێراق لە كوردستان‌وپێش كێشانەوەی دەزگا حوكمڕانیەكانی خۆی،ئەو حكومەتە دەستی كرد بە خاڵی كردنەوەی بانكەكان لەپارە‌وكەمكردنەوەی پارەی بەردەست (السیولە) لەبانكەكانی كوردستان بە پارێزگای سلێمانیشەوە،دواتر لە (26- 10-1991) حكومەتی عێراق بڕیاری كێشانەوەی دامودەزگا حكومیەكانی خۆی دەركرد،كە لەپاشانیشدا ئەوە دەركەوت ئەو پارانەی مابوونە لە بانكەكانی پارێزگای سلێمانی تێنەدەپەڕی لەهێندە لەسەدا (10)ی پابەندێتیەكانی (الالتزامات) ئەو بانكانە تایبەت بە ئەژمارە بانكیەكان كە پێكهاتبوو لە ئەژمارە بانكیەكان دەمیەكان (الحسابات الجاریە)‌وئەژمارەكانی گلدانەوە (حسابات التوفیر)‌و دانراوەكانی گلدانەوە (ودائع التوفیر)‌و پابەندیتیەكانی دیكەی ئەو بانكە بازرگانیانەی كە لەپارێزگای سلێمانی هەبوون.
بەچەشتنی هەموو بانكەكانی كوردستان،ئەوەی بەسەر بانكەكانی پارێزگای سلێمانی هێنرا نەك بەتەنها شۆكێك بگرە كارەساتێكی گەورە بوو كە لەناخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەك بانكەكانی سلێمانی بە ناو بانك بوون‌و لەناوەرۆكدا زۆربەی هەرە زۆری وەزیفە بانكیەكانیان ئەنجام نەدەدا،هەر ئەمەیش وایكرد بە ڕادەیەكی زۆر هاوڵاتیان‌وكەرتی تایبەت بتەكنەوە لە مامەڵەكردن لەتەك بانكەكاندا‌ومتمانەیان نەمێنی بەو بانكانە،بەتایبەتی لەو دەمەەی بانكەكان دەرهێنانی پارەی ڕاگرت بۆ ئەو خەڵكانەی پارەیان لەبانكەكاندا دانابوو.
لەنێوان كۆتاییەكانی ساڵی (1991)‌و سەرەتاكانی ساڵی (2003) كە ڕوخانی رژێمی پێشوی بەدوادا هات‌و دوای ئەو شوكە گەورەیە كە سیستمی بانكی لەپارێزگای سلێمانی هەژاند،چالاكیە بانكیەكانی پارێزگای سلێمانی ئیجگار سنورداربوو، بەشێوەیەك چالاكیەكانی ئەو بانكانە بەتەنها كۆ دەبوەوە لە هەڵگرتنی ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی پێشوی پارێزگای سلێمانی) كۆی دەكرنەوەی وەك داهاتە گشتیەكان بەشێوەی باجەكان‌وڕەسم‌وغەرامە‌وداهاتی بەرهەمە فرۆشراوەكان تایبەت بە فرۆشی نەوتی خاو‌وبەرهەمە نەوتیەكانی پالاِوگەی نەوتی سلێمانی‌وبەرهەمی كارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە‌و سەرچنار‌و جۆرەكانی دیكەی داهاتە گشتیەكان،لەلایەكی ترەوە بانكەكانی پارێزگای سلێمانی لەو دەمەدا هەڵدەستان بە ڕیكخستنی پرۆسەی خەرجیە حكومیەكان ئەوانەی پەیوەست بوون بە پێدانی مووچەی دامودەزگا حكومیەكان‌وخەرجیە حكومیەكانی تایبەت بە پێدانی پێشینەكانی ئەو كۆمپانیایانە پرۆژەیان بۆ حكومەت ئەنجام داوە،لەگەڵ ئەو وردە خەرجیانەی كە دامودەزگا حكومیەكان ئەنجامیان دەدا لەرێگەی لیژنەكانی كڕینەوە،هەورەها بانكەكانی پارێزگای سلێمانی هەڵدەستان بە تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی كار‌وچالاكیەكانی ئەو پرۆژانەی كە دامودەزگا حكومیەكان دەیانكرد،بۆ نمونە ئەو پرۆژانەی كە لەرێگەی ڕاپەڕاندنی ڕاستەوخۆ (التنفیژ المباشر) ئەنجام دەدران.