سەركڵێشەی ئابووری و بنكڵێشەی هەژاری

تەرازوویەكی لارسەنگ
ئێستا ئەگەرچی پەیوەندییە گرژەكەی نێوان هەولێر و بەغدا خەریكە هێور دەبێتەوە، بەڵام هەر دەبێت لە وەڵامی ئەو پرسیارانە بكۆڵینەوە كە ئاخۆ هەرێمی كوردستان كەی دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و پشت بەخۆی ببەستێ؟ ئاخۆ ناعەدالەتی و هەژاری و بێكاری لە پاشەڕۆژدا گرفت بۆ سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان نانێتەوە؟ كە سیستەمی ئابووری و كارگێڕی لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی رێكخراو دانەمەزرابێت، حاڵمان چۆن دەبێت؟
بەپێی پێوەر و بنەما زانستییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان، هەر كۆمەڵگەیەك چینی ناوەندییەكەی خۆشبژێوتر بێت، ئەوا دیارە عەدالەتی كۆمەڵایەتییەكەی كەمترە. بەپێچەوانەوە هەر كۆمەڵگەیەك گوزەران و ژیانی رۆژانەی پێكهاتەكانی لە یەكتر دوور بێت، ئەوە دیارە خۆشبژێوی هەر بۆ چینێكی بچووكە، بەشێكی گرنگی ئەو ناعەدالەتی و جیاوازییانە بۆ گەندەڵی ئیداری و دارایی و لاوازیی سیستەمی ئابووری دەگەڕێتەوە.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم:
یەكەم: جیاوازی مووچە و ناعەدالەتی 
خۆ ئەگەر بەپێی پێوەرە زانستی و كۆمەڵایەتییەكان بێت، گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناكرێت خراپ بێت، چونكە بە چوار ملیۆن كەسەوە، نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار كەس ــ بە مووچەخۆی فەرمی و هاریكارییە جیاجیاكانەوە ــ مووچەخۆرن. كەواتە گرفتەكە لە كوێدایە و ناعەدالەتی و جیاوازییەكانی ژیانی تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە چین؟
بەپێی ئاماری وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، 120 هەزار خێزان مانگانە مووچەی هەژاری وەردەگرن، كە مانگانە تەنیا 30 هەزار دینار بووەو ئێستا بووەتە 75 هەزار دینار، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانی تێكڕای خێزان چوار كەسە، كەواتە بەپێی ئەو ستانداردە جیهانییە، 480 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستاندا رۆژانە داهاتیان تەنیا 650 دینارە. كەچی 333 ئەندام پەرلەمان (111پەرلەمانتاری ئێستا و 222 پەرلەمانتاری خانەنشینكراو) مانگانە هەر یەكێكیان لە (5 ملیۆن دینارەوە تا 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت)، لێرەشدا ئەگەر ستانداردی جیهانی پێكهاتەی خێزان بەكاربهێنین، ئەوا هەر تاكێك لە 41 هەزارەوە تا 66 هەزار دینار رۆژانەی بەردەكەوێت. خۆ ئەگەر دەرچوویەكی زانكۆ با دوو ساڵیش خزمەتی هەبێت، مانگانە 436 هەزار دینار مووچەكەیەتی، كەواتە جیاوازیی سوودمەندی لە بودجەی حكومەت بە جۆرێكە كە لە دەرەوەی هەموو پێوەرە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانە و ناكرێت بەم بەراوردە رێكبخرێتەوە.
بۆیە دەبێت حكومەت:
1 – بە سیستەمی خانەنشینیی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەدارەكاندا بچێتەوە.
2 –  سیستەمی مووچە بە جۆرێك رێكبخرێتەوە كە مووچەكان ئەوەندە جیاوازییان نەبێت.
3 –  هەوڵ بدات دەرفەتی كار بۆ خەڵكی هەژار زیاتر بڕەخسێنێت، با ئەوانەی كە مووچەی وەزارەتی كار وەردەگرن، دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنێت.
دووەم: هەژاری
بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كار، ئەو 120 هەزار خێزانەی كە ئەو مووچەیە وەردەگرن نابێت هیچ داهاتێكی دیكەیان هەبێت وەكو (مووچە و دووكان و خانووی بەكرێ)، هاوكات بەپێی ئەو رووپێوەی كە رێكخراوی “WHO” لە ساڵی 2007ـدا كردوویەتی، 37%ـی ئافرەتان و گەنجانی هەرێمی كوردستان بێكارن. ئافرەتەكانیش زیاتر ئەوانەن كە هەژارن و ئاستی كۆمەڵایەتییان توند و تێكبەستراوە و بەهۆی دەستكورتییەوە زۆر خێزان نەیانتوانیوە كچەكانیان بەشدار بن لە باشتركردنی گوزەرانی ئابووریی خێزانەكانیان، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێكی زۆر لە خێزانە پلەباڵاكان بەشدارییەكی كارایان هەیە لە باشتركردنی گوزەرانی خێزانەكانیان وەكو وەرگرتنی مووچە و بازرگانیكردن.
هەموو ئامار و داتاكان ئەوەمان پێدەڵێن كە بوونی ئەم جیاوازییە زۆرەی مووچە، كاریگەرییەكی خراپی هەیە و خەڵكەكە چین چین دابەش دەكات و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش دەپچڕێنێت.
 بە گوێرەی ستانداردی جیهانی بۆ دیاریكردنی رێژەی هەژاری لە وڵاتێكدا، هەر تاكێك كە داهاتی رۆژانەی لە دۆلارێكی ئەمریكی (1250 دیناری عێراقی) كەمتر بێت، ئەوا دەكەوێتە خوارەوەی هێڵی هەژاری. ئەگەر لە 2 دۆلاری ئەمریكی (2500 دیناری عێراقی)ـیش زیاتر بێت، ئەوا دەكەوێتە سەرووی هێڵی هەژاری. كەواتە رێژەی هەژاری لەم وڵاتەی خۆشماندا لە ئاستێكی دیاری