قەیرانی دارایی و کایەی رۆشنبیریی له‌شاری سلێمانی

لە سێ ساڵی ڕابردوودا قەیرانی دارایی چەندین سێکتەری نێو کۆمەڵگای تووشی شەلەل کرد، ڕەنگە ئیتر نۆرەی سێکتەری رۆشنبیری بێت. داخستنی دەیان گۆڤار و رۆژنامەی جۆراو جۆر، داخستن و لە کاروەستانی دەیان ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی و کولتووری نموونەن بۆ ئەوەی کە سێکتەری رۆشنبیریش تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و ئەگەر ئەم قەیرانی داراییە چارەسەر نەکرێت، پێدەچێت چەندین سێکتەری دیکەش بگرێتەوە. 

هەموو ئەو رێکخراو و ناوەند و بنکە ڕۆشنبیریانەی کە چالاکییەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە، یان مەرگی خۆیان ڕاگەیاند بە جۆرێک لە جۆرەکان پاشەکشە بوو لەو بزاوتە ڕۆشنبیرییەی خەریک بوو سەر پێ دەکەوت و گەشەی دەکرد. گەشەکردنێک، کە ببێتە هۆی دروستبوونی زەمینەی دیالۆگ و هەڵوەستەکردن لەسەر تێکستە باشەکان و هەڵسەنگاندنی کتێبە گرنگەکان. بەڵام ئەم قەیرانە تاکی کوردی بە شتێکی دیکەوە سەرقاڵ کرد کە لە کایەی رۆشنبیریی دووری خستەوە ئەویش باسکردن و سەرقاڵبوون بوو بە خودی قەیرانەکەوە. قەیران هەمیشە جۆرە پەرجوویەکی تێدایە کە مرۆڤ لەسەر ڕێڕەوی بیرکردنەوە و کار و پڕۆژەی خۆی هەڵدەکەنێت و بەرەو جێگەیەکی دیکەی دەبات. خودی ئەم قەیرانەش لەم وەزیفەیە بەدەر نەبوو.

ئێستا دوای داخستی ئەو دەیان رۆژنامە و گۆڤارانە و وەستان و سیستبوونی چالاکی بنکەی ژین و یانەی قەڵەم ڕێکخراوە رۆشنبیرییەکانی دیکە. نۆرە گەیشتۆتە سەر ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە. ناوەندێک، کە پێویستییەکی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی و ئەو شارەیە کە ناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی پێدا هەڵواسراوە.

داخستنی ناوەندی ئەندێشە تەنها داخستنی کتێبخانەیەک نییە، چونکە ئەم جێگەیە بەدەر لەوەی کتێبخانەیەک بێت کۆمەڵێک چالاکی جۆراو جۆری دیکەی لە خۆگرتبوو هەر لە کردنەوەی کۆرسی زمانەوە بەبێ بەرامبەر تا دەگاتە سازدانی کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆکردن لەسەر کتێب و سازدانی چەندین سیمیناری زانستی جۆراو جۆر، کە کۆی ئەمانە پێویستی ئەم ناوەندە زیاتر دەکات، نەک شتی دیکە. بۆیە هەر لێرەوەیە کە لە داخستنی ئەم ناوەندەدا یەکەم زەرەرمەند نووسەران و رۆشنبیران و خوێنەرانن، کە چیتر جێگەیەک بەم هەموو چالاکییەوە نامێنێت ڕووی تێبکەن.

دوو مانگ لەمەوبەر کاتێک گۆڤاری منداڵی سەردەم (کە گۆڤاری تایبەتی منداڵان بوو دەزگای سەردەم مانگانە دەریدەکرد) دراخرا. یەکەم زەڕبە بەر کولتووری خوێندنەوە و خوێنەرانی ئاییندەی ئەم وڵاتە کەوت، کە نەوەکانمانن، چونکە ئەم گۆڤارە هەنگاوی یەکەمی ئاشنابوونی تاک بوو بە خوێندنەوە و لەوێوە رێگەی ڕۆشنبیریی دەناسی. ئێستاش کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە دادەخرێت زەڕبەیەکی گەورەتر بە خوێنەر و کتێبی کوردی دەکەوێت. ئەندێشە نەک کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کرد، بەڵکو لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتییەوە کتێبی کوردی بردە قۆناغێکی دیکەوە، ئەمە بێجگە لەوەی کاری گرنگی لەسەر کوالێتی چاپ کرد و کتێبی کوردی بردە قۆناغێکی دیکەوە، کە زۆربەی دەزگاکانی دیکە چاو لە ئەندێشە بکەن و بشبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی چاپخانەکانی کورستان بەو کوالێتییەی پێشووتر ڕازی نەبن. هاوکات هەوڵی ئەوەشیدا

لە رێی مارکێتینگێکی بەهێزەوە کتێب بە تەواوی کۆمەڵگا بناسێنێت و کتێب لەگەڵ تاکی کورد ئاشت بکاتەوە، کە پێشووتر فاسیلەک لەنێوانیان هەبوو. لێرەوە هەنگاوی ئەوەی نا کە ئەوەشی خوێنەر نەبێت وایلێبکات ڕوو لەم ناوەندە بکات لانی کەم سەیری کتیبەکان بکات، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە نزیکخستنەوەی کتێب لە تاکی کورد و هەر لێرەشەوە نووسەران و وەرگێڕکارانی لە خوێنەران نزیکخستنەوە و دەیان دیالۆگی کراوەی لە نێواندا سازکردن و وایکرد کتێبەکان بە واژووی نووسەران و وەرگێڕان بچنە نێو کتێبخانەی خوێنەرانەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کاری لەسەر دروستکردنی چەند کۆمەڵەیەکی دۆستی کتێب کرد، کە کاریان هاندانی خوێندنەوە و ئاشناکردنی کتێب بێت بە خوێنەرانی نوێ، کە ئەمەش هەنگاوێک لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە نزیکمان بخاتەوە. داخستنی ئەندێشە، ئەگەر بە دیوێکدا پاشەکشەبێت لە بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، ئەوا بە دیوێکی دیکەدا شەرمەزراییەکی گەورەیە بۆ ئەو شارەی ناوی پایتەختی رۆشنبیریی لێ نراوە و ئێستا گەورەترین و دیارترین ناوەندی رۆشنبیریی لەسەرەمەرگ دایە، کە هیچ کەس ناوتوانێ ڕزگاری بکات خوێنەران و دۆستانی کتێب نەبێت.

ئیدی لێرەوە ئەرکی نووسەران و ڕۆشنبیران و خوێنەران دەستپێدەکات، کە لە پێناو دانەخستنی ئەم ناوەندە و هاوشێوەکانیدا پێویستە ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببنەوە، بە شێوەیەک پشتگیری مانەوەی ئەم جۆرە ناوەندانە بکرێت تەنها لەپێناو ئەوەی چیتر قەیرانی دارایی نەبێتە خۆرەی کایەی ڕۆشنبیریی و مانگانە ناوەند و بڵاوکراوەیەکی گرنگی ڕۆشنبیرییمان لێ دانەخات.