ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی سعودیە ناسراو بە ئارامکۆ رایگەیاند، پلانیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2016 بەشێوازێکی بەرچاو بەرزبکەنەوە تەنانەت ئەگەر نرخی نەوت لە ئاستەکانی ئێستا زیاتر دابەزێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارامکۆ هەروەها رایگەیاند: “لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شەیبە بەرێژەی سەدا 33 بەرزدەکەنەوە بۆ رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل و ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیش لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بەرزدەکەنەوە بۆ دوو هێندەی ئێستا”.
ناسر رایگەیاند: “هەرچەندە جێبەجێکرنی ئەو پلانە ئاسان نیە ، بەڵام بۆ ئێمە گەشەپێدانێکی بەرچاو ئەژمار دەکرێت”.
سعودیە پلانێکی چاکسازی بەرفراوانی هەیە بۆ ئەوەی گرێدراوی ئابووری خۆی بە نەوت کەمبکاتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازی فرۆشتنی سەدا 5 ی پشکەکانی کۆمپانیای ئارامکۆیە.