کارگێری ئەلەکترۆنی

شەن جەزا کەریم

کارگێڕی ئەلەکترۆنی (Electronic Management) ئەو سیستمە نوێیەیە کە بەمۆدێرنترین ستایل کارگێڕی ئەبات بەڕێوە، بۆ دەرباز بون لەشێوە کلاسیکیەکەو کورتکردنەوەی کات‌و زوو ڕایکردنی ئەرکەکان‌و نەهێشتنی گەندەڵی ئیداری، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ کارمەندان‌و هەمو ئەوانەی پەیوەندیان بەچالاکی یان خزمەتگوزاری کۆمپانیا یاخود فەرمانگەو دامەزراوەکانەوە هەیە، بەپشتبەستن بەتەکنۆلۆژیای نوێ‌و گۆڕینی سەرجەم سیستمی کارگێری بۆ دیجتاڵی لەڕێگای کۆمپیوتەرو تٶڕەکانی ئینترنێتەوە، ڕێکخستنی تۆڕی تایبەت بەو دامەزراوەیی بیرۆکەی دامەزراندنی وەها سیستمێکی هەیە.

ئەبێت ئەوەش بزانین کە پەتای کۆرۆنا (کۆڤید١٩) بەخۆڕسکانە بوو بەباشترین ئەزمون، کە سەلماندی کارگێڕی ئەلەکترۆنی، سەرکەوتوەو دەرکەوت زۆرێک لەمامەڵەو کڕین‌و فرۆشتن‌و ڕایی کردن‌و جێبەجێ کردنی ئەرکەکان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام ئەدرا، لەکاتێکدا سەرتاپای جیهان کەوتبوە بەر کەرەنتینێکی گشتگیرەوە.

پێداویستیەکانی کارگێڕی ئەلەکترۆنی:

*دامەزراندنی بەشێک بۆ سازکردن‌و ڕێکخستنی ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان‌و کارمەندەکانی پسپۆری ئەو بوارە بن.

*ئامادەکردنی تۆڕێکی ناخۆیی تایبەت بەدامەزراوەکە، بۆ بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەمو بەشەکان بەیەکەوەو ئیدارە بەهەموو بەشەکانەوە، کۆمپانیا بێت یا دامەزراوەی فەرمی یان هەر پڕۆژەیەک.

*داڕشتن‌و ئامادەکردنی پرۆگرامی تایبەت بەپێی خواست‌و پێداویستی دامەزراوەکە.

*دابین کردنی هێڵ‌و تۆڕی ئینتەرنێت.

* ڕاهێنانی هەموو کارمەندان لەسەر کارکردن بەئامێرەکان‌و نوێبونەوە لەگەڵ رەوتی هەمو نوێگەریەکان، لەبەرئەوەی بواری دیجیتاڵی سیستمێکی وەستاو نیە بەردەوام لەنوێبونەوەدایە.

سودەکانی کارگێڕی ئەلەکرۆنی بریتیە لەم خاڵانە:

*جێبەجێ کردنی ئەرکەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوو پیشەیی.

*خێرایی لەڕاپەڕاندنی مامەڵەو ئەرکەکانداو کورتکردنەوەی کات.

* کەم کردنەوەی دەستی کار لەدامەزراوەکاندا، کە لەکۆتاییدا ئەبێتە کەم کردنەوەی خەرجی.

*دەربازبون لەشێوەی نوسراوی سەر کاغەز، پشتبەستن بەشێوەی دیجیتاڵی.

*کەم کردنەوەی سەردان‌و دیداری ڕاستەوخۆو

 گۆڕینی بۆ نامەی ئەلەکترۆنی.

ئامانج لەکارگێڕی ئەلەکترۆنی چییە؟

  • ڕێکردن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا، گەشەپێدانی سیستمی کارگێڕی‌و خۆ ڕزگار کردن لەشێوە کلاسیکیەکە وەک قەڵەم‌و کاغەزو دۆسیەو فایل‌و گۆڕینیان بەئامێری ئەلەکترۆنی‌و دیجیتاڵی
  • بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بەهاوڵاتیان ئەکرێت.
  • کەمکردنەوەی خەرجی لەمەڕ بەکارهێنانی پێداویستی پەروای لەقەڵەم‌‌و کاغەز، لەڕوی مرۆییشەوە کە کەمتری کارمەند ئەوێت.
  • پەیوەندی بەردەوام لەنێوان کارمەندەکانی دامەزراوەکەداو بەئاگایی‌و چاودێری هەموان لەڕێگەی مۆنیتەرەوە، نەهێشتنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ ڕوبەڕو لەنێوان کارمەندانداو بەفیڕۆنەدانی کات.
  • کەم کردنەوەی سەردانی ڕاستەوخۆی سەردانیکەران‌و گۆڕینی پەیوەندی بۆ شێوەی نامەی ئەلەکترۆنی، واتە ئیمێڵ.

دیارە هیچ سیستمێکیش بەدەر نیە لەکەموکوڕی‌و لایەنی نەرێنی، بۆیە پێویستە دەستنیشان بکرێن. هەموان بیستومانە کە هەندێ ئەکاونت هاک ئەکرێت لەلایەن کەسانی زۆر شارەزاو بەتواناوە، کە ئەتوانن نهێنی کۆدەکان بکەنەوەو بچنە ناو ئەکاونتەکانەوە بۆ هەر مەبەستێک بێت، لەبەرئەوە  ئەوجۆرە سیستمانە پێویستیان بەپاراستن‌و ئاگاداری بەردەوام هەیە کە ئەکەوێتە سەر چەن فاکتەرێک.

  • دابین کردنی کۆمپیوتەرو ئامێری پێشکەوتوو کواڵێتی بەرز.
  • بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت لەلایەن کۆمۆپانیای باوەڕپێکراوەوە.
  • دانانی سیستمی دژە ڤایرۆسی ئەلەکترۆنی تا کۆی سیستم‌و پرۆگرامەکان پارێزراو بن لەڤایرۆسی ئەلەکترۆنی، بەدانان‌و دابین کردنی دژە ڤایرۆسی بەهێز کە سەرچاوەکەی ئاشکرابێت لەلایەن کۆمپانیای باوەڕپێکراوەوە بێت.
  • دانانی کارمەندی شارەزا بۆ چاودێری‌و گۆڕینی پاسۆردو کلیلی کردنەوە ناو بەناو، گرتنەبەری هەمو ئەو ڕێگایانەی کە ڕێگری لەو جۆرە کارانە ئەکات.
  • پاراستن‌و هەڵگرتنی گشت داتاو زانیاریەکان لەهاردی تایبەدا کە پەیوەست نەبێت بەتۆڕی ئینتەرنیتەوە بۆ پارێزگاری کردنیان لە لەناوچونیان.

بەو هیوایەی لەداهاتویەکی نزیکدا نەک تەنها کارگێڕی ئەلکترۆنی، بەڵکو ببینە خاوەنی حکومەتی ئەلەکترۆنی.