وردەكاریی رەوانەكردنی پارەی مووچەی هەرێم لە بەغداوە

دوای سەردانەكەی هەفتەی رابردووی شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆكردن و رێككەوتنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەنگژەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بوو، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بنەمای پێشنیازەكانی سەردانەكە، بڕیاری رەوانەكردنی بڕێك پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا و وردەكارییەكەی بڵاو كردەوە.

وەك نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی ژمارەی 38ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتە سازكردن، باسی چەند دۆسیەیەك كراوە، لەوانەش ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوە.

وەك لە بەیاننامەی نووسینگەكە هاتووە، بە مەبەستی دابینكردنی سیولەی دارایی بۆ حكوومەتی هەرێم و دابینكردنی توانای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تا كاتی تەواوبوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە یەكلاكردنەوەی ئەو بڕە پارەی لە ئەستۆی هەرێمە بە گوێرەی بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری هەمواركردنەوەی بڕیاری پێشووی ژمارە 35500 بۆ ساڵی 2023 دا بۆ ئەوەی بەو شێوەی خوارەوە بێت:

1-هەرسێ بانكی رافیدێن و رەشید و بازرگانیی عێراق، بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەك قەرز بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن، بەو پێیەی پارەكە بە سێ وەجبەی یەكسان، 700 ملیار دینار بۆ هەر وەجبەیەك لە مانگی ئەیلوولەوە خەرج بكرێت.

2-وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕە پارەی قەرزەكە لە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2023 دەداتەوە، لە دوای یەكلاكردنەوەی ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمە.

3-لە حاڵەتی ئەوەی لە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023 ماوەتەوە بەشی دانەوەی قەرزەكە نەكات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرزەكە لە پشكی هەرێم لە بودجەی 2024 یان لە هەر شایستەیەكی تر بۆ ئەو بانكانە تەواو دەكات، ئەوەش پێش دانی هەر شایستەیەكی دارایی بە هەرێم.

4-وەزارەتی دارایی بڕێك پارەی هاوتا بۆ پارەی ئەو قەرزەی بە هەرێم دەدرێت لەو بانكانە دادەنێت، كە لە دوای جێبەجێكردنی بڕەگانی دوو و سێی سەرەوە دەتوانرێت رابكێشرێت.

5-دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان لێوردبوونەوە لە ژمارە و برشی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەكات، ئەوەش بە پێی ئەو لیستانەی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراون، لە ماوەی 30 رۆژ لە دەرچوونی ئەو بڕیارە.