لە هەرێمی کوردستان ساوار و بڕوێش تا ئێستاش بە رێگای نەریتی دروست دەکرێت

لە دوای وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆ، دەست دەکرێت بە دروستکردنی ساوار، بڕوێش و گەنمەکوتاو بۆ دابینکردنی زەخیرەی زستان تا ئێستاش ئەو کولتوورە لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان ماوە و دوای ئامادەکردنی جۆرێکی باشی گەنم، هاووڵاتییان لە بەیانییەکی زوودا دەست دەکەن بە گەنم کوڵاندن.

دوای ئامادەکردنی گەنمەکە کرداری ساوار و بڕوێش و گەنمەکوتا کردن بە چەند قۆناغێکی جیاواز تێدەپەڕێت و سەرەتا ھاووڵاتییان جۆرێکی باشی گەنم ئامادە دەکەن، پاشان لە مەنجەڵێکی گەورەی دەکەن کە پێی دەوترێت “مەنجەڵی دانوو” بە جۆرێک سەرەتا تا نیوەی مەنجەڵەکە ئاوی تێکراوە، پاشان ئاگر لەژێر مەنجەڵەکە دەکرێتەوە و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام دەبێت و کەسێکی شارەزا بەدیارییەوە دەبێت تا ئەوکاتەی ئاوی ناو مەنجەڵەکە بڵق دەدات و گەنمەکە نەرم دەبێت و دەکوڵێت.

دوای کوڵاندن، ئینجا چەند کەسێک کە جاران بە سەتڵ و سەبەتەوە بوو، ئێستا بە عارەبانەوە کە ژێر عارەبانەکەیان کون کون کردووە بۆ ئەوەی ئاوی زیادی لێ بتکێت و گەنمەکە دەگوازنەوە بۆسەر زەوییەکی تەختی پاک و لەوێ هەڵیدەخەن و چەند جارێک هەڵگێڕ و وەرگێڕی پێ دەکەن تا وشک دەبێتەوە و پاشان لە فەردەی دەکەن و دەیبەن لە رێگای لە ئاشکردنی دەیکەنە ساوار.

یوسف محەمەد عەلی کە خەڵکی گونده‌ و ساڵانە لەگەڵ کەسوکارەکەی خەریکی گەنم کوڵاندن دەبێت و دواتر بەشێک لە گەنمەکە وەک زەخیرە بۆخۆیان هەڵدەگرن و بەشێکی دیکەش لە بازاڕ دەفرۆشن.

یوسف ژمارەیەک ئاگردانی لە تەک یەکتر لە تەنیشت ماڵەکەی خۆی دروست کردووە بۆ کوڵاندنی گەنم و لەولاتریش زەوییەکی تەختی پاککردووەتەوە و کۆنکریتی کردووە و چواردەوریشی تەلبەند کردووە بۆ ئەوەی ئاژەڵ و پەلەوەڕ نەتوانێت بچێتە ناو گەنمەکە.

یوسف محەمەد عەلی وتی: “لە ١٠ی حوزەیران و لە کاتی وەرزی دروێنەدا، گەنم دەکڕین لە جۆرەکانی سیمیتۆ و ئەکساد. پاشان گەنمەکە ئەمبار دەکەین و دواتر لە رێگای مەنجەڵی گەورەوە دەیکوڵێنین بەجۆرێک ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێر لەسەر ئاگر دەبێت”.

یوسف محەمەد عەلی وتیشی: “سەرەتا ئاوێکی بە قەد گەنمەکە تێدەکەین، دوو کاتژمێر بۆ سێ کاتژمێر ئاگر لەژێر مەنجەڵەکە دەکەینەوە، هەر مەنجەڵێک پێنج فەردەی ٥٠ کیلۆیی گەنمی تێدەکەین، دواتر لە رێگای عارەبانەوە لەسەر زەوییەکە هەڵیدەخەین، دوای کاتژمێرێک لەوەی رۆژ لێیدەدا ئەوا وەریدەگێڕن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی هێشتا تەڕە وشک بێتەوە و دواتر لە رێگای کۆکردنەوە دەیخەنە ناو فەردەی گەورە و جارێکی دیکە ئەمباری دەکەن، پاشان بەپێی پێویست دەیبەینە ئاش و لێی دەکەین”.

کەشوهەوا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە کوڵاندن و وشکبوونەوەی گەنمەکە، چونکە ئەگەر کەشوهەوا شێدار یان باران بێت ئەوا ناتوانرێت کرداری کوڵان و وشکبوونەوە ئەنجام بدرێت و لەمبارەیەوە یوسف محەمەد عەلی وتی: “ئێمە پێشتر سەیری کەشوهەوا دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە کوڵاندنی گەنمەکە بکەین، چونکە لە باران و کەشوهەوای نالەباردا ناتوانین کردارەکە ئەنجام بدەین، کارەکانمان قورسە هەر وەک پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت ‘ساوار هەتا دەیخۆیت ئەوا دەتخوات’ واتا ئەرکی گرانە”.

دوای کوڵاندن و وشکبوونەوە، گەنمە کۆڵاوەکە لە ئاش دەکرێت و لەبەردەم ئاشێکدا لە شاری هەولێر، ژمارەیەک ژنی بەتەمەن لە رێگای بێژینگەوە خەریکی دابێژتنی ساوار و بڕوێشن و ژنێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە ١٥ ساڵە لەم ئاشەدا گەنم لێدەکات بۆ ساوار، بڕوێش و گەنمەکوتا.. هتد.

نەجاتە وەیسی (٧٠ ساڵ) بۆ وتی: “من ماوەی ١٥ ساڵە هاتوچۆی ئەو ئاشە دەکەم، لێرە ساوار، بڕوێش، گەنمەکوتا، قەرەخەرمان و هەموو پێداویستییەکان دەهێنمە ئێرە، خەڵکێکی زۆریش دێتە ئێرە، چونکە هەموو ئاشەکان هەڵگیراون و تەنها ئەو ئاشە ماوە”.

وتیشی :”دوای ئەوەی مانگی دوانزە گەنمان چاند و دواتر دروێنە و بژارمان کرد و کوڵاندمان، لێرە لە ئاشی دەکەین و دەیکەین بە ساوار، بڕوش، ئارد، پیرخەنی و ئاردەساوار”.

نەجاتە وەیسی لەبارەی ئەو جۆرانەی ساوار کە لە بازاڕدا هەن، وتی: “ئەو ساوارەی لە بازاڕ هەیە جیاوازە و بابەتی دیکەی لەگەڵ تێکەڵ کراوە، ئێمە لە کۆنەوە بەروبوومەکانی خۆمان خواردووە بۆیەش زیاتر شتی خۆماڵی دەخۆین”.