داهێنەری سفرو باوکی ماتماتیک

شەن جەزا کەریم

محەمەدی کوڕی موسای خوارزمی ٧٨١– ٨٤١ز بەیەکێك لەزانا گەورەکانی زانستی ماتماتیک ئەژمار ئەکرێت لەبنەچەدا خەڵکی شاری خوارزمە کە ئەکەوێتە ئۆزبەکستانی ئێستاوە، لەسەردەمی خەلیفە مەئمونی عەباسیدا ڕو لەبەغدا ئەکاو ئەبێتە سەرپەرشتیاری کتێبخانەی خەلیفە، تا دوا ساتەکانی ژیانی لەبەغدا دەمێنێتەوە هەر لەوێش بەخاک ئەسپێردرێ، هەربۆیە عەرەب بەزانایەکی عەرەبی لەقەڵەم ئەدەن، بۆ ئەوەی کەمێک زانیاریمان هەبێت لەسەر زانستی بیرکاری جێی خۆیەتی ئەم زانا بەناوبانگە بناسین، خوارزمی داهێنەری سفرە (٠). پێش ئەو ژماردن لەیەکەوە دەستیپێکردوە تا نۆ، ئەمەش یەکێک بوە لەهەرە کێشە گەورەکانی بەردەم بیرکاری، حساب‌و مامەڵە کردن هەروەها داهێنانی ژمارەکان گۆڕینی لەڕێنوسی هیندیەوە بۆ شێوەیەکی نوێ کە جیا بێت، هەربۆیە لەمڕۆدا زاناکانی بیرکاری‌و جەبرو ماتماتیک خوارزمی بەباوکی ماتماتیک‌و کێلکولەیتەر (حاسبة ) دائەنێن کە بەچەند قۆناغێک بوە بەم کۆمپیتەرەی ئێستا.

جگە لەمانە خوارزمی، زانستی حسابی کردە دو بەش کە بەشێکیان پێیئەوترێ (جەبر)، زۆرێک لەگرێ حسابییە ئاڵۆزەکان بەزانستی جەبر ئەکرێنەوەو ئەگەنە ئەنجام.

هەروەها لەزانستی سێگۆشەکاندا چەندین ڕێگای نوێی هێنایە کایەوە وەک (ساین‌و کۆساین)، (لۆگاریتمات).

محەمەد موسای خوارزمی تەنها زانای بیرکاری نەبو، بەڵکو جوگرافیاناسێکی شارەزاو گەردونناس‌و ئەستێرەناسێکی لێهاتوی ڕۆژگاری خۆی بوە، ئەم زانا بەناوبانگە داهێنانی زۆری هەیە لەبوارە جیاجیاکاندا، بۆ نمونە: کاتژمێری هەتاوی داهێنا، هەروەها نەخشەی جیهانی نوێ کردەوە توانی سەرپەرشتی تیمێک لەجوگرافیاناسەکان‌و نەخشەسازەکانی ئەو ڕۆژگارە بکات، کە بوە بنەمای سەرەکی ژێرخانی زانستی نەخشە بۆ جیهان.

هەروەها کاتێک لەدەرباری خەلیفە مەئموندا بوە زۆرێک لەکتێبەکانی کە بەلاتینی‌و هیندی نوسراون وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.

خوارزمی هەر بەوەوە نەوەستاوە هەمیشە لەداهێنان‌و لێکۆڵینەوەدا بو لەژیانیدا، زیاتر لەپانزە کتێبی داناوە لەبوارە جیاجیاکانی زانستەکانی ماتماتیک، گەردون، بەکارهێنانی ئامێری ئەستێرەناسی‌و گەلێ بواری تر.

ئەم زانا گەورەو بەناوبانگە لەژیانیدا زیاتر سەرقاڵی داهێنان‌و زانست بوە، کەمتر بەلای ئایین‌و مەزهەبدا ڕۆشتوە، هەربۆیەش چەندین بۆچون هەیە لەسەر ئاینداری خوارزمی. تائەو ئاستەی هەندێک لەنوسەرو زانای ئایینی باسیان لەوە کردوە گوایە ئەم کابرایە زەردەشتی بوە، کە هەر ناوەکەی محەمەد موسایە ئەو بۆچون‌و گومانانە ڕەت ئەکاتەوە. دیارە نەگەیشتنی پیاونی ئایین بەو ئاستە زانستیەی خوارزمی گەیشتویەتێ، جێی ئیرەی پێبردن بوە.

کەواتە ئەشێ بڵێین خوارزمی نەک هەر زانای سەردەمی خۆی بوە، بگرە تا ئەمڕۆش زانستەکەی چالاکەو سودبەخشە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی‌و زانستی بیرکاری، جەبرو ئەندازە.

خوارزمی نەک هەر بەداهێنەری سفر، بەڵکو بەباوکی (حاسیبە) دائەنرێ، کە تا ئەم چرکەساتەش مرۆڤ سەرقاڵی بوەو بوە بەزانستی سەدەی بیست‌و یەک. ئەمڕۆ خوارزمی بوەتە هێماو سونبولێک کە بۆ هەمو بوارو زانستیک پەیوەست بێت بەماتماتیک‌و کۆمپیوتەرو ژمارەوە بەکاردێت، ناوی خوارەزمی بوە بەناوێکی نەمرو ئایکۆن.