دامەزراوەیەكی ئەمریكی بڕی نەوتی هەناردەكراوی عێراق بۆ ئەمریكا ئاشكرادەكات

مانگی ڕابردوو عێراق چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریكا كردووە و بڕەكە بە بەراورد بە مانگی پێشتر كەمیكردووە.

كارگێڕیی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، عێراق چوار ملیۆن و 192 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریكا كردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەكە، لەو مانگەدا عێراق ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریكا كردووە، لەكاتێكدا مانگی پێشتر ڕۆژانە 192 هەزار بەرمیل بووە و كۆی نەوتی هەناردەكراوی مانگی تشرینی یەكەمی عێراق بۆ ئەمریكا پێنج ملیۆن و 760 هەزار بەرمیل بووە.

كارگێڕیی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا دەڵێت، عێراق ڕیزبەندیی هەشتەیەمینی ئەو وڵاتانەی گرتووە كە نەوت هەناردەی ئەمریكا دەكەن، دوای كەنەدا، مەكسیك، سعودیە، ڕوسیا، كۆڵۆمبیا، ئیكوادۆر و بەرازیل.