خاوەن پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل داوای چارەسەری کێشەی گرێبەستی ئەلکترۆنی دەکەن

ئا: زریان محەمەد

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەند ڕێنماییەکی لەبارەی کڕین‌و فرۆشتن‌و گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەوە دەرکرد، کە دەبێت لەکاتی کڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا گرێبەستی ئەلیکترۆنی واژۆ بکرێت‌و تێچووەکەی بەپێی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت، جگە لەوە وادەی مانگێک دیارییکراوە بۆ ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێل دەکڕن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بەناوی خۆیانەوە، ئەمەش کێشەی بۆ ئەو کەسانە دروستکردووە کە لەناو پێشانگاکانی کڕین‌و فرۆشتن کاردەکەن ڕۆژانە ئۆتۆمبێل دەکڕن‌و لەهەمان ڕۆژدا دەیفرۆشنەوە کە پێیدەوترێت (بیع‌و شراء).

بەپێی هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوێندراوە تایبەتە بەڕێنمایی ڕێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی (هاوردەکردن‌و گواستنەوەو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل)و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ڕێنماییەکە لەماددەی چوارەمدا دەڵێت “پێویستە لەسەر کۆمپانیای هاوردەکردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەهاوردەی کردووە دوای تێپەڕبونی لەماوەی (١٢٠) ڕۆژدا لەدوای داخڵکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر ناوی کۆمپانیا تۆماری بکات ئەگەر نەفرۆشرابێت لەو ماوەیەداو ئەم ماددەیە تەنها ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگرێتەوە”. بەپێی ماددەی شەشەم خاڵی یەک “بڕی دەهەزار دینار ڕۆژانە وەک پێبژاردنی دواکەوتن لەپەسەندکردنی گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کەلەلایەن لایەنی کەمتەرخەم دەدرێت”و بڕی ٥٠ هەزار دینار ڕۆژانە وەک پێبژاردنی دواکەوتن لەنوێکردنەوەی مۆڵەتی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەو هێنان‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل‌و بڕی ٥٠ هەزار دینار وەک پێبژاردن لەنمایشکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر جادەو شۆستەو بڕی ٣٠ هەزار دینار ڕۆژانە وەک پێبژاردن دیاریکراوە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لەلایەن کۆمپانیای هاوردەکار یان فرۆشیارو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لەکاتی تێپەڕبونی ماوەی (١٢٠) ڕۆژ لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل‌و تۆمار نەکردنی، بڕی ٢٠ هەزار دینار وەک پێبژاردن دیاریکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەڕەزامەندی هەردولا یان هەبونی هەڵە لەپڕکردنەوەی زانیاریەکانی گرێبەستەکەدا، هەر کۆمپانیایەک یان پێشانگایەكی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دوو گرێبەستی فرۆشتن یان زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلێک بکات بەبێ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێشوی بڕی ٥٠ هەزار دینار پێبژاردنی پێدەکرێت.

لەلایەن وەزارەتی داد لەهەرێمی کوردستان تانەی لەڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەکاری گرێبەستی ئەلکترۆنی کڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دراو ئاماژەیان بەوە كردوە كە ڕینماییەکان پێچەوانەی بەشی (٥)ی بڕگەی (١) لەیاسای هاتوچۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی هەموارکراوی بەرکار لەهەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی گرێبەستی کڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەگرێبەستە شکڵیەکانە دەبیت تەنها لەفەرمانگەکانی هاتوچۆ تۆمار بکرێت، هەر گرێبەستێک لەدەرەوەی فەرمانگەکە ئیعتیباری یاسای بۆ ناکرێت‌و (باطل)ە.

نوسراوەکەی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشداوە ڕێنماییەکان ڕۆڵی بریکارنامە (وکالە) ناهێڵێت، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی (٤٦)ە لەیاسای دادنووسی ژمارە (٣٣)ی ساڵی (١٩٩٨)ی هەموارکراو کە دەڵێت (للسندات المنظمە أو الموثقە من الكاتب العدل قوة تنفیزیە)، ئەمەو جگە لەوەی دژی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە ٤٠ ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراوە کە هەر کەسێک مافی پێدانی بریکارنامەی هەیە بەیەکێکی تر کە کارەکانی یاسایی پێبکات.

لانە احمد وەهاب، پارێزەر لەبەشی یاسای ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەمبارەوە بەرۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند “ئەو ڕێنمایانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراوە پاڵپشت بەیاسای ناوخۆی ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٠٩) دەرچووە لەکاتێکدا دەبێت یاسای دەلالی ژمارە (٥٨)ی ساڵی (١٩٨٧) بەهەند وەربگیرێت‌و لەلایەن وەزیری بازرگانیەوە ئەم ڕێنماییانە دەربکرێت، هەروەها ڕێنماییەکی لەو جۆرە دەکرێت بۆ مەبەستی ئاسانکاری جێ بەجێ کردنی یاساکە بێت، نەک بۆ دروست کردنی ئاستەنگی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە کاری کڕین‌و فرۆشتن بەئۆتۆمبێل دەکەن. جێی ئاماژەیە پێدانی مۆڵەت بەکۆمپانیاکان یان پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل بەگوێرەی یاسای دەلالی ژمارە (٥٨)ی ساڵی (١٩٨٧) کە ئەو دەسەڵاتەی داوە بەژوورەکانی بازرگانی‌و پیشەسازی كە کاری کڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەجۆری دووەمی کاری دەلالیەو لەهەمان یاسادا مەرجی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە کار بەکڕین‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن‌و سزای تیادا داناوە بۆ ئەوانەی کە سەرپێچی یاساکە دەکەن”.

دوای بەركاربوونی ئەم ڕێنماییە لە ڕێكەوتی 13 و 14 / 1/ 2022 پێشانگاكانی فرۆشتنی ئوتومبیل و كۆمپانیاكانی هاوردەی ئوتوبیل سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان كرد بەمەبەستی خستنە ڕووی سەرنج و تێبینیان لەسەر ( ڕێنمایی ژمارە 3 ساڵی 2021 ڕێنمای ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی هاوردەكردن و گواستنەوەو فرۆشتنی ئوتومبیل و پێشانگاكانی فرۆشتنی ئوتومبیل) هەمواری یەكەمی ئەم ڕێنمایی بەم شێوەیەی خوارەوە:

1. جێبەجێ كردنی ئەم رێنماییە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئایندەی قەبارەی ئەو جوڵە بازرگانییەی لەهاوردەكردنی ئوتومبێل‌و فرۆشتنی ئوتومبێل هەیە كە بەشێكی زۆری بۆ پارێزگاكانی تری عێراقە.

2. زۆرێك لەپێشانگاكانی فرۆشتنی ئوتومبێل‌و كۆمپانیاكانی هاوردەی ئوتومبێل نامێنن پێشانگاو كۆمپانیاكانیان پاكتاو دەكەن.

3. جێبەجێكردنی ئەم ڕێنماییە تێچوو رۆتینیات‌و كاتی زۆر دەوێت بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی ئوتومبیل لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.

4. لەجیهاندا سیستمی ئەلكترۆنی بۆ كارئاسانییەو پێویست بەسەردانی ڕاستەخۆ ناكات. فرۆشیارو كڕیار دەتوانن لەماڵ‌و شوێنی كارەكانیانەوە مامەڵەكانیان ئەنجامبدەن. ئەم سیستەمە پێچەوانەی ئەو بنەمایەیە.
5. لەمادەیەكی ئەم ڕێنماییەدا رسومات دیاری كراوە بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی ئوتومبێل لەنێوان ئەندامانی خێزان پێشنیاری لابردنی ئەو رسوماتە دەكەن.

6. بەپێی ئەم ڕێنماییە دەبێت ئوتومبێل لەماوەی 60 ڕۆژدا خاوەندارێتییەكەی بگوازرێتەوە لەفرۆشیارەوە بۆ كڕیار، ئەم بڕگەیە بۆ هاوڵاتیانی یئاسای گرفتێكی نییە، بەڵام هەزاران كەس لەپێشانگاكاندا كاری كڕین‌و فرۆشتنی ئوتومبیل دەكەن بۆ ئەم كەسانە گرفتە چونكە دیار نییە بۆیان لەماوەی چەند ڕۆژدا ئوتومبیلەكانیان دەفرۆشرێت، پێشنیار دەكەن ئەو كەسانەی كە كاری كڕین‌و فرۆشتنی ئوتومبیل دەكەن لەبازاڕی ئوتومبیلدا ناسنامەی بازرگانیان لەژوورە بازرگانییەكان بۆ بكرێت‌و ببەخشرێت لەتۆماركردنی ئەو ئوتومبیلانەی كە بەمەبەستی فرۆشتنەوە دەیكڕن.

7. داوادەكەن كاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست پێش بەناوكردنی ئوتومبیل هەر لەپێشانگاكانەوە ئەنجام بدرێت پێویست بەسەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ نەكات‌و ئەو بڕە رسوماتەش لاببرێت كە بۆی تەرخان كراوە.

8. ناچاركردنی كۆمپانیاكانی هاوردەی ئوتومبیل یاخود پێشنگاكان بەتۆماركردنی ئەو ئوتومبیلانەی كە هەیانە لەماوەی 120 رۆژدا بەناوی خۆیانەوە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەم بازرگانییە، چونكە كۆمپانیاو پێشانگاكان ئەو ئوتومبیلانەی كە هاوردەیان كردووە مەبەستیان فرۆشتنەوەیەو نازانن كەی دەفرۆشرێت‌و ئەم تۆماركردنەش بەناوی خۆیانە خەرجییەكی زۆری دەوێت‌و كاتی پێویستە كە زۆرێك لەكۆمپانیاو پێشانگاكان سەدان ئوتومبیلیان هەیە بۆ فرشتن، ئەو ئوتومبێلانەی كە تۆمار دەكرێت‌و ژمارەی كاتییان دەگۆڕێت بەتۆمار، خواستیان لەسەر نیە وەك لەسەر ژمارە كاتییەكان هەیە.

9. ماددەی شەش بڕگەی 2 دانانی 50 هەزار دینار وەك غەرامەی دواكەوتنی نوێكردنەوەی مۆڵەت زۆرەو چاوخشاندنەوەیەكی تێدا بكرێت. پێشنیار دەكەین 30 ڕۆژ یان زیاتر دابنرێت دوای بەسەرچوونی مۆڵەت بەهۆی پشوو یان سەفەری دەرەوەی وڵات یاخود نەخۆشی یان هەر هۆكارێكی تر دوای ئەو ماوەیە غەرامە ئەژمار بكرێت. غەرامە دەبێت لەڕووی ماوەوە دیاری كراو بێـت بەردەوام نەبێت‌و رۆژانەش نەبێت، مانگانە یاخود ساڵانە بێـت.

10. مادەی شەش بڕگەی 3 غەرامە كردنی ئەو ئوتومبێلانەی لەسەر شەقام شۆستەكان نمایش دەكرێن بەبڕی 50 هەزار زۆرەو پێویستە ئوتومبێلەكان ئەو غەرامانە بدەن زۆبەی كات پێشانگاكان ئاگاداری ئەو ئوتومبێلانە نین كە ڕاگیراون لەو شوێنانەدا.

11. ماددەی شەش بڕگەی 6 پێشنیار دەكەین لاببرێت، چونكە ئوتومبیل هەیە لەڕۆژێكدا زیاتر لەچەند جارێك مامەڵەی پێوە دەكرێت لەنێوان كڕیارو فرۆشیارانی پێشانگاكاندا، دوای ئەوەی كە كەسێكی ئاسایی كڕی كاری گرێبەستی بۆ بكرێت.