بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی: دەتوانرێت به‌رهه‌می جوتیاران هەناردەی شارەكانی عێراق بكرێت

جووتیاران و بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان لە چەندان بەرهەمی جیاجیای كشتوكاڵیدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، بەهۆی زۆریشەوە دەتوانرێت بەشێكی ئەو بەرهەمە هەناردەی شارەكانی عێراق بكرێت، جووتیارێكیش دووپاتی كردەوە كە بەرهەمی ناوخۆیی ئەوەندە زۆرە نازانن چی لێ بكەن.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، ئەمساڵ لە بەرهەمی ناوخۆیی، بەتایبەتی سەوزەكان لە ئاستێكی زۆر باش بووین، ئەوانەی پێویستن لە لایەن جووتیارانەوە بەرهەم دەهێنرێن لە ئاستی خۆبژێویدابووین، بڕێكی زۆر بەرهەم هەبوو، هەرچەندە بەهۆی كەمیی بارانەوە بەشێك لە جووتیاران بەرهەمیان نەگەیشت، بەڵام بۆ بازاڕ و پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ زۆر باش بووین و گرفتمان بۆ دروست نەبوو.

ڕاشیگه‌یاند ”بەرهەمەكانی پەتاتە و شووتی و تەماتە و خەیار و كاڵەك و پیاز كە پێویستن و رۆژانە هاووڵاتییان بەكاری دێنن، ئەمساڵ بە دەیان هەزار تۆن لەو بەرهەمانە هەبووە، جگە لەوەی پێویستیی ناوخۆییان پڕ كردووەتەوە، هاوكات بەشێكی زۆریشی هەناردەی شارەكانی تری عێراق كراوە، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی تەمامە زۆر زۆر بووە، شووتیش بەرهەمی باش بووە، هەموویان لە ئاستی خۆبژێوییدا بوون”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “لەو كاتەی بەرهەمی ناوخۆیی پێ دەگات، شارەكانی عێراق پشت بە بەرهەمی جووتیارانی هەرێم دەبەستن بۆ پڕكردنەوەی پێویستییان، بۆیە ئێستە جووتیارانی هەرێم لە ئاستێكی باشی بەرهەمهێنانن، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەكان هاوردەكردن قەدەغە كراوە، هەروەها باجیش زیاد كراوە، زۆربوونی بەرهەمی ناوخۆ و ساغكردنەوەی لە بازاڕی ناوخۆ هەمووی دەبێتەوە داهات و لە ناوخۆ ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت بە پێچەوانەی بەرهەمی هاوردەكراو”، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.

لای خۆیەوە سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی راگەیاند، هەندێ پێویستی هەن بەتایبەت سەوزەكان، بەردەوام رۆژانە دوو ژەم بەكار دەهێنرێن، پەتاتە و تەماتە و پیاز و خەیار، پێویستیی رۆژانەی پارێزگای سلێمانی بەو بەرهەمانەی كە پێویستن سەرو 400 تۆن بۆ یەك رۆژ دەبێت، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ زۆر لەوە زیاترە و ئەوەی زیادە بووە هەناردەی شارەكانی عێراق كراوە.

روونی كردەوە، ئەو كاتەی بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ پێ دەگات، هەموو رۆژێك لە سەوزەكان سەرو 400 تۆن هێنراوەتە عەلوەی سلێمانی و لەوێوە دابەشی هەموو ناوچەكان كراوە، بە درێژایی وەرزی پێگەیشتن ئەو بەرهەمانە پێویستی ناوخۆیان پڕ كردووەتەوە، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی شووتی و كاڵەك لە ئاستێكی زۆر بەرز و باش بوون، شووتی ئەمساڵ رۆژانە هەزار تۆن هاتووەتە عەلوەكان و رۆیشتووەتە دەرەوە، پیاز رۆژانە سەرو 500 تۆن دێتە عەلوەكانەوە.

پێوەست بەو بابەتەوە خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی لە پارێزگای سلێمانی وت، بەرهەمی سەوزە كە خۆی لە پیاز و پەتاتە و تەماتە و خەیار و سەوزەی تریش دەبینێتەوە، لە ناوخۆ هەرێم بەشی پێویستیی ناوخۆ پڕ دەكەینەوە، لەگەڵ دانەوێڵەكان وەك گەنم و جۆ، هەروەها كاڵەك و شووتی، بە تایبەتی ئەوانە لە ساڵەكە دەتوانین بە دوو وەرز بەشی پێویستی ناوخۆ پڕ بكەینەوە، بەشێكیشی هەناردەی شارەكانی عێراق بكەین.

ئاماژەی كرد، بەرەوپێشچوونێكی زۆر باشە كاتێك هەرێمی كوردستان لە بەرهەمەكان و پێویستییەكانی هاووڵاتییان گەیشتبێتە ئاستی خۆبژێوی، هەر لە هەموو هەرێمی كوردستان ساڵانە بە دەیان و سەتان هەزار تۆن لە هەر یەك لەو بەرهەمانە پێ دەگات و دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوەی بۆ جووتیار گرنگە كردنەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانە، جیا لە راگرتنی هاوردە و كردنەوەی سنوورەكانە لەگەڵ عێراق، شووتی بەهۆی ئەوەی دوو وەرزە، بەهار و پایزە، دەتوانین بەشی عێراقیش هەناردە بكەین، تەماتە ئەوەندە زۆرە نازانین چی لێ بكەین و پارەش ناكات.