بانکی نێودەوڵەتیی لەبارەی ئایندەی ئاو لەعێراق هۆشداریی دەدات

بانکی نێودەوڵەتیی لەنوێترین راپۆرتیدا دەڵێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە تاوەکو ساڵی 2050 ئاستی ئاو لەعێراق بەڕێژەی لەسەدا 20 کەمدەکات، هەروەک هۆشداریشیداوە لەوەی ئەو بارودۆخە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشەی ئابووریی و دەرفەتی کار لەو وڵاتەدا دەبێت.

راپۆرتەکە دەڵێت دۆسیەی ئاو یەکێکە لە قەیرانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 40 ملیۆن کەس و دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەکان، بەڵام بەهۆی شەپۆلەکانی وشکەساڵیی و کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، تووشی قەیرانێکی قوڵی بێئاویی و بێ کارەبایی بۆتەوە.

لەوبارەیەوە، ساروج کومار جەها بەڕێوەبەری هەرێمیی فەرمانگەی رۆژهەڵات لە بانکی نێودەوڵەتیی لەگەڵ راپۆرتەکە نوێکەدا بەیەننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا دەڵێت: بێ گرتنەبەری ڕێکاری کۆنکرێتیی، ئەو قەیرانەی لە کەرتی ئاودا هەیە زیانی گەورە بە چەندین کەرتی ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت و کاریگەریی زیاتر و زیاتر لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراق دادەنێت.

راپۆرتەکە هۆشداریداوە لەوەی تاوەکو ساڵی 20250 بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەیەکی تری گەرمی و کەمبوونەوەی ئاستی دابارین بەڕێژەی لەسەدا 10، وادەکەن ئاستی ئاوی سازگاری عێراق بەڕێژەی لەسەدا 20 کەمببێتەوە.

دەشڵێت لەژێر سایەی ئەم بارودۆخەدا ئاو ناگاتە نزیکەی سێیەکی زەوییە کێڵراوەکان، بەمەش تێکرای داهاتی نەتەوەیی راستەقینەی عێڕاق لەسەدا 4 دادەبەزێت کە دەکاتە 6.6 ملیار دۆلار بەراورد بە ساڵی 2016 ، لەبەرئەوەی دۆزی ئێستای ژێرخانی ئاودێری عێراق کاریگەریی لەسەر لەسەدا 60 زەوییە کشتووکاڵییەکان دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بەڕێژەی لەسەدا 30 بۆ 60 کەمببێتەوە.

راپۆرتەکە ئەوەشی وتووە کە پڕۆسەی درووستکردنی ژێرخانی نوێ و پەرەپێدانی پرۆژەکانی ئاودێریی پێویستیان بە 180 ملیار دۆلار هەیە لەماوەی 20 ساڵدا، لەکاتێکدا بودجەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەسەدا 0.2 ی بودجەی گشتیی زیاتر نییە کە تەنیا دەکاتە 15 ملیار دۆلار لەماوەی ئەو 20 ساڵەدا.