بازاڕی رەش

شەن جەزا کەریم

بازاڕی ڕەش (Black market) بەو بازاڕە ئەوترێت کە دور لەسیستمی فەرمی کار دەکات، بەئامانجی خۆ دزینەوە لەباجو ڕێساکانی بازرگانی و گومرگ و گشت تۆمارەکانی وابەستە بەیاساکانی ئابوری فەرمی وڵاتەوە، لەهەمان کاتدا لەبەرچاو نەگرتنی لایەنە مرۆڤایەتیەکە، وەک هەست نەکردن بەهیچ بەرپرسیارێتیەکی مرۆڤدۆستانە، هەروەها خستنەڕوی ئەو کاڵایانەی کە سانسۆریان لەسەرە یان یاساغن.

بازاڕی ڕەش مامەڵەکانی دور لەسیستمی بانک و بیمە مامەڵە دەکات بەپارەی کاش، ئەتوانین بڵێین بازاڕی ڕەش لەسەرتاسەری جیهاندا بونی هەیە، بەڵام فراوانی و قەبارەی بونی پەیوەستە بەتوندوتۆڵی دەسەڵاتەوە، بەو مانایەی سادەتر ڕونی بکەینەوە، ئەوە دەگەیەنێت بازاڕی ڕەش لەو وڵاتانەدا بەرفراوانترە کە گەندەڵی تیایدا باڵادەستترە لەیاسا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەسەلاتە تۆکمەو سیستمدارەکان سزای زۆر توندیان داناوە لەسەر ئەو کەسانەی لەو بازارەدا کڕین و فرۆشتن ئەکەن.

یەکێکی تر لەخەسڵەتەکانی بازاڕی ڕەش نەبونی پێگەیەکی جوگرافییە لەسەر نەخشە، واتە جێگایەکی دیاریان نیە، کەواتە هەربۆیە لەکەڵچەری فارسیدا پێی ئەڵێن “بازاڕی ژێرزەمینی”، لەزۆر وڵاتی تریشدا بەپێی کەڵچەر ناوی تری بەسەردا دابڕاوە لەوانە:
١ــ ئابوری نافەرمی
٢ــ ئابوری تۆمارنەکراو
٣ــ ئابوری شاراوە یان ئاشکرا نەکراوو نهێنی
بازاڕی ڕەش هەمێشە چاوی لەسەر ئەوەیە کە کاڵایەک بخاتە بازاڕەوە خواستی زۆری لەسەرە، بەنرخێک کە لەنرخی هاوشێوەکەی کەمتر بێت لەڕێی بازرگانیەکی یاسایی دروستەوە هاوردە ئەکرێت.

ئەوەی زۆرترین مامەڵەی پێوە ئەکرێت بە بەرچاوی کڕیارو دەسەڵاتیشەوەیە لەجیهاندا ، ئەمانەی لای خوارەوەن:
١ــ بازگانی چەک
٢ــ بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە کە ئەمەیان ئەچێتە خانەی تاوانی گەورەوە.
٣ــ بازرگانی کردن بەمادە هۆشبەرەکانو ئەو دەرمانانەی لەو بوارەدا بەکاردێت.
٤ــ بازرگانی زێڕ، ئەڵماس، گشت جۆرەکانی گەوهەرو خشڵی گرانبەها.
٥ــ بازرگانی خواردنەوە کحولیەکانو جگەرەو توتن.
٦ــ لەئێستادا بازرگانیکردن بەئەندامی جەستەی مرۆڤیشەوە هاتۆتەگۆڕێ کە ئەمەیان قێزەونترینیانەو ئەچێتە خانەی مافیاگەرییەوەو ئەبێتە تاوانی گەورە.
جگە لەم پۆڵێنە چەندین جۆر کاڵای تر لەبازاڕی ڕەشدا لەبڕەودایە. تەنانەت بازاڕی ڕەش دەستی خستۆتە بواری خزمەتگوزاریو هەندێ بواری تریش، وەک ئەوەی کەسێک پێویستی بەخزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلە یان خزمەتگوزاری پزیشکیە کاتێ کڕیارو فرۆشیار ڕێئەکەون کە بەبێ پسوڵەو دور لەچاوی تۆماری باج مامەڵە ئەنجام ئەدەن ئەوە بۆ هەردو لایەن بەسوودترە، کڕیار بڕە پارەیەکی کەمتر ئەدات و فرۆشیاریش خۆی لەباج دزیوەتەوە، دیارە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەوڵاتانێکدا زۆرترە کە ئابوری بەسیستمکراو تیایدا پیادە کراوە، زۆرینەی مامەڵەکان بەتۆماری ئەلەکترۆنیە.

جۆرێکی تر لەبازاڕی ڕەش کە گەشەی سەندوە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمپیوتەرو خزمەتگوزاریەکانی ئینتەرنێت وەک کۆپی کردنی ئەپلیکەیشن و بەرنامەکانی تایبەت بەبوارە جیا جیاکانی دیجیتاڵی کۆمپیوتەر، هەر لەهەمان بواردا کۆپیکردنەوەی ئەلبومی هونەرمەندان، فلمە سینەماییەکانو کۆپی کردنی.

لەکۆتایی باسەکاماندا دەرئەکەویت بازاڕی ڕەش بازاڕێکی گەرمە، ڕەنگە چەند بازرگانو بەرپرسێک یان ئەوانەی کە لەپشت پەردەوە ئیش ئەکەن سوودمەند بن بەڵام لەدواجاردا وڵات و دامەزراوەو کۆمەڵگا زەرەرمەندی گەورەیە، چارەسەرکەشی ئەگەر بنەبڕ نەکرێت ئەوا ئەشێ کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی دامەزراوەی بەهێز لەوڵاتێکی بەهێزو دەسەڵاتێکی تۆکمە کە خۆی بەشدار نەبێت لەوەها کایەیکی گوماناویدا.