لەو سەردەمەدا کە لە رووی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا، زانست و پیشەسازییەوە بە شۆڕش لەقەڵەم دەدرێ، هێشتا دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست نەبوونی ئاودەستەوە دەناڵێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی بەرفراوانکردنی پڕۆژە و چالاکییەکانی و زاڵبوون بەسەر ئەو کێشەیەدا لە ساڵی ٢٠٠١دا رێکەوتی ١٩ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکی بە “رۆژی جیهانی ئاودەست” ناوزەد کرد.
لە پڕۆژەکانی ئەم ساڵیشدا تاکو ساڵی ٢٠٣٠ دەستبەسەرکردنی هەلومەرجی تەندروستی گونجاو بۆ هەر تاکێک، کەمکردنەوەی ئاوی زیادی کەڵەکەنەبوو بۆ نیوە، گەڕانەوە بۆ جێی خۆ کراونەتە ئامانجی کارەکان.
– دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی ئاودەستەوە دەناڵێنن
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٥ رایگەیاند کە دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی ئاودەستەوە دەناڵێنن و لە هەر ١٠ کەسێک یەکێک ناچارە لە شوێنی کراوە دەست بە ئاو بگەیەنێ.
لەسەر ئاستی جیهان تەنها لە سەدا ٣٩ی خەڵک (دوو ملیار و ٩٠٠ ملیۆن کەس) ئاودەستەکانیان بە تۆڕی ئاوەڕۆوە بەستراونەتەوە. هەروەها زیاتر لە سەدا ١٠ی خەڵکی جیهان ئەو خواردنانە دەخۆن کە بەئاوی پیس ئامادە دەکرێن.
بەهۆی رەوشی ناتەندروستی ساڵانە ٢٨٠ هەزار کەس بە هۆی سکچوونەوە گیان لەدەست دەدەن کە هۆکارەکەی بۆ ژمارەیەک نەخۆشی و پەتا دەگەڕێتەوە.
پێ دەچێ دابینکردنی ئاوی پاک و هەلومەرجی تەندروستی گونجاو ساڵانە پێشبگرێ لە گیانلەدەستدانی ٨٤٢ هەزار کەس.
– هیندستان کە خاوەنی وزەی ناوەکییە لە نەبوونی ئاودەستدا لە لوتکەدایە
هیندستان کە یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان خاوەن هێزی ناوەکییە، لە نەبوونی ئاودەست بۆ هاووڵاتییانی لە لوتکەدایە. بەجۆرێک ٨١٨ ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی ئاودەستەوە دەناڵێنن.
بەدوای هیندستاندا چین دێ کە خاوەن بەرزترین رێژەی داهاتە لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە G8 (٦٠٧ ملیۆن کەس)، ئیندۆنیزیا کە ئابووری لە هەموو وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشەکردووترە (١٠٩ ملیۆن کەس)، نێجیریا (١٠٣) ملیۆن کەس، پاکستان (٩٨ ملیۆن کەس)، بەنگلادش (٧٥ ملیۆن کەس)، ئەسیوپیا (٧١ ملیۆن کەس) کۆماری کۆنگۆی دیموکرات (٥٠ ملیۆن کەس)، بەڕازیل کە ئابووریەکەی گەشەکردووترین وڵاتی ئەمریکای لاتین و نۆیەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان (٣٩ ملیۆن کەس) و تەنزانیاش (٣٢ ملیۆن کەس) بەدەست نەبوونی ئاودەستەوە دەناڵێنن.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی نەبوونی ئاودەست و هەلومەرجی تەندروستی و ئاوی پیسەوە ساڵانە نزیکەی ٢٦٠ ملیار دۆلار دەبێتە زەرەر.
بەهۆی نەبوونی ئاودەست زۆرترین زیان بە ژنان و کچان دەگات و دووچاری گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە ملیۆنان ژن و کچ بەمەبەستی دەست بە ئاو گەیاندن بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو ناچارن زیاتر لە ٣٠٠ مەتر بە پێ بڕۆن و درووربکەونەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە جیاکردنەوەی ئاودەستی کچان و کوڕان دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری کچان بنێردرێنە بەر خوێندن.