به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕاست نین له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌و ده‌ڵێت “به بڕیارێكی سیاسی گه‌شته‌كان ڕاگیراون، ده‌بێت به بڕیارێكی سیاسیش ده‌ست پێبكه‌نه‌وه، هه‌روا ئاسان نیه”.
به‌رێوه‌به‌ری فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، تاهیر عبدوڵڵا ڕاگه‌یاند ” به‌راورد به ڕابردو گه‌شته‌كانی نێوان سلێمانی‌و به‌غدا زیادی كردوه. ڕۆژانه شه‌ش بۆ حه‌وت گه‌شت ئه‌نجام دهدرێنو هیچ كێشه‌یه‌ك نیه. ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌شت ده‌كه‌ن له‌سه‌رجه‌م تهمهنو ڕه‌گه‌زه‌كان پێكهاتون، بۆ بازرگانی‌و سه‌ردانی پزیشك‌و سهفهروگهشتو گوزار سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن”.
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه، تاهیر عه‌بدوڵڵا وتی “ئه‌وه راست نیه. ئه‌و قسانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه ده‌كرێن ته‌نها ده‌نگۆی كهسانو لایه‌نێكن بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن. تائێستا هیچ ڕێكه‌وتن‌و پێكهاتنێك له‌نێوان ئێمه‌و حكومه‌تی عێراقیدا نه‌كراوه بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان. كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌روا كارێكی ئاسا نیه، ئه‌و كاره بڕیارێكی سیاسیی پێویسته‌و ڕه‌نگه چه‌ندین مانگی دیكه‌ش بخایه‌نێت. بۆیه ناتوانم بڵێم ئێستا یا به‌م زوانه گه‌شته‌كانی فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه”.
وتیشی “ڕۆژانه له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامداین به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكمان ده‌ست نه‌كه‌وتوه له‌به‌رپرسانی عێراقی، ته‌نها چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی سنوری كراوه‌نه‌ته‌وه. به‌رپرسانی عێراقی نایانه‌وێت هه‌روا به‌ئاسانی فرۆكه‌خانه‌كان بكه‌نه‌وه، ده‌یانه‌وێت گهشتهگان بهئاگاداریو چاودێری خۆیان بێت. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان دروست كردوه‌و خه‌ڵكی باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، چونكه ده‌بێت بچن بۆ به‌غداو له‌وێوه گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن. ئه‌مه‌ش مهسرهفو كاتێكی زیاتر، بێزاری بۆ گه‌شتیاران دروستكردوه”.