ئۆدری ئازولای کە ماوەیەک پێش ئێستا وەک بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی پەروەردە، زانست و رۆشنبیری (یونیسکۆ) ھەڵبژێردراوە، لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی فرانس ئینتەر باسی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە رێکخراوی یونیسکۆ کرد.
ئازولای رایگەیاند کە ئەو رێز لەم بڕیارەی ئەمریکا دەگرن و وتی: “ئەمریکا، دەستپێک و کۆتایی یۆنیسکۆ نییە”.
ئازولای ئاماژەی بەوەش دا کە یونیسکۆ بێ ئەمریکاش دەتوانێ لە چالاکییەکانی بەردەوام ببێت و ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١وە بەشە پارەی خۆی بە یونیسکۆ نەداوە.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە یونیسکۆ بۆ ئەوان چاوەڕواننەکراو نەبووە و پێیوایە کە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. راشیگەیاند کە دەبێت یونیسکۆ بە دوور بگیرێت لە بارگرژی سیاسی.