لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كارەكانی دانانی سیستەمی “داتا بەیس” كە یەكێكە لە سیستەمە ئەلیكترۆنییە پێشكەوتووەكانی دنیا، خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەوبارەیەوە، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ راگەیاند: بۆ زیاتر باشتركردن و بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەمان كە تایبەتە بەشۆفێران و بازرگانان، لە ئێستەدا بەرنامەیەكمان هەیە و بەنیازین كاروبارەكانمان بكەینە سیستمی داتابەیس.
شاخەوان روونی كردەوە: تونراوە 80%ی كارەكانی ئەو بەرنامەیەمان تەواو بكەین و تەنیا هەندێ كاری پێوەست بە بەرنامەی نێتوۆرك و سۆفێتوێر ماوە كە ئەنجامی بدەین.
ئاماژەی بەوەش كرد: پێ دەچێت تا مانگی 11ی داهاتوو، بەشێوەیەكی ئەزموونی سیستمی داتابەیسەكەمان بخەینە كار، هەتا دەیهێنینە سەر سكەی خۆی و ئەگەریش كارەكان زووتریش تەواو بوون، ئەوا زۆر ئەگەر بەهێزە لە ئارادایە كە تا پێش هاتنی ساڵی نوێی زاینی، یان لە دوای سەری ساڵەوە، 100%ی تەواوی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان بەو سیستمە بەڕێوە بەرین.
لەبارەی سوودەكانی سیستمەكەوە كە بۆ یەكەمین جارە لەو بەڕێوەبەرایەتییەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ جێبەجێ بكرێت، شاخەوان بەكر، دووپاتی لەوە كردەوە: یەكەم سوودی ئەوەیە، بۆ خۆی ئەمە سیستمێكی پێشكەوتووە و هەموو دنیا بەم شێوەیە كار دەكات و ئەم شێوازەی ئێمە كە بریتییە لە دەست نووسین و كاری كەسی باوی نەماوە و كۆن بووە.
زیاتر وتی: سوودی دووەمی بریتییە لەوەی كە لەرووی هێزی كارەوە، كێشەی كەمی فەرمانبەر چارەسەر دەكات، چونكە سیستمەكە خۆی بەشێك لە كارەكانت بۆ دەكات لەبری فەرمانبەران، بۆیە دەكرێت فەرمانبەران لە هەندێك شوێندا كە كێشەی كەمیمان هەیە لەوێ دایان بنێین.
بەرپرسەكەی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نەیشاردەوە سوودی سێیەمی سیستمە نوێیەكەیان ئەوەیە كە ئەم سیستمە لەبەر ئەوەی خۆی بەڕێكوپێكی هەیە، بۆیە كارەكان خێراتر دەكات و لە میزاجی كەسی رزگارت دەكات، واتە سیستمەكە خۆی بریار دەدات لەسەر بڕی شمەك و ئەو پارەیەی وەك رسووماتی گومرگ وەردەگیرێت، چونكە كاتێك داتاكانت داخل كرد، خۆی بڕیار دەدات كە ئایا بارەكە چۆنە و گومرگەكەی چەندە؟.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێك لە مەرزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و دەروازەیەكی گرنگی ئابووریی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە ئێستەشدا مەرزەكە لە 15 بەڕێوەبەرایەتی و هۆبە و بەش پێك دێت.