ئه‌مساڵ له باشووری كوردستان به‌رهه‌می سێ‌و زۆره، به‌ڵام وه‌ك میوه‌كانی دیكه زۆری ئه‌و به‌رهه‌مه نه‌بووەته مایه‌ی خۆشحاڵی جووتیاران، چونكه گرفتی به بازاڕكردن و پاراستنی بۆ وه‌رزه‌كانی دیكه‌ی ساڵ هه‌یه.
ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم كاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌می سێوه له باشووری كوردستان، ئه‌مساڵ رووبه‌رێكی زۆری باخی سێ‌و هاتووەته به‌ر، لق و پۆپی دارسێوه‌كان هێنده‌یان سێ‌و گرتووه، خه‌ریكن ده‌شكێن.
ده‌مێك ساڵه جووتیاران چاوه‌رێی ئه‌و رۆژه‌ن كه كاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بێت و تێچوو و ماندووبوونی چه‌ند ساڵه‌یان قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سێوه‌كانیان گرفتی به بازاڕكردنی هه‌یه.
گه‌یلان زۆراب، جووتیار دەڵێت “ئێمه ئه‌وه‌ی له سه‌رمان بووه سێوێكی باش و زۆرمان به‌رهه‌مهێناوه، به‌ڵام حكومه‌ت هیچی بۆ نه‌كردووین له‌وه‌ی كه ساردخانه هه‌بێت تێیدا بیپارێزین بۆ وه‌رزه‌كانی دیكه و كارگه هه‌بێت بیكه‌ینه پیشه‌سازی. ناچارین هه‌ر چۆنێك و به‌ر هه‌ر نرخێك بێت سێوه‌كان ساخبكه‌ینه‌وه كه شه‌رت نیه پاره‌كه‌ی له ئاستی ماندوێتی جووتیاردا بێت”.
سێ‌و، جگه له خواردنی وه‌ك میوه‌یه‌كی نایاب، ده‌چێته خانه‌ی ده‌یان پیشه‌سازی، به‌ڵام له باشووری كوردستان ئه‌و سێوانه‌ی شیاوی پیشه‌سازین به‌هۆی نه‌بوونی كارگه‌وه فڕێده‌درێن.
رووبه‌ری زه‌وی داچێنراو به‌رهه‌مه میوه‌ییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان نزیك 300 هه‌زار دۆنمه، ئاماری دروست نییه كه له‌و رووبه‌ره چه‌ند باخی سێوه، ساڵانه له بازاڕه‌كانی باشووری كوردستان زیاتر له 200 هه‌زار تۆن سێ‌و ساخده‌بێته‌وه و ته‌نیا سه‌دا 25 به‌رهه‌می خۆماڵییه و ئه‌وه‌ی دیكه هاورده ده‌كرێت.