ژووری بازرگانی سلیمانی داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ڕێگریان لێنەکات لەناردنی پێداویستی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند” داوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا لەگەل ژمارەیەک لە بازرگان و نوێنەرانی ڕۆژئاوا لەشاری سلیمانی کۆبونەوەمان ئەنجامدا گفتوگۆمانکرد لەبارەی دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی و کردنەوەی لقی ژوورە بازرگانیەکان لەنێوان هەردوولادا بۆیە لەئێستادا وەک ژووری بازرگانی دەمانەوێت هاوکاری بگەیەنین بەڕۆژ ئاوای کوردستان کەخەڵکەکەی پێویستی زۆریان پێیەتی”
وتیشی” تواندراوە زیاتر لە ٥٠٠ تۆن لە خۆراک و کەلوپەلی مناڵان ئافرەتان و داودەرمان ئامادەبکرێت تا بیگەیەنین بەڕۆژئاوا بۆیە لە ئێستادا بەنوسراوی فەرمی ژورەکەمان داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕێگەمان پێبدات و ڕەزامەندی دەربڕێت تا بتوانین ئەو پێداویستیانە بگەیەنینە ڕۆژئاوا کە لەئێستادا پێویستی زۆریان بەگەیاندنی ئەو هاوکاریانەیە وە لەچاوەڕوانی و ڕەزامەندی حکومەتداین تابتوانین ئەو پێداویستیانە بەڕێبکەین”
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلیمانی ئاماژە بەوەشدەکات بازرگانانی شاری سلێمانی بەخۆشحاڵیەوە هاوکاری و پێداویستیەکانیان ئامادەکردووە بۆئەوەی بیگەیەنینە ڕۆژئاوای کوردستان کەلەئێستادا ڕوبەڕوی کەمبونەوەی پێداویستیبون لەشارەکانی ڕۆژئاوادا.