رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (فاو) ئاشكرای دەكات: سێیەكی دانیشتوانی عیراق پشتیان بە كەرتی كشتوكاڵ بەستووە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە عیراق لەسەدا ٤٠ی بەرهەمی كشتوكاڵی لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ڕێكخراوی فاو، ١٢ ملیۆن هاوڵاتی عیراقی، كە سێیەكی دانیشتوان پێكدەهێنن، لە گوندەكان دەژینو بژێوی ژیانیان لەسەر كشتوكاڵ كردنە، پەرەپێدانی ئەم جۆرە كۆمەڵگانەش ئەستەمە ئەگەر لەرێی رێكخستنەوەو پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵەوە نەبێت، چونكە بەهۆی كارەكانی داعشەوە ڕووبەرێكی فراوانی زەوی زیانێكی زۆری بەركەوتووەو لەئێستادا عیراق لەسەدا 40ی بەرهەمی كشتوكاڵی لەدەستداوە.
ڕێكخراوی فاو ئاماژەی بەو وێرانكاریانە كردووە كە بەر ژێرخانی ئابووری، بەرهەمی كشتوكاڵیو سەرچاوەكانی ئاو كەوتووەو رایگەیاندووە، ئامێرە كشتوكاڵییەكانو تۆ و ئاژەڵو بەرهەمە كۆگاكراوەكان تاڵان كراون.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: رێكخراوی فاو بەرنامەیەكی فراوانی بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاودێریو خزمەتگوزارییەكانی ڤێتێرنەری داڕشتووە، بۆ هاوكاریكردنی یەك ملیۆنو 600 هەزار هاوڵاتی گوندنشین لەساڵی 2018دا.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق پێشبینی كردبوو، كە بەهۆی كەمی بارانبارینو وشكەساڵیەوە، ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنمو جۆ بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمببێتەوە.