گەرمیان: ئەمساڵ ڕێژەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەزیادبووندایە

ئا: رێژەن سەردار

لێپرسراوی بەشی سامانی ئاژەڵ لەبەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ئامارێکی ورد ئەنجام نەدراوە سەبارەت بەژمارەی مەڕو ماڵات لەسنوری گەرمیان، بەڵام بەگریمانەیی نزیکەی ٦٠٠ ھەزار سەر مەڕو بزن، ١٠ ھەزارو ٥٠٠ ڕەشەوڵاخ‌و نزیکەی ٢ ھەزار گامێش ھەیە.

بەختیار ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی سامانی ئاژەڵ لەبەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند لەسنوری ئیدارەی گەرمیان دوو ساڵ لەسەر یەک وشکەساڵی بوو، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بەگشتی‌و کەرتی ئاژەڵداری بەتایبەتی ھەبووە، لەبەرئەوەی ئاژەڵدارانی گەرمیان زیاتر پشت بەلەوەڕگای سروشتی دەبەستن، بەھۆی وشکەساڵیەوە دوو ساڵە دەناڵێنن بەدەست نەبونی لەوەڕگای سروشتیەوە، ئەو وتی “ئێمە چەندین نوسراومان کرد بۆ بەرێوبەرایەتی گشتی تاکو حکومەت بێتە سەر ھێڵ‌و ھاوکاری ئاژەڵداران بکات لەسایەی ئەم وسکە ساڵییەدا، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی ھیچ بۆ ئاژەڵداران بکەین، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ڕێژەی ئاژەڵ لەسنوری گەرمیان کەم بێتەوە، ئاژەڵداران ناچار بوون ژمارەی ئاژەڵەکانیان کەم بکەنەوە، بەشێکیان نیوەی ئاژەڵەکانیان فرۆشت‌و پارەکەیان دا بەئالیک تاکو نیوەکەی تر بەخێو بکەن، بەشێک لەئاژەڵدارانیش لەدوو ساڵی رابردوودا ھەموو ئاژەڵەکانیان فرۆشت‌و وازیان لەئاژەڵداری هێنا، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ بارانی باش باریوەو گژو گیا زۆرە، کەشوھەوا لەبارە، ئەمساڵ ڕێژەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەزیادبوندایە”.

لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتیشەوە، بەختیار وتی “ئێستا بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی جیھان نرخی گۆشت بەرزبۆتەوە، هاوکات نرخی ئالیکیش لەعێراق زۆر بەرزبۆتەوە، گۆڕانکاری نرخی دۆلاریش کێشەیەکی ترە، پێشتر تەنێک جۆ بە ٣٦٠ ھەزار دینار بوو، پار گەیشتە ٨٠٠ ھەزار دینارو ئێستا ھاتۆتە سەر ٦٠٠ ھەزار دینار”.

وتیشی “ئێمە دوو جۆرە ئاژەڵداریمان ھەیە لەگەرمیان، بەشێک لەئاژەڵداران پشت بەلەوەڕگای سروشتی دەبەستن، بەڵام ئەو ئاژەڵدارانەی کە ئاژەڵ دابەستە دەکەن، مەڕو بزن بەگەنم‌و جۆ دابەستە دەکەن، بۆ ئاژەڵی گەورەش کاو جۆی دەدەنێ، نرخی ئالیکیش زۆر بەرزە، هەموو ئەمانە وایانکردووە کە نرخی گۆشت بەرز بێتەوە. لەڕاستیشدا ئێمە پێمان خۆشە نرخی گۆشتی سوور گران بێت بۆ ماوەیەکی کاتی، تاکو هاندەر بێت وەبەرهێنەرو سەرمایەدارو ھاوڵاتیان بیر لەبەخێوکردنی ئاژەڵ‌و پڕۆژەی گاوداری بکەنەوەو بایەخی پێبدەن تا دواتر نرخ خۆی دادەبەزێت”.

لەڕووی ئابورییەوە ئەم بوارە بەگرنگترین بواری کشتوکاڵ دادەنرێت‌و ئابوری کشتوکاڵی بەرێژەی 60-65٪ لەم کەرتە سەرچاوە دەگرێت‌و دەکرێتە ببێتە هەوێنی پێشخستنی ئابوری‌و داهاتی وڵات.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار، هەرێمی کوردستان خاوەنی چوار ملیۆن‌و 89 هەزارو 139 سەر ئاژەڵی جۆراوجۆرە، خاوەنی شەش ملیۆن‌و 936 هەزارو 770 دۆنم پاوانی سروشتی، 19 هەزارو 229 دۆنم پاوانی دەستکرد، خاوەنی 183 کێڵگەی بەخێوکردنی مەڕو ماڵات‌و رەشەوڵاخ، 25 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک، 108 بنکەی تەندروستی ئاژەڵ‌و 58 هەزارو 84 ئاژەڵدارە.

لەبارەی ژمارەی ئاژەڵ لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، ، لێپرسراوی بەشی سامانی ئاژەڵ لەبەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان وتی “ھیچ ئامارێکی فەرمی نیە بەداخەوە وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگی بەم بابەتە نەداوە، ئێمە چەندین جار نوسراومان کردوەو داوامان کردوە ئامارێکی ورد ئەنجام بدرێت سەبارەت بەژمارەی ئاژەڵ لەم سنورەدا، بەڵام بەداخەوە بێ وەڵام بووە، بەگریمانەی ئێمە ژمارەی ئاژەل لەگەرمیان دەگاتە ٦٠٠ ھەزار سەر مەڕو بزن، نزیکەی ١٠ ھەزارو ٥٠٠ ڕەشە وڵاخ‌و نزیکەی ٢ ھەزار گامێشیش ھەیە”.

بەختیار ئاماژە بەوە دەکات کە لەسنوری گەرمیان چەندین پڕۆژەی گەورەو گرنگی پەیوەست بەئاژەڵداری‌و شیرەمەنی هەن، کە باشترینیان کارگەی شیرەمەنی مروارییە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی‌و گەورەیە لەسەر ئاستی کوردستان‌و عێراق، پڕۆژەکە کارگەیەو گاوداری مانگای شیرییە، ئەو وتی “ئاستەنگی بەردەم کەرتی ئاژەڵداری لەگەرمیان زیاتر سلێمانی‌و ھەولێرە کە بەلاشاو ئاژەڵ ھاوردە دەکەن، ئەمە گەورەترین کێشەیە، چونکە جوتیاری خۆمان کێبڕکێی وڵاتانی پێناکرێت، لای ئێمە گوندنشین ئاژەڵداری دەکات، چاوەڕێی لەوەڕگای سروشتییە، تاکو ئێستا کەرتی تایبەت وەک پێویست نەیتوانیوە پڕۆژەی گەورە ئەنجامبدات، ئەمەس گرفتێکی ترە”.

وتیشی “ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە ھاوکاری ئاژەڵداران بکرێت لەھەموو ڕویەکەوە، سولفە بدرێت بەئاژەڵداران‌و کەرتی تایبەتیش گرنگی زیاتر بەم بوارە بدات‌و زەمینەسازی بۆ بکرێت”.