کردنەوەی خولی پیشەی بۆ گەنجان دەرفەتی کاری تاکەکەسی زیادکردووە

ئا: زریان محەمەد

لەشاری سلێمانی خولی ڕاهێنانی پیشەی بۆ گەنجان بەردەوامە کەتوانیویەتی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری تاکەکەسی لە بوارە جیاوازەکاندا ئەوخولانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە دەوترێنەوە بەپێی خواستی بازاڕ فێرخواز لەخولەکاندا بەشداردەبن و پێیاندەگەیەنن، کەریم ئەحمەد رچا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنانی پیشەیی سلێمانی لەچاوپێکەوتنێی ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی باس لەوخولانە دەکات کەبۆ گەنجان و کەسانی بێکار دەکرێتەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی‌، ئەو دەڵێت “ئەو کەسانەی کە بێکارن و تەمەنیان لە ١٧ ساڵ بۆ ٣٨ ساڵە دەتوانن بەشداربن لەخولە پیشەییەکاندا”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کردنەوەی ئەو خوالانە چییە کەئێوە پێی هەڵدەستن؟

کەریم ئەحمەد: کردنەوەی خولەکانمان خۆی لە ٢٩ جۆردا دەبینێتەوە بەپێی داواکاری بازاڕی کار دیاری دەکرێت خولەکان بەم شێوەیەن، خولی جیهانی کارەکان بناسە کارامەیی ژیان پرۆفایلینگ، کۆمپویتەر، دوورمان، بیناسازی، دارتاشی، کارەبا، لەحیمچی، ئاسنگەری، سەرتاشی، ئارایشتگا، ڕێکخستنی بۆنەکان، چنین، گرافیک دیزاین، پلاستیک، زمان، گەشتوگوزار، وێنەی ئەندازیاری، چاککردنی ئۆتۆمبێل، چاککردنی مۆبایل، میدیا، وزەی خۆر، پێگەیاندنی دادەی باخچەکان، بازاڕگە، تلیکۆم، کامێرای چاودێری، ساردکەرەوە، لولەکێش، ئاوەڕۆ، دیکۆرات، دروست کردنی شیرینی.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کێن ئەوانەی دەتوانن بەشداری بکەن لەخولەکاندا؟
کەریم ئەحمەد: ئەو کەسانەی کە بێکارن و تەمەنیان لە ١٧ ساڵ بۆ ٣٨ ساڵە دەتوانن بەشداربن لەخولە پیشەییەکاندا. ئەوەش لەدوای هەڵسەنگاندنیان لەلایەن مامۆستایانی پرۆفایل تابتوانن دەست بەخولەکان بکەن بەپێی خواستی کەسەکان خۆیان.

بازرگانی‌و پیشەسازی: خولەکانتان لەلایەن کێوە دەوترێتەوە؟
کەریم ئەحمەد: ئەو خولانەی لەلای ئێمەوە دەکرێتەوە لەلایەن مامۆستایانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەوترێتەوە، لەکاتی نەبونی مامۆستای جۆری پیشەیی بەگرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی کەرتی تایبەت دەوترێتەوە، زانیاریەکان بەو کەسانە دەدەن کە بەشداری خولەکان دەکەن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ساڵانە چەند خول دەکەنەوە چەند کەس دەتوانێت بەشدار بێت؟
کەریم ئەحمەد: بەپێی دابین کردنی پێشینە دەتوانین بەردەوام بین بەیانیان و ئێواران لەکردنەوەی خول یان بەپێی هەماهەنگی ڕێکخراوە جیهانیەکان و ناوخۆییەکان بەنمونە لەساڵی ٢٠٢١ ئەو خولانەی کراونەتەوە ٢٧ خول بوە، کە تیایدا ٣٤٧ کەس بەشدار بوون لە هەموجۆرەکاندا.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ماوەی چەندە ئەم خولانە دەکرێتەوەو تا ئێستا چەند کەستان فێرکردووەو توانیویانە ببنە خاوەنی کاری خۆیان؟
کەریم ئەحمەد: کردنەوەی خولی پیشەیمان لەساڵی ٢٠٠٤ وە دەستی پێکردووە لەسەرەتادا بەدوو پیشە دەستی پێکردووە بەڵام لەئێستادا ژمارەی خولەکانمان بەرزبۆتەوە بۆ ٢٩ خولی پیشەیی بۆ گەنجانی بێکارو پێنج خولی پیشەیی ئامادەیە بۆ گەنجانی پارێزگای هەڵەبجە کە ٣١٩٠ فێرخواز بەشدار بن هەتا ساڵی ٢٠٢١.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا تواندراوە وەک پێویست پشتیوانیتان بکرێت بۆ کردنەوەی خولی زیاتر؟

کەریم ئەحمەد: ئێمە لەساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ لیژنەکانمان بەدواداچونیان کردووە زیاتر لە ٥٥٠ بەشداربوو پڕۆژەی بچوکیان دامەزراندووە یان لەکەرتی تایبەت کار دەکەن لەئێستادا واتا خاوەنی کاری خۆیانن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەوکەسانەی لای ئێوە خولەکان تەواو دەکەن بڕوانامەیان پێدەدرێت؟
کەریم ئەحمەد: هەمو بەشداربووان لەدوای کۆتایی هاتنی خولەکانیان‌و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن مامۆستایانەوە بڕوانامەی یاسایی وەردەگرن‌و پەسەندکراوە لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە کاری پێدەکرێت‌و باوەڕپێکراوە کە ماوەی خولەکانمان لە ٤٥ ڕۆژی کرداری بۆ ٦٠ کردارییە بەپێی ڕێنماییەکان، بەڵام هەندێک جار لەگەڵ ڕێکخراوەکان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ کرداریەو کەمترە. لەکاتی بونی بودجەی پێویست لەبەردەستدا دەست دەکەین بەلێکۆڵینەوەی بازاڕ لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەتا بزانین چ جۆرە پیشەیەک هەلیکاری زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بێکاران و پاشان ئەو خولانە دیاری دەکرێت‌و پرۆپۆزەڵی تایبەت بەپێداویستیەکان دابین دەکرێت و داوای وەرگرتنی رەزامەندی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی پاشان فێرخواز وەردەگیرێت و هەڵسەنگاندنی بەپێی ڕێنماییەکانی تایبەت بەڕاهاینانی پیشەیی کەسانی شیاو هەڵدەبژێردرێت.