ڕێکەوتی ٢١/١٢/٢٠٢٥ نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، بەشداریان کرد لە کردنەوەی کارگەیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی کیمیایی ئۆرگانیکی کشتوکاڵی، بە ناوی پلانت ئینێرجی، لە سنووری ڕا پەرین ئەم پرۆژەیە پێشبینی دەکرێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە پێشخستنی کشتوکاڵی ناوخۆیی و دابینکردنی بەرهەمێکی کیمیایی بە کوالێتی بەرز بۆ جووتیاران.
ڕێوڕەسمی کردنەوەکە بە بەشداری بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و چەندین بەرپرسی بەرز و نوێنەری حکومەت و وەبەرهێنەران بەڕێوەچوو.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پەیامی پیرۆزبایی گەیاند بە خاوەنی پرۆژەکە و تەواوی هاونیشتمانییانی سنووری ڕاپەرین بۆ دەستپێکی پرۆژەیەکی گرنگی کشتوکاڵی کە دەرفەتی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ جووتیاران کە بەرهەمێکی ناوخۆی بە کوالێتی بەرز بە ئاسانترین ڕێگە بەدەست بخەن.
ئاماژەی بەوەشدا کارگەکە دەبێتە هۆی باشترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بە دابینکردنی کیمیایی ئۆرگانی بە کوالێتی و نرخێکی گونجاو دروستکردنی دەرفەتی نوێی کار لە ناوچەی ڕاپەرین وە هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کیمیایی هاوردەکراوەکان.







