شرۆڤەكارە ئابوورییە چینییەكان پێیان وایە كە هەژموونی دۆلار لە دنیادا بەرەو داڕمان دەڕوات

رۆژنامەی ” ئوورئاسیا دەیلی”ی لەژێر ناونیشانی ” شرۆڤەكارانی چینی: لەسەر ئاستی جیهانیدا دۆلار دەفرۆشرێت و هەژموونی ئەمەریكا لە داڕماندایە” نووسینێكی شیكاریی ئابووری بڵاو كردەوە.

لە نووسینەكەدا هاتووە، شرۆڤەكارە ئابوورییە چینییەكان پێیان وایە كە هەژموونی دۆلار لە دنیادا بەرەو داڕمان دەڕوات، ئەمەیش بە پشتبەستن بەو راپۆرتەی كە لە رۆژنامەی “گلۆبال تایمز”ی ئەمەریكی بڵاو كرایەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو، چین و بەرازیل گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی لە بارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و بڕیاریاندا لە مامەڵە بازرگانییەكان پشت بە دۆلار نەبەستن و دراوی خۆیان لە بەرانبەردا بەكار بێنن.

چاودێرە ئابوورییەكانی “گلۆبال تایمز” ئاشكرایان كردووە، هەرچەندە هیندستان كە سیاسەت و سیاسییەكانی ئەمەریكا بە هاوبەشی خۆیان دەزانن، بەڵام لە مامەڵە كردن بە دۆلار ساردبووەتەوە، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە هیندستان باسی لە بەكارهێنانی “رووپیە” كردووە لە مامەڵە و گرێبەستە بازرگانییەكانی لەگەڵ مالیزیادا.

زۆر لە مێژ نییە كە چینیش لای خۆیەوە یەكەم پرۆسەی كڕینی گازی سرووشتی لە كۆمپانیای “تۆتەل ئینەرجی” فەرەنسی لە ئیمارات بە یوانی چینی دەست پێ كرد، بەمەیش زۆرێك لە شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەكەن كە بیرۆكەی وازهێنان لە دۆلاری ئەمەریكی لە گرێبەست و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان لەلایەن زۆربەی وڵاتانی تری دنیا پێڕەو بكرێت.

لای خۆشییەوە “دۆنگ دینجین” بەڕێوەبەری پەیمانگای وۆهان لە چین رای گەیاند، پرۆسەی وازهێنان لە مامەڵە كردن بە دۆلار لە تەواوی دنیا بەرەو هەڵكشانە و دۆلار زەبری گەورەتری بەر دەكەوێت، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا بەبەردەوامی دۆلاری وەك دراوێكی یەدەگی نێودەوڵەتی بە خراپی بەكارهێناوە كە زیانی بە دراو و ئابووریەكانی تری دنیا گەیاندووە، بەمەیش دنیا بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات لە بەرانبەر بەكارهێنانی دۆلار بە تایبەت كاتێك ئەمەریكا لە گەورەترین ئابووری بازرگانی جیهان پاشەكشەی كرد، بەمەیش دۆلار وردە وردە دادەڕمێت و روودانی ئەمەیش شتێكی چاوەڕوانكراوی %100ـەو هەر روو دەدات.

ململانێكانی ئۆكراینا هەروەها كۆمەڵێك هەڵچوونی تری جیۆپۆلەتیكی تر وای لە زۆرێك لە وڵاتان كرد كە چاوخشانەوە بە سیاسەتی ئابووری خۆیان بكەن لەبەرانبەر بەكارهێنان و پاشەكەوتی دۆلار.

“لەلایەكی ترەوە بڕیاری لەناكاوی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتەوە لێدانێك بوو لە پشتێنەوە بۆ متمانەی ئەمەریكا” بەپێێ گلۆبال تایمز

بەپێی رۆژنامەكە، ئەم كەمكردنەوە لەناكاوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە ئۆپێكەوە نیشانی دەدا كە واشنتن تواناكانی لە بڕیاری وڵاتانی دنیا بەشێوەیەكی گشتی لاواز بووە و لاوازی هەژموونی واشنتیش بە مانای داڕمانی دۆلار دێت بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ.