شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان کرد.

شاندێک لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێکەوتی ٢ ی شوباتی ٢٠٢٦ بە سەرۆکایەتی نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژوور، و بە ئامادەبونی بورهان عەلی، جەوهەر ستار ، بەهمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان کرد.
لە سەردانەکەدا، شاندەکە لەگەڵ محەمەد تاهیر، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، و هاوژین سالار، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ، بەجیا کۆبوونەوە.
ئامانجی سەردانەکە باسکردن بوو لە دواین گۆرانکاریەکان و ڕەوشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکەدا، هەروەها دۆزینەوەی ڕێگاکان بۆ باشترکردن و ئاسانکاری هاتووچۆی کاڵاکان.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ وەک یەکێک لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دابینکردنی زۆربەی کاڵاکانی بازاڕی ناوخۆ.