شاندی بازرگانی تورکی-عێراقی سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی دەکەن.

ڕێکەوتی 2026/3/1 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژوور، بە هاوبەشی بورهان عەلی، جەوهەر ستار، ئارام بابان، عوبێد سلێمان و بەهمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان لە محەمەد ساڵح چەلیک.، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی پیاوانی کاری تورکی-عێراقی، وە فازڵ نەجیب، سەرپەرشتیاری عێراق.
ئامانجی سەرەکی سەردانەکە ناساندنی ژمارەیەک لە بازرگان و وەبەرهێنەری تورک بوو، بۆ پێشکەشکردنی کار و پرۆژەکانیان و دۆزینەوەی هەلی کاری هاوبەش لەگەڵ بازرگانان و کۆمپانیاکانی پارێزگای سلێمانی، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەندروستی، پیشەسازی و خزمەتگوزاری.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە قسەکانیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی شاندەکە و ئاماژەی بەوە دا کە شاری سلێمانی دەرفەتی گرنگی تێدایە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا وە ژووری بازرگانی سلێمانی ئامادەیە هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک پێشکەش بکات بە کۆمپانیا وەبەرهێنەکان کە بێنە شاری سلێمانی کاری وەبەرهێنان بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەر دوو لا جەختیان لەسەر درێژەدان بە هاوکاری و ڕێکخستنی چالاکییە بازرگانییە هاوبەشەکان کرد.