سەلەمونی تورکی هەناردەی ٣٦ وڵات دەکرێت

ماسی سەلەمونی تورکی کە لەناو ئەستێڵکەکانی بەنداوەکانی ئانادۆڵو پێ دەگەیەندرێن، هەناردەی ٣٦ وڵات دەکرێن.

سەلەمونی تورکی کە لە ئەستێڵکەکانی بەنداوەکانی ئانادۆڵو لە پارێزگاکانی بینگۆل، مەڕەش، ماڵاتیا، سیواس، قەیسەری، یۆزگات، ئەرزەڕۆم و ئەرزنجان پێ دەگەیەندرێن، دوای ئەوەی کێشیان دەگاتە ئاستی پێویست، رەوانەی دامەزراوەکانی دەریای رەش دەکرێن و لەوێوە هەناردەی ٣٦ وڵات دەکرێن.

بەپێی داتاکانی یەکێتیی هەناردەکارانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە کانوونی دووەم بۆ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لەڕێگای رەوانەکردنی ٣١ هەزار و ١٧ تۆن ماسی سەلەمونی تورکی بۆ ٣٦ وڵات، ٣٠٢ ملیۆن و ١٩٤ هەزار و ٣٣٠ دۆلار داهات بۆ تورکیا هاتووە.

لە کاتێکدا ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، ٢١ هەزار و ٨٨ تۆن سەلەمونی تورکی هەناردە کرابوو کە داهاتەکەی ١٢٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار و ٦٣ دۆلار بوو.

بەم جۆرە لە کاتێکدا رێژەی هەناردەکردن نزیکەی لەسەدا ٩٥ زیادی کردووە، داهاتەکەی لە سەدا ١٥٠ زیاد بووە.

زۆرترین قەبارەی هەناردەکردنی ئەم جۆرە ماسییە بۆ رووسیا، ئەڵمانیا، ڤیێتنام، ژاپۆن، تایلاند، بێلاڕووس، چین، ئەمریکا، کەنەدا و میانمار بووە.

لە میانی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان تا دێت گرنگی زیاتر بە پێگەیاندنی ماسی دەدرێت لەنێو ئەستێڵکەکانی بەنداوەکانی ئانادۆڵو لە هەریەک لە پارێزگاکانی بینگۆل، مەڕەش، ماڵاتیا، سامسون، سیواس، یۆزگات، قەیسەری، ئەزەڕۆم و ئەرزنجان.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانەکانی بینگۆل، بورهان باهادر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند: “چاوەڕوان دەکەین بۆ ٢٠٢٣ ئاستی بەرهەمهێنانی سەلەمونی تورکی لە دەریاچەی بەنداوی ئۆزلوجە بگات بە چوار هەزار تۆن”.

پێگەیەنەری سەلەمونی تورکی، سەزگین ئارسڵا ئاماژەی بەوە دا کە شەش هەزار و ٦٥٠ تۆنی ئەم جۆرە ماسییە لە ١٤ دامەزراوەی دەریاچەی بەنداوی بافرا دەربەند لە سامسون بەرهەم هێندراوە.