سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بەشداری لە کۆبونەوەی گەشەپێدانی قەزاو ناحیەکان دەکات

ڕێکەوتی ٢/٤/٢٠٢٦ نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە دەڤەری ڕاپەڕین بەشداری کرد لە کۆ بونەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە تیایدا دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین راگەیەندرا .

لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: گرنگینەدان بە گەشەپێدانی ئابووری قەزا و ناحییەکان، هەم نادادپەروەرییە و هەم پشتگوێخستن و سووتاندنی دەرفەتی زۆر گەورە و راستەقینەی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەمانە، چونکە هەر ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەرفەتی زۆر گرنگی بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەیە.

راشیگەیاند: لەگەڵ تیمێکی شارەزا کار لەسەر پرۆژەی گەشەپێدانی ناوچەیی دەکەین و ئەمڕۆکەش لە دەڤەری راپەڕینەوە بە دامەزراندنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین دەستمان بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرد و لە داهاتوودا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی رونکردەوە، ئەم دەزگایە کار بۆ گەشەپێدانی ئابووری دەڤەرەکە دەکات لەڕێگەی پاڵپشتی دەستپێشخەرییە نوێیەکان و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندکان و بەهێزکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پەرەپێدانی کارامەیی پیشەیی و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و دابینکردنی بازاڕ بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بازاڕەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕونکردۆتەوە لەمەودوا گەنجانی ئەو دەڤەرە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەڕەخسێت و، بەشداردەبن لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکەی خۆیان و وڵاتەکەیان.