سنە: سەرۆکی ژووری بازرگانی بەشداری کۆبوونەوەی فراوانی ئابووری نێوان هەرێم و ئێران کرد

بەشێکی دیدارەکە کۆ بوونەوەی هاوبەشی سەرۆک ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم و پارێزگا هاوبەشەکانی ئێران ئەنجام درا.
ڕێکەوتی 20/5/2025 نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە پارێزگای کوردستان (سنە) لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری کرد لە کۆ بوونەوەی هاوبەشی سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان و ژوورە بازرگانیەکانی پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئابووری کەرتی حکومی و چالاکانی ئابووری کەرتی تایبەت لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو کێشەو گرفتانە کراکە دەبنە هۆی خاوبونەوەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
لە بەشێکی کۆ بوونەوەکەدا نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پەیوەندییەکانی بەهێزی لەگەڵ پارێزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی فراوانبونی چالاکیە بازرگانی و پیشەسازی و کلتورییەکان.
ڕاشیگەیاند: پێمانباشە، ناوچەی ئازاد لە دەروازەی باشماخ بکرێتەوە کە دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی و پیشەسازی گرنگ لەنێوان هەردوو لادا، بەمەش گەشەیەکی گرنگی بازرگانی لەناوچەکەدا دروست دەبێت بازرگانانی هەر دوو لا سودمەند دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا: پێشنیازکرا بۆ دروستکردنی کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا تا بتوانن بەردەوام ئاگاداربن لە کێشە و گرفتەکان و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی بازرگانی کە لەنێوان بازرگاناندا دروست دەبێت.
بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باس کردن بوو لە پێشانگا نێو دەوڵەتیان و ڕایگەیاند، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی بینای پێشانگای نێو دەوڵەتی سلێمانییە و لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ژوورەکەمان هاوکارە بۆ بەڕێوەچوونی پێشانگای تایبەت بە کاڵا و بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەریەکە لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجەو، دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، بە بەشداریی سەرۆکی ژورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و بەڕێوەبەری دەروازە هاوسنورییەکان لە پارێزگای کوردستان (سنە) بەشدارن لە کۆبونەوەی بەهێزکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولا.