سلێمانی دەچێتە سەر رێڕەوی ئابووریی و بازرگانی جیهان

سلێمانی دەچێتە سەر رێڕەوی ئابووریی و بازرگانی جیهان

ناوچەیەكی پیشەسازی لە سلێمانی دروستدەكرێت کە 240 كارگە لەخۆ دەگرێت

فەرید دڵشاد

گەیشتنی رێگەی ئاسنینی چین بۆ وڵاتانی جیهان، بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە تاجیكستان، ئەفغانستان، ئێران، عیراق و هەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی لە سنووری سلێمانی، دواتر بۆ سوریا، توركیا، ئەوروپا رۆڵی گرنگی دەبێت، بەجۆرێك هەموو ناوچەكانی سەر ئەم رێگە ئاسنینە دەبنە دەستەخوشكی بازرگانیی جیهان و رۆڵێكی فراوان دەگێڕن لە پێكەوەگرێدانی ئابووریی و بازرگانیی ناوچەكانی سەر ئەم هێڵە.

هەرێمی كوردستان پێویستە فارغۆنێكی شەمەندۆفێری سەر ئەم هێڵە ئاسنینە بۆخۆی مسۆگەر بكات، بە تایبەت سلێمانی كە هەنگاو بۆ قۆناغێكی گەورە دەنێت، ئەویش ئەندامبوونە لە رێڕەوی یەك پشتێن و یەك رێگەی چین و بوون بە دەستەخوشكی شاری ئییوو لە چین.

پەیوەندیی چین و هەرێمی كوردستان بناغەی پەیوەندیی نێوان كورد و چین لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال داڕێژرا، كاتێك ساڵی 1955 سەردانی چینی كرد و سەركردەكانی ئەو وڵاتەی بینی، دواتر لە ساڵی 2007دا سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق بانگهێشتی چین دەكرێت، هێندەی دیکە پەیوەندییەكان لەسەر دەستی ئەو قووڵ دەبنەوە.

 دوای ئەوەی باڵیۆز د. محەمەد سابیر لە ساڵی 2004دا دەبێتە باڵیۆزی عیراق لە چین، ئەم دیپلۆماتكارە كوردە رۆڵی گەورەی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و چین، لەگەڵ كردنەوەی كونسوڵخانەی چین لە هەرێمی كوردستان، ئیدی ئەو وڵاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێش دەچێت، تا وای لێ هاتووە ئێستا بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەڵاحەدین و سەنتەری لێكۆڵینەوەی چین لە زانكۆی سلێمانی كراوەتەوە، جیا لەوەش مامۆستایانی زمانی كوردی لە زانكۆی بەیجین زمانی كوردی دەڵێنەوە.

 رێگەی ئاوریشمی كۆن و نوێ بەهۆی هەبوونی رێژەیەكی زۆر لە قوماشی ئاوریشم لە چیندا، چینییەكان تا سەدەی شازدە تاكە واڵتی بەرهەمهێنی ئەو قوماشە بوون، رێگەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی هان و لە تۆڕێك رێگەی وشكانی پێكدەهات، كە تێیدا چینی دەگەیاند بە دەریای ناوەڕاست و بە ئاسیای ناوەڕاستی دەبەستەوە.

دواتر لە ساڵی 2013دا سەرۆكی ئێستای چین شی چین پینگ پرۆژەی یەك پشتێن و یەك رێگەی راگەیاند كە رێگەیەكی بازرگانییە، تێیدا زیاد لە 70 وڵات و 35 ناوچە بەشداریی تێدا دەکەن، ئەم رێڕەوە ئاسیا بە ئەوروپا و ئەفریقاوە گرێ دەدات، ئەم رێگەیەیان لە تۆڕێك رێگەی وشكانی و ئاویی و بۆریی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی پێكدێت.

دەستەخوشكی سلێمانی و ئییوو لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر بانگهێشتی رەسمیی چین، وەفدێكی پارێزگای سلێمانی بە سەرۆكایەتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەندامێتی نوێنەرانی زانكۆی سلێمانی و ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی گەیشتنە چین، بە ئامادەبوونی كامیل ئەحمەد حەمەڕەش عوزێری لێپرسراوی نووسینگەی راوێژكاری و پەیوەندیی كۆمپانیا عیراقییەكان لە شاری ئییوو بەشدارییانكرد لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی پەیوەندیی دۆستایەتیی هاوتایی شارەكان؛ لە نێوان شاری سلێمانی و شاری ئییوو Yiwu، كە بە پایتەختی ئابووریی و پیشەسازیی و بازرگانیی جیهان بۆ بزنسە بچووكەكان ناسراوە، ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە تەنها بواری بازرگانی نەبوو، بەڵكو لایەنی كەلتوری، پەروەردە، كشتوكاڵ، وەرزش، گەشتوگوزار، تەكنۆلۆژیا لە خۆدەگرێت، ئەم دەستە خوشكییە تەنها مەرەكەبی سەر كاغەز نییە، بەڵكو دەتوانێت دەرگایەك بە رووی ئابووری و باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت شاری سلێمانیدا بكاتەوە.

 بۆ چی گرنگە بۆ سلێمانی؟ كاتێك سلێمانی دەبەسترێتەوە بە پرۆژەی یەك پشتێن و یەك رێگە دەتوانرێت گەورەترین بەندەری وشكانی تێیدا دروستبكرێت، كە بە كەمترین نرخ و كەمترین كات كاڵا بازرگانییەكان لێوەی بگەیەنرێتە بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەت بۆ دابەشكردنی ئەو كاڵایانەی چین كە دێنە عیراق و هەرێمی كوردستان.

سلێمانی دەچێتە سەر ئەو رێڕەوە ئاسنینەی چین كە لە تارانەوە دێتە سلێمانی لەوێشەوە بۆ عیراق و سوریا و توركیا تا دەگاتە ئەوروپا، هەر لە رێگەی دەستەخوشكی نێوان شاری سلێمانی و شاری ئییو دەتوانرێت بەرهەمە ناوخۆییەكانی سلێمانی ساخبكرێتەوە، چونكە ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیا و بازرگان و كڕیار روو لە شاری ئییوو دەكەن.

دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی پڕۆپۆزەڵی دروستكردنی ناوچەیەكی پیشەسازییان بۆ پڕۆژە بچووكەكان لە شاری سلێمانی ئاڕاستەی كونسوڵخانەی چین لە هەرێمی كوردستان كرد كە 240 كارگە لەخۆدەگرێت و سێ هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت بۆ دەرچووانی زانكۆكان، كونسوڵخانەی چینیش جەختی لە بەردەوامیی دامەزراندنی كارگەكان كردووەتەوە لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاندانی زیاتری كۆمپانیا چینییەكان تا روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەوبارەیەوە لیو جیون كونسوڵی گشتی كۆماری میللی چین هیوای خواست چین و هەرێمی كوردستان و عیراق قووڵبوونەوەی دۆستایەتی نێوان شارەكانی سلێمانی و ئییوو وەك ئامانجێك وەربگرن و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنە فراوانتر بكەن.

پرۆژەی یەك پشتێن و یەك رێگە، یان وەك هەندێك بە پرۆژەی پشتێن و رێگە ناوی دەبەن، پرۆژەیەكی درێژخایەن و ستراتیژیی چینە، بە شێوەی قۆناغ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و بڕیارە دوا قۆناغی لە 2049 تەواوبێت، ئەم پرۆژەیە بازرگانیی چین دەباتە ئاستێكی زۆر بەرزەوە و بەهۆی پرۆژەكەشەوە ئەو وڵاتانەی دەكەونە سەر رێگەكەی، ئابوورییەكەیان دەبوژێتەوە، هەندێك لە وڵاتانیش لە ئێستاوە پلانیان داڕشتووە بۆ بەشداریی لە پرۆژەكەدا و ژێرخانی بۆ بنیات دەنێن، بۆ نموونە عیراق پرۆژەیەكی ستراتیژیی هەیە بە ناوی رێگەی گەشەپێدان، كە لە فاوەوە دەستپێدەكات تا دەگات بە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.